سوودانی: ئەوەی بەرامبەر ئێران کراوە کارێکی دوژمنکارانەیە

ناوەندی هەواڵەکان

محەمەد شیاع سوودانی، ڕایگەیاند، ئەوەی دژ بە ئێران کراوە پێشێلكارییەكی ڕوونی یاسای نێودەوڵەتییە و كارێكی دوژمنكارانەیە و عێراق بە تەواوەتی ڕەتی دەكاتەوە خاك یان بواری ئاسمانیی وڵاتەكەی بەكاربهێنرێت.

نووسینگەی ڕایگەیاندی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، محەمەد شیاع سوودانی ئەمڕۆ هەینی لەگەڵ ستیڤن ڤاگن، هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد و ژەنەراڵ كیڤن لیهی، فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش كۆبووەتەوە.

سوودانی لەمیانی دیدارەكەدا ڕایگەیاندووە، ئەوەی دژ بە ئێران كراوە پێشێلكارییەكی ڕوونی یاسا نێودەوڵەتییەكانە و كارێكی دوژمنكارانەیە، كە ڕێساكانی سیستەمی نێودەوڵەتیی تێك دەدات.

ئاماژەی بەوەش كرد، هێرشەكە لەكاتێكدایە، كە هێشتا هەوڵە دیپلۆماسییەكان بەردەوامن و ئەوە تەنیا هەوڵەكانی ئارامكردنەوەی دۆخەكە تێك نادات، بەڵكو نیازی بەئەنقەست بۆ ڕاكێشانی ناوچەكە بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەی بەفراوانتر ئاشكرا دەكات، لەبری ئەوەی ڕێگریی لێ بكات.

سوودانی باسی لەوەشكرد، عێراق بەتەواوەتی ڕەتی دەكاتەوە، خاك یان بواری ئاسمانیی وڵاتەكەی بەكاربهێنرێت بۆ جێبەجێكردن یان ئاسانكاریكردن بۆ هەر هێرشێكی دوژمنكارانە دژ بە هەر دەوڵەتێكی دراوسێ.

ب.گ

Comments are closed.