لە سوویسرا و ئەڵمانیا هێرشەکانی دەوڵەتی تورک شەرمەزار کران

ناوەندی هەواڵەکان

لە چەندین شاری سویسرا و ئەڵمانیا، لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەرێمەکانی گەریلا چالاکیی بەڕێوەچوون و زیادبوونی هێرشەکان بۆ سەر تەڤگەری ئازادیی کورد شەرمەرزار کران.

دەوڵەتی تورک سەرەڕای بانگەوازە مێژووییەکی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکە و ڕاگەیاندنی ئاگر بەست بەردەوامە لە هێرشەکانی، ئەمەش کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە و لەو چوارچێوەیەشدا لە هەریەکە لە شارەکانی بێلێنزۆنا و زیوریخی سویسرا و شاری بیلفێلدی ئەڵمانیا چالاکیی بەڕێوەچوون.

لە دوای ڕاگەیاندراوەکەی هەپەگە سەبارەت بە بەردەوامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک، دوێنێ لە شەش ناوەندی سوویسرا چالاکیی بەڕێوەچوو، ئەمڕۆش لە شاری بێلێنزۆنا و زیوریخ چالاکییەکان بەردەوام بوون.

لە بەیاننامەکەدا لە چالاکییەکەی شاری بێلێنزۆنادا ئاماژە بەوە کرا، سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەلایەن پەکەکەوە، دەوڵەتی تورک هێرشەکانی زیاتر کردووە و وەڵامی بانگەوازی چارەسەری نەداوەتەوە.

هەروەها بەهەمان مەبەست لە شاری زیوریخ چالاکییەک بەڕێوەچوو، تێیدا محەمەد عەلی ڕوزگار نوێنەری ناوەندی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کورد، لە چالاکییەکەدا قسەی کرد و ڕایگەیاند: سەرەڕای پابەندبوونی پەکەکە بە پرۆسەی ئاشتی، بەڵام دەوڵەتی تورک پێداگرە لەسەر بەردەوامی شەڕ، ئەم هێرشە نە تەنها دژی گەریلایە، بەڵکو دژی مرۆڤایەتیە، بەکارهێنانی چەکی کیمیایی هێرشێکە دژی یاسای شەڕ و مافەکانی مرۆڤ، بێدەنگی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لەسەر ئەم پرسە هاوکاریی و تاوانە.

هەروەها لە بەیاننامەی یەژەکە- سویسرادا هەر لە چالاکییەکەدا ئاماژە بەوەکرا: گەریلاکانی ئازادیی هەڵوێستی ئاشتی خۆیان دەپارێزن و مافی بەرگریکردن لە خۆیان بەکاردەهێنن، لە کۆتایی بەیاننامەکەدا دژی هێرشەکان بانگەوازی بۆ بەرفراونکردنی بەرخۆدان کرا.

هەر لەو چوارچێوەیەشدا لە شاری بیلفێلدی ئەڵمانیا بە گردبوونەوەیەک هێرشەکانی سوپای تورک، کە بەم دواییە زیاتر بوون لەسەر گۆڕەپانەکانی گەریلا شەرمەزار کران.

چالاکوانان لە بەردەم وێستگەی شەمەندەفەری ناوەندی گردبوونەوە، بە بەرزکردنەوەی ئاڵا و وێنەی شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاری ناڕازیبوونی خۆیان لە دژی زیادبوونی هێرشەکانی سوپای تورک بۆسەر گەریلاكانی ئازادی دەربڕی.

لە سەرەتای چالاکییەکەدا لەسەر ناوی ناڤ-یەک، سۆسین کارتاڵ قسەیکرد و ئاماژەی بەوەکرد، دەوڵەت لە کاتێکدا باسی پرۆسەی خوشک- برایەتی دەکەن، پێویستە هەنگاوی بۆ بنێین. بەردەوامی ئەم هێرشانە جێگەی قبوڵ کردنمان نییە و کۆتای بەم فاشیزمە بهێنن. خواستی کورد ژیانێکی ئازادانەیە.”

دواتر حەسەن ئۆزدەن لەسەرناوی ناوەندی کۆمەڵگەی کوردی دیموکراتیکی بیلفێلد وتەی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند: ئامانجی ئەم هێرشانە تێکدانی پرۆسەی چارەسەری ئاشتیانەیە، کە دەستپێشخەرییەکەی ٢٧ـی شوباتی ڕێبەر ئاپۆ پێی نایە قۆناغێکی کاریگەرەوە پێویستە ئەم هێرشانە کۆتای پێبێت، دەبێت گەلانی تورک و کورد پێکەوە ئاشتی بونیاد بنێن.

لە دوای تەواوبوونی وتەکان، گردبوونەوەکە قسەکان بە بەشداربوون لە فێستیڤاڵی ژیانی زیلان کۆتای هات.

ب. ق

Comments are closed.