دەم پارتی لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتیدا سەردانی پارتە کوردییەکان دەکات

ناوەندی هەواڵەکان

تونجەر باقرخان لە ئامەد سەردانییەکانی بۆلای پارتە کوردییەکان دەستپێکرد و ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی پرۆسەکەدا لەگەڵ پارتە سیاسییەکان کۆدەبینەوە و سەرنج و تێبینیی پارتە سیاسییەکان کۆدەکەینەوە و ڕێبەر ئۆجالان داوای لێکردین لە نزیکەوە گرنگی بدەین بە سەرنجی پارتە کوردییەکان.

تونجەر باقرخان، هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لە چوارچێوەی پرۆسەی چارەسەرییدا لە ئامەد سەردانی پارتە کوردییەکانی کرد.

باقرخان لە سەرەتای سەردانەکانیدا، بە ئامادەبوونی هاووتەبێژانی دەستپێشخەری یەکێتی دیموکراتیک، محەمەد کۆجاک و گولجان کاچماز ساگیت و بەرپرسیاری کۆمسیۆنی پەیوەندییەکانی پارتە سیاسییەکان و جێگری هاوسەرۆکانی گشتی ئۆلزەم گوندوز سەردانی پارتی مرۆڤ و ئازادیی (پیا)ـی کرد.

دواتریش باقرخان ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی پرۆسەکەدا لەگەڵ پارتە سیاسییەکان کۆدەبینەوە و سەرنج و تێبینیی پارتە سیاسییەکان کۆدەکەینەوە، هەرخۆی بەڕێز ئۆجالان بە تایبەت سەرنجی خستووەتە سەرئەوەی بە گرنگییەوە لە سەرنجی کۆی پارتە سیاسییەکان دەڕوانێت و داوای لێکردین لە نزیکەوە گرنگی بدەین بە سەرنجی پارتە کوردییەکان، لە سەردانەکانی دیکەماندا داوایکرد لەسەر بنەمای ئەم کۆبوونەوەیانە ئاگاداری بکەینەوە، بۆیە ئەم کۆبوونەوە و سەردانیانەمان دەستپێکردووە.

دواتر ئەحمەد کایایەی هاوسەرۆکی پیا قسەیکرد، جەختی لە پشتیوانی پارتەکەی بۆ پرۆسەکە کردەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا باقرخان وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەوانی دایەوە و پەیوەست بە خواستی ڕێبەر ئاپۆ بۆ چاوپێکەوتنی لەگەڵ سەرکردە کوردییەکانی وەک مەسعود بارزانی، بافڵ تاڵەبانی و مەزڵووم عەبدی قسەیکرد و ڕایگەیاند، یەکێتی نەتەوەیی کورد گرنگییەکی زۆری هەیە بەلای ڕێبەر ئاپۆوە، باسی سەرکردەیەکی سیاسی دەکەین کە لە ساڵانی ١٩٩٠ـەوە چەندین جار بانگەوازی بۆ یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتیکی کورد کردووە و بۆ ئەم بەمەستەش داوای کۆنگرەی نەتەوەیی کردووە.

هەروەها وتیشی: هیوادارم لە داهاتوودا بەڕێز ئۆجالان لە درێژەی پرۆسەکەدا بۆچوونی خۆی لەگەڵ سەرکردە کوردییەکاندا بگۆڕێتەوە و پێشنیارەکانیان وەرگرێت، بەراستی ئەمە گرنگ و بنەڕەتییە بۆ پێشکەوتنی پرۆسەکە، وەک دەم پارتی لەوباوەڕەداین ئەم چاوپێکەوتنانە هاوکارییەکی مەزنی پرۆسەکە دەکات و پێویستە ئەنجام بدرێت.

دواتر کۆبوونەوەکە دوور لە ڕاگەیاندنەکان بەردەوام بوو، لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ پارتی پیا، باقرخان و شاندەکەی سەردانی کۆمەڵەی چاندی دیموکراتیکی شۆڕشگێڕ (دەدەکەدە)ـی کرد.

ب. ق

Comments are closed.