ناوەندی هەواڵەکان
دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچەكانی ئێران بە دەیان ژن و منداڵ بوونە قوربانی و لەو چوارچێوەیەشدا، ٣٢٠ هاوڵاتیی مەدەنی برینداربوون، كە زۆرینەیان ژن و منداڵن، هەروەها ژنە مامۆستایەكی ئێرانیش لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کرا.
ماڵپەری ڕۆکنا لەبارەی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران بەمجۆرە زانیاری خستەڕوو.
لە هەواڵەکەدا هاتووە، ڕۆژی ڕابردوو لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر شاری تارانی پایتەختی ئێران ژنێکی گەنجی شاعیر و مامۆستای زمانی ئینگلیزی بە ناوی پەرنیا عەباسی تەمەن ٢٤ ساڵ لەگەڵ سێ لە ئەندامی خێزانەکەی، كە بریتین لە (دایک، باوک و برا) کوژران.

ئاماژە بەوەشکراوە، هەر لەو هێرشەدا دوو کچی پزیشك مەسعوود شەمس بەخش جێگری وەزیری زانست لە تاران بوونە قوربانی، کە یەکێکیان ناوی”زەهرا شەمس بەخشە” کوژراوە و ئەوی دیكەیان بریندار بووە.

هاوكات، ئەمیر سەعید ئیروانی باڵیۆز و نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە میانی کۆبوونەوەی بە پەلەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: بەهۆی هێرشەكەی ئیسرائیل بۆسەر وڵاتەكەمان ٧٨ کەس کوژراون و ٣٢٠ هاوڵاتیی مەدەنی دیكەش برینداربوون، كە زۆرینەیان ژن و منداڵن.
هەروەها، بەپێی ماڵپەری هەڵمەتی بەرگری لە زیندانیانی سیاسیی و مەدەنی، هەر ڕۆژی ڕابردوو مامۆستایەکی خانەنشین بە ناوی مەعسوومە شەهنەوازی خەڵکی شارۆچکەی سەبزەواری سەر بە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بە بێ فەرمانی دادوەر دەستگیر کرا و تا ئێستا چارەنووسی نادیارە.
جێگای ئاماژەیە، بەرەبەیانی دوێنێ ئیسرائیل لە ڕێگەی دەیان مووشەك و فڕۆکەی جەنگییەوە هێرشی كردە سەر ئێران، پێگە سەربازی و ئەتۆمییەکانی لە سەرتاسەری ئێران کردە ئامانج، لە ئەنجامدا زیاد لە ١٠ بەرپرسی باڵای ئەمنی و سەربازیی و زانای ئەتۆمی ئەو وڵاتە كوژران.
سـ.خـ
Comments are closed.