ئیسرائیل زنجیرەیەك هێرشی نوێی کردە سەر ئێران

ناوەندی هەواڵەکان

ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی نوێی کردە سەر ناوچەكانی هورمزگان، کرماشان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و دەنگی تەقینەوە لە تارانی پایتەخت بیستراوە، هەروەها سیستەمی بەرگری ئاسمانیی ئێران چالاک کراوە و لە بەندەر عەباسیش، ڕێگری لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان كراوە.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێران (تەسنیم) ئەمشەو ڕایگەیاند، سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئێران لە چەند ناوچەیەکی ئەو وڵاتە چالاككراون و ڕێگری لە هێرشەكانی ئیسرائیل دەكەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئێران ڕێگریان لە هێرشی ئیسرائیل لە تاران، هورمزگان، کرماشان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا كردووە.

هەروەها بڵاویان کردەوە، کە بەرگری ئاسمانیی لە بنکەی تەورێز، ژمارەیەك فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان خستووەتەخوارەوە، هەروەها دەنگی تەقینەوە لە تارانی پایتەختیش بیستراوە و سیستەمی بەرگری ئاسمانی چالاک کراوە.

لایخۆیەوە ئاژانسی هەواڵی فارس بڵاوی كردەوە، بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئێران دەستیان کردوە بە ڕێگریکردن لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانە بچووکەکان لە شاری بەندەر عەباس لە باشووری ئەو وڵاتە.

هەروەها میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردەوە کە هێزی ئاسمانیی دەستی کردووە بە زنجیرەیەكی نوێی هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر ئێران.

ب.گ

Comments are closed.