چۆن هۆشداریی و پێشبینییەکانى ڕێبەر ئاپۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاتنە دی؟

ناوەندی هەواڵەکان

جەنگێکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە نێوان ئیسرائیل و ئێراندا دەستیپێکردووە، جەنگەکە سەرەتای گۆڕانکارییە لە نەخشەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، ئەمە ئەو شتە بوو کە پێشتر ڕێبەر ئاپۆ باسیکردووە.

داڕشتنەوەی نەخشەى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ڕێبەر ئاپۆ لە بەرگریینامەکانیدا ئاماژە بەوەدەکات کە هەر ١٠٠ ساڵ جارێک، دەوڵەتانی هەژموونگەرانی جیهان نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاسست دادەڕێژنەوە. ئەگەر کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەناویاندا پرسی کورد چارەسەر نەکرێن، ئەوا نەخشەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەستکاری دەکرێتەوە، لە پەیامەکانى ئەم دواییانەشدا ئەوەى وت داڕشتنەوەى ئەمجارەى نەخشەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە ئێرانەوە دەست پێدەکات.

کێشەکان چارەسەر نەکران و فراوانخوازی دەوڵەتى ئێران و تورکیا لە ناوچەکە و هەوڵەکانیان بۆ لەناوبردنی کورد زیاتر کرد، ئێستا چارەسەرییەکان درەنگ کەوتوون و لە گرێژنە دەرچوون، بۆیە دەستکاریکردنى نەخشەکە دەستیپێکردوە و هیچ ڕێگایەک لەبەردەم ئەو دوو دەوڵەتەدا نەماوە ئەگەر بەخێرایی لە پرسەکانى مافی مرۆڤ و دیموکراتیزەکردنى وڵاتەکانیان هەنگاوی خێرا نەنێن.

ئێستا ١٠٠ ساڵ تێپەڕێوە بەسەر ڕێککەوتنى سایکس بیکۆ و جارێکی دیکە وڵاتانى زلهێز دەیانەوێت گۆڕانکاری لە نەخشەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا بکەن، ئێران و تورکیا چەندین ساڵە لە ڕووی سەربازی و سیاسی و ئابوورییەوە دەیانەێ ببنە باڵا دەست لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست.

ئێران لە لوبنان و یەمەن و عێراق و فەلەستین دەستی بە فراوانخوازی سیاسی و سەربازی و ئاینى کرد، دەوڵەتى تورکیش لە سووریا و عێراق و لیبیا فراوانخوازی و داگیرکاری دەستپێکرد، بەڵام ئەمە بۆ زلهێزەکان بە تایبەت ئەمریکا و ئیسرائیل قبوڵکراو نەبوو، بۆ ڕاگرتنی ئەم دوو دەوڵەتە و بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی لە ناوچەکەدا ئیسرائیل دەستى بە جوڵە سەربازییەکانى کردووە، ڕووداوەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست پێچەوانەى ئەو ویست و فراوانخوازییانەی ئێران و تورکیا بوون، بۆیە ئێستا ئەو دوو دەوڵەتە کەوتوونەتە بەرلێشاوی گۆڕانکارییە سیاسی و سەربازییەکان.

سەرەتای گۆڕانکارییەکە

یەکەم جوڵەى ئیسرائیل لە دوای هێرشەکەی ٧ـی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ـی حەماسەوە بوو کاتێک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، لێرەوە ئیسرائیل دەستی بە پیلانەکە کرد و تاڕادەیەک کۆتایی بە حەماس هێناوە، لە لوبنان حزبوڵای لە پەل و پۆ خست و لە یەمەنیش حووسییەکان هەناسەیەکیان تێدا ماوە، لە عێراقیش ملیشیاکان کپ و خامۆشکراون، لە سووریاش هیچ پێگەیەکی بۆ ئێران نەهێشتەوە و بەتەواوەتى بوونى نەماوە.

ڕۆژی هەینی ڕابردوو ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ناوچە ستراتیژییەکانی ئێران و بەپێی ئامارەکان ٣٣٠ کەس بریندار بووە و نزیکەى ٨٠ کەس کوژراون لەناویاندا ژمارەیەک بەرپرسی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی هەن، بەپێی وتەى بەرپرسانى باڵای هەردوو وڵات جەنگەکە ماویەتى و درێژە دەکێشێت.

ئێستا مەترسییەکە لەبەردەم دەرگای تورکیایە، لە پیلانی ستراتیژی ئیسرائیلدا هیچ پاشەکشەیەک لە کۆتاییهێنان بەو فراوانخوازییەى دەوڵەتى تورک نییە، دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە دەڵێت: بێگومان داوای ئێران تورکیا ئامانجی کۆتایی ئیسرائیلە.

ئەمە ئەو مەترسییە بوو کە ڕێبەر ئاپۆ هۆشداری لە بارەوە دەدات و لە پەیامەکانى ئەم ماوەیەشدا ڕێبەر ئاپۆ هەمان مەترسی دووبارە کردووەتەوە کە ئەگەر ئەو دوو دەوڵەتە گۆڕانکاری لە دیموکراتیزەکردنی وڵاتەکانیان نەکەن، داهاتوویان لە مەترسیدایە و بەر گۆڕانکارییەکانى ناوچەکە دەکەون.

کۆتایی هەژموونی ئێران و تورکیا

ئەمریکا و ئیسرائیل نەیانشاردووەتەوە کە نایانەوێت تورکیا و ئێران لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەهێز بن، بۆیە چەندین ساڵە پیلانی هەواڵگیری دادەنێن، بۆ ئەوەى کۆتایی بەو فراوانخوازەى ئەو دوو دەوڵەتە بهێنن، ئێستا شەڕێکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەستیپێکردووە کە بەرەو جەنگی جیهانی سێیەم هەنگاو دەنێت، شەڕەکەش ئابووری و سەربازییە.

کورد و گۆڕانکارییەکان

عێراق کە دراوسێی ئەو شەڕ و گۆڕانکارییانەیە دەبێتە مەیدانی ئەو گۆڕانکارییە چونکە بەشێکە لەو هاوکێشەیەی کە ئێران و تورکیا چەندین ساڵە بەڕێوەی دەبەن، بەمەش مەترسییەکان دێنە بەردەم دەرگای هەرێمی کوردستان، بۆیە سەرجەم هێز و لایەنەکانى کورد لە چوار بەشی کوردستان دەبێت پیلانێکی یەکگرتووی و یەکێتی نەتەوەیی دروست بکەن

ڕێبەر ئاپۆ لە پەیامەکانیدا دەڵێت: مەترسی لەسەر کوردان هەیە، بۆیە ئەگەر کورد یەکگرتوو بن ١٠٠ ساڵی داهاتوو سەدەى کوردانە دەبێت، بەڵام ئەگەر کورد یەکگرتوو نەبن و پارچە پارچە بن، ناتوانێت هیچ دەستکەوتێک بەدەستبهێنێت و هەمیشە بەکاردەهێندرێت.

لەسەر بنەمای ئەو مەترسییە ڕێبەر ئاپۆ داوای بینینی هەریەکە لە مەسعود بارزانی، بافڵ تاڵەبانی و مەزڵووم عەبدی، نێچێرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی کردووە، ئامانجی ڕێبەر ئاپۆ لە داواکردنى دیدارە بۆ گفتوگۆکردنە لەسەر دەرفەتەکان لە بەردەم گەلی کورد و ئەو مەترسییانەن کە لە پێشن.

هـ.ح

Comments are closed.