چاودێرێکی سیاسی: عێراق سەروەریی نییە

بەغداد

چاودێرێکی سیاسی ڕایگەیاند، هێرشەکەی ئیسرائیل بۆسەر ئێران چاوەڕوانکراو بوو، لەلایەن خۆیەوە ئەمریکاش بە ڕاگەیاندنی شکستی دانووستانەکان پێش ڕووداوەکە کەوت، دەشڵێت: عێراق سەروەری نییە.

هادی جلو مورعی، چاودێری سیاسی لەبارەی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران هەروەها وەڵامەكانی ئێران بەمجۆرە بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز دەدوێت.

هادی جلو مورعی ڕایگەیاند: هێرشەکەی ئیسرائیل بۆسەر ئێران چاوەڕوانکراو بوو، لەلایەن خۆیەوە ئەمریکاش بە ڕاگەیاندنی شکستی دانووستانەکان پێش ڕووداوەکە کەوت.

دەشڵێت: ئەمریکا لە پێناوی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی لە ناوچەکەدا، نەیدەویست هێرش بکرێتە سەر ئێران.

وتیشی: ئەمریکا بەو هەڵوێستە ڕۆڵی دەستپێشخەری بۆ ئیسرائیل بەجێهێشت، ئەوەش لەپێناو کۆنترۆڵکردنی ئاڵۆزییەکان بەبێ دەستوەردانی ڕاستەوخۆی خۆیان.

ئەوەشی خستەڕوو: ئەوروپی و ئەمریکییەکان ویستیان جەنگەکە لە چوارچێوەی ناکۆکییەکی ئێران-ئیسرائیل بێت، بۆئەوەی لە کۆنترۆڵ دەرنەچێت، هەربۆیە سەرکۆنەی هێرشەکەیان کرد و داوای دانبەخۆداگرتنیان لە هەردوو لایەن کرد.

ئاماژەی بەوەشكرد: ئەمریکا و ئەوروپییەکان چاودێری پەرچەکرداری ئێرانیان دەکرد، ئایا هێندە بەهێزە، کە پێویست بکات ئەوان دەستوەردان بکەن؟ یاخود پەرچەکردارێكی سنووردار دەبێت و لە کۆنترۆڵ دەرناچێت.

هادی جلومورعی ڕایگەیاند: ئەم هێرشی ئیسرائیل و ئێران بۆسەر یەكدی دەرخەری ئەو ڕاستییەبوو، کە هیچ یەکێک لە وڵاتانی سووریا، عێراق و ئوردن، تەنانەت وڵاتانی کەنداویش خاوەنی سەروەری خۆیان نین.

لە كۆتاییدا وتی: لەسەر ئەو بنەمایەی، کە عێراق ناتوانێت ئاسمانی خۆی کۆنترۆڵ بکات، فڕۆکە ئیسرائیلییەکان لە ڕۆژئاوای فورات بە نزمی فڕیون و ئەوەش هەژموونی ئەوان بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا پیشان دەدات.

هاوکات، بەرەبەیانی دوێنێ ئیسرائیل لە ڕێگەی دەیان مووشەك و فڕۆکەی جەنگییەوە هێرشی كردە سەر ئێران، پێگە سەربازی و ئەتۆمییەکانی لە سەرتاسەری ئێران کردە ئامانج، لە ئەنجامدا زیاد لە ١٠ بەرپرسی باڵای ئەمنی و سەربازیی و زانای ئەتۆمی ئەو وڵاتە كوژران.

جێگای ئاماژەیە، لە وەڵامی هێرشەكانی ئیسرائیل سوپای پاسداران ئۆپەراسیۆنی “بەڵێنی ڕاستی٣”ـیان راگەیاند و لە ڕێگەی شەش زنجیرە هێرشی مووشەکی دەیان شوێنیان لە ئیسرائیل کردە ئامانج.

ئ.م

Comments are closed.