ناوەندی هەواڵەکان
توێژەر و پسپۆڕێکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان هۆشداری دەدات لەوەی، هێرشەکانی ئێران و ئیسرائیل دەچنە دووەم ڕۆژیانەوە، دەتوانین بڵێین ڕووبەڕووی جەنگ دەبینەوە نەک ئۆپەراسیۆنی سەربازیی، کە پێدەچێت بۆ ماوەیەکی درێژتر بەردەوام بێت و ببێتە ئامڕازێک بۆ دووبارە کێشانەوەی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دابەشکردنەوەی.

عەبیر ئەلحەیالی توێژەر و پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لەبارەی هێرشە بەردەوامەکانی ئێران و ئیسرائیل بۆ سەر یەکتر و مەترسی و کاریگەرییەکانی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست و بەتایبەتی عێراق، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.
ئەلحەیالی وتی: دوای چوونە ناو دووەم ڕۆژی هێرشە چڕ و دوولایەنەکان و لەسەر بنەمای ئاستی وێرانکاری هێرشەکان، دەتوانین بڵێین ڕووبەڕووی جەنگ بووینەتەوە نەک ئۆپەراسیۆنی سەربازیی، هەروەها لە لێدوانە دژبەیەک و توندەکانیان دەردەکەوێت، کە ئەگەری زۆرە ئەم شەڕە بۆ ماوەیەکی درێژتر بەردەوام بێت.
ڕوونیشی کردەوە کە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەڕوونی ئاماژە بەوە دەکات، کە ئامانجی سیاسیی و سەربازیی لە پشتە، کە دیارترینیان بریتین لەمانە:
١- بۆ لە ناوبردنی سەکۆی مووشەکی بالستیکی ئێران، بەتایبەتی لە پاش ئەوەی کە ئێران توانیویەتی جۆرە مووشەکێک بەکار بهێنێت، کە دەتوانێت لە ماوەی ١١ خولەکدا بگاتە قوڵایی ئیسرائیل، ئەمەش وادەکات ئیسرائیل قوڵتر بچێتە ناو ئەم جەنگەوە.
٢- کەمکردنەوەی بەکارهێنانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و فڕۆکەی جەنگی کە ئاسمانی ئیسرائیلیان تەنیوە، لەگەڵ لەناوبردنی دەزگا هەواڵگری و ئۆپەراسیۆنییەکانی ئێران.
٣- ئیسرائیل لە پاش لاوازکردن و لێدان لە هەموو گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران، هیواخوازە و هەوڵ بۆ ئەوە دەدات کە ڕژێمی ئێستای ئێران بگۆڕێت.
هەروەها سەبارەت بە ئەنجامەکانی هێرشەکان وتی: “ئەنجامەکانی ئەم جەنگە ڕەنگە دیارترینیان تێوەگلانی وڵاتانی بەهێز و کاریگەر بێت لە هەردوولا، وەک ڕووسیا و هەندێک لە وڵاتانی کەنداو، هەروەها دەستوەردان و هەوڵی هێورکردنەوەی لەلایەن هەندێک وڵاتەوە، بۆ ڕازیکردنی ئێران بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆی ئەتۆمیی و بەدەستهێنانی هەندێک دەستکەوت. لە بەرامبەردا ڕازیکردنی ئیسرائیل بەوەی کە بەردەوامی ئەم جەنگە، کاریگەری نەرێنی لەسەر دەرەوە و ناوخۆیی دەبێت و کاولکارییەکانی زۆر گەورەترن لە دەستکەوتەکانی.”
ب.گ
Comments are closed.