ناوەندی هەواڵەکان
زانکۆی بەهەشتی تاران، لەگەڵ ڕاگەیاندنی كوژرانی پێنج پڕۆفیسۆری زانكۆكە لە هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، هەڕەشەی “تۆڵەسەندنەوە” دەكات و دەڵێت، “بەمزوانە وزەی ئەتۆمی ئێران نمایش دەكەین”.
ئەمڕۆ هەینی زانکۆی “شەهید بەهەشتی” لە تارانی پایتەختی ئێران، لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاوی كردەوە، لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کە شوێنە هەستیارەکان و کەسانی پەیوەندیدار بە پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێرانی کردە ئامانج، پێنج لە پرۆفیسۆرەکانی ئەو زانكۆیە لەگەڵ چەند کەسێک لە ئەندامانی بنەماڵەکانیان كوژراون.
ئاماژەی بەوەش كرد، “بە دڵێکی سووتاو و ڕقێکی توند و ئیرادەیەکی پتەوەوە، بەڵێن دەدەین بە ورە و کەرامەت و ئیمانەوە درێژە بە ڕێگای ئەو شەهیدە پلە باڵایانە بدەین؛ قەڵەمەکانیان لەسەر زەوی نامێنێتەوە، بیرکردنەوەکانیان بێدەنگ نابێت و ناوەکانیان لە مێژوودا بۆ ئەبەد دەمێننەوە”.
هەروەها هەڕەشەیان لە ئیسرائیل کرد و ڕایانگەیاند، “تاوانی ڕژێمی زایۆنی بێ وەڵام نابێت و تۆڵەی خوێنی پرۆفیسۆرە شەهیدەکان دەکەینەوە و بەمزوانە هێزی ئەتۆمی ئێران نیشان دەدەین”.
زانکۆی شەهید بەهەشتی، زانکۆیەکی ئێرانییە و تیشک دەخاتە سەر پرۆگرامی دەرچون و توێژینەوە، بەگوێرەی ڕاپۆرتی یەکێتیی ئەوروپا، توێژینەوەی زانستی بەرفراوانی پەیوەست بە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی ئەنجام دەدات و لەلایەن وەزارەتی زانست، توێژینەوە و تەکنەلۆجیای ئێرانەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
زانکۆکە توێژینەوەی لەسەر جیاکردنەوەی یۆرانیۆم لە ئاوی پیس ئەنجامداوە. زۆرێک لەو پرۆفیسۆرانەی لەوێ کاردەکەن پەیوەندییان بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانەوە هەیە، بەهۆی پەیوەندی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران .
ب.گ
Comments are closed.