شنۆ هیرانی: لە دیزاینکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوین ئێرانێکی خاوەن چەکی ئەتۆم جێی نابێتەوە

سلێمانی

لە دیزاینکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوین کە ئەمریکا و ئیسرائیل خاوەنی پرۆژەکەن ئێرانێکی خاوەن چەکی ئەتۆم جێی نابێتەوە و بەمەترسی بۆ سەر ئیسرائیل دەبێنێت، دەشڵێت: ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی لە ڕێگەی فڕۆکەی جەنگیی و مووشەکی کروزەوە بۆسەر ئێران ئەنجامدا و بەهۆیەوە زیاتر لە ١٠ بەرپرسی باڵای ئەمنی و سەربازیی و زانای ئەتۆمی کوژران، لەلایەک بە هۆی ئەوەی عێراق لە ڕووی جوگرافییەوە کەوتووەتە نێوان ئەو دوو وڵاتە و لەلایەکی دیکەشەوە بەهۆی هەژموونی ئێران لەسەر عێراق، وایکردووە کە مەترسییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش زیادببن، لەو بارەیەشەوە شنۆ هیرانی، ڕۆژنامەنووس و چاودێری سلێمانی لە شاری سلێمانی بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

شنۆ هیرانی
شنۆ هیرانی

لە سەرەتای قسەکانیدا شنۆ هیرانی وتی: ئەو گۆڕانکارییانەی لە ناوچەکەدا دەستی پێکردووە سەرەتاکەی دەگەرێتەوە بۆ بەهاری عەرەبی، بەڵام ئێران پریشکی شەڕەکەی لە خۆی دوور خستەوە و لە سووریا وەستاندی، ئەویش لە ڕێگەی ئەو گرووپە چەکدارییانەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گرێدراوی ئێرانن، لە هەمانکاتدا هێرشەکانی ٧ـی ئۆکتۆبەری سەر ئیسرائیل ڕێگەی لە بەردەم ئەنجامدانی شەری ڕاستەوخۆی نێوان ئیسرائیل و ئێران کردەوە، ئەنجامدانی ئەم هێرشانەش دەستپێکی شەڕەکەیە.

هەروەها وتیشی: ئەمریکا و ئیسرائیل لە دیزاینکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوین خاوەنی پرۆژەکەن، ئێرانێکی خاوەن چەکی ئەتۆم جێی نابێتەوە و بە مەترسی بۆ سەر ئیسرئیل دەبیندرێت، ئەنجامدانی دانووستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران ئەنجامێکی تەوتۆی نەبووە تائێستا بۆیە دەست بۆ بژاردەی سەربازیی برا، ئامانجی سەرەکی ئیسرائیل جوڵانی شەقامی ئێرانییە دژ بە دەسەڵات بەڵام بە هۆی نەبوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی بەهێز ئێران ڕێی لە گۆڕانکاری ناوخۆی گرتووە.

لە درێژەی قسەکانیشدا شنۆ هیرانی باسی لە کاریگەرییەکانی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و وتی: لاوازبوونی ئێران لاوازبوونی شیعەیە لە ناوچەکە و باڵا دەستبونی سوونەیە بە ڕابەرایەتی سعودیە، ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت بە تایبەت لە بواری ئابووری و سیاسی، تائێستا عێراق بێلایەنی خۆی نیشانداوە لەم ناکۆکییانەدا هەروەک چۆن لە سووریاش خۆی پاراست لە لایەنگری لایەنێکی دیاریکراو.

سەبارەت بە دانووستانەکانی ئێران و ئەمریکا وتی: ئەگەر دانووستانەکان ئەنجامگیر نەبێت ڕووخانی ڕژێـمی ئێران چەند ڕۆژێکی کەمی ماوە.

ب. جـ

Comments are closed.