ناوەندی هەواڵەکان
نووسەر و سیاسەتمەداری کورد عەلی کەریمی دەڵێت: هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران چاوەڕوانکراو بوو، ئێستا گەل بڕیار لەسەر چارەنووسی ئێران دەدات، ئاخۆ دەستەڵاتدارانی ئێران بمێننەوە یان لەناوبچن، دەشڵێت: دەبێت لایەنە کوردییەکان لەو بەشەی کوردستان دۆزێک درووست بکەن و چاوی جیهان بەلای خۆیاندا ڕابکێشن.
سەبارەت بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران کە لە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینییەوە بەشێوەی ڕاستەوخۆ بە بەکارهێنانی سەدان فڕۆکە و مووشەک بۆسەر یەکتر دەستی پێ کردووە، هەروەها کاریگەرییەکانی لەسەر ناوچەکە و گەلی کورد، عەلی کەریمی، نووسەر و سیاسەتمەداری کورد بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.
سەبارەت بە دەستپێکردنی هێرشەکان و کاریگەرییەکانی لە ناوخۆی ئێران عەلی کەریمی وتی: هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران چاوەڕوانکراوبوو و هەڕەشەکان هەر هەبوون، ئەم ڕێگەخۆشکەرەش دوای ئەوە هات کە ئیسرائیل سەرەتا هێرشی کردەسەر هەموو هێزەکانی سەربە ئێران لە سووریا، لوبنان و فەلەستین، ئەمەش هێرشێکی چارەنووسسازە بۆ ئێران، پێشم وایە گەلانی ئێران شادی دەگڕێن و ئێستا گەل چارەنووسی ئێران دیاریی دەکات و بڕیار دەدات کە دەستەڵاتدارانی ئێران دەمێننەوە یان لەناودەچن، جگە لەوەش ئەمریکا و ئیسرائیل هیچیان پێ ناکرێت.
عەلی کەریمی پێی وایە، هاوشێوەی ساڵی ١٩٩١ـی ڕاپەڕێنی باشووری کوردستان لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێویستە دۆزێک دروستبکەن و دەڵێت: ئەمەی کە ڕوودەدات دەرفەتێکی گەورەیە بۆ کورد، پێویستە کورد لەو بەشەی کوردستان دۆزێک بۆ خۆی دروستبکات و چاوی میدیای جیهانی بەرەو لای خۆی ڕابکێشێت.
هەروەها سەرنجی خستەسەر کاریگەرییەکانی ئەو شەڕە لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان، عەلی کەریمی وتی: بێگوومان لەبەر ئەوەی ئاگری ئەم هێرشانە پریشکی زۆرە ئەوا کاریگەریی لەسەر عێراقیش هەیە، چونکە یەکێک لەو لایەنانەی کە ئیسرائیل و ئەمریکا حەزی پێناکەن و نایانەوێت حەشدی شەعبییە، بۆیە سەرکردەکانی کورد لە بەغدا دەبێت زۆر وریابن، باشتر وایە سەرکردەکانی کورد لە عێراق بێدەنگی هەڵبژێرن و لەبەر ئێران هەموو شتێکی خۆیان لەدەست نەدەن.
ب. جـ
Comments are closed.