قاسم ئەعرەجی: عێراق خۆی بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادە دەکات

ناوەندی هەواڵەکان

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کرد، کە بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی دۆخی ناوچەكە بەڕێوەچوو، تێیدا ئەعرەجی ڕایگەیاند: عێراق خۆی بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادە دەکات.

نووسینگەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی قاسم ئەعرەجی و ژمارەیەك فەرماندەی سەربازی عێراق بەمجۆرە زانیاری دەخاتەڕوو.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە ڕەوشی هەنووکەیی ناوچەکە و تێیدامەترسی ڕووداوەکانی ئەم دواییە تاوتوێ کران.

ئەوەش خراوەتەڕوو، لە كۆبوونەوەكەدا باس لە ئامادەکاریی پێویست کرا بۆ هەر ئەگەرێک، کە ببێتە هۆی مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی عێراق.

ئاماژە بەوەشكراوە، لە كۆبوونەوەكەدا باس لە پلانسازی پێشوەختەش کراوە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی پێشهاتی چاوەڕواننەکراو، بەتایبەتی لە چوارچێوەی پشێوییەکانی نێوان وڵاتانی ئێران و ئیسرائیل.

لە كۆتاییدا هاتووە، قاسم ئەعرەجی لە كۆبونەوەكەدا باسی لەوەكردووە، عێراق خۆی بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادە دەکات.

هاوکات، بەرەبەیانی دوێنێ ئیسرائیل لە ڕێگەی دەیان مووشەك و فڕۆکەی جەنگییەوە هێرشی كردە سەر ئێران، پێگە سەربازی و ئەتۆمییەکانی لە سەرتاسەری ئێران کردە ئامانج، لە ئەنجامدا زیاد لە ١٠ بەرپرسی باڵای ئەمنی و سەربازیی و زانای ئەتۆمی ئەو وڵاتە كوژران.

جێگای ئاماژەیە، لە وەڵامی هێرشەكانی ئیسرائیل سوپای پاسداران ئۆپەراسیۆنی “بەڵێنی ڕاستی٣”ـیان راگەیاند و لە ڕێگەی شەش زنجیرە هێرشی مووشەکی دەیان شوێنیان لە ئیسرائیل کردە ئامانج.

ئ.م

Comments are closed.