لە ئەڵمانیا و نەمسا هێرشەکانی دەوڵەتی تورک شەرمەزارکران

ناوەندی هەواڵەکان

لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بە چەکی کیمایی بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، لە ئەڵمانیا و نەمسا چالاکیی بەڕێوەچوون و بەردەوامی هێرشەکان شەرمەزار کران.

لە بەردەوامی چالاکیی و ناڕەزایەتییەکاندا لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر گەریلاكانی ئازادیی كوردستان، لە هەریەکە لە شارەکانی فرایبۆرگی ئەڵمانیا و لە ڤییەنای پایتەختی نەمسا چالاکیی جەماوەریی بەڕێوەچوون.

چالاکوانان لە فرایبۆرگی ئەڵمانیا لەسەر بانگەوازی کۆنسەی ژنانی کورد- کەجەدەکە-ئە کۆبوونەوە و گردبوونەوەیەکیان بۆ شەرمەزارکردنی هێرشەکان ئەنجامدا و لە چالاکییەکەدا ڕایانگەیاند، سەرەڕای بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ لە ٢٧ـی شووبات، دەوڵەتی تورک شەڕ قووڵتر دەکاتەوە.

هەروەها لە بەردەوامیشدا ئاماژە بەوەکرا، لە شەڕ و ئاشتییشدا، گەلی کورد هەر ڕێبەر ئاپۆ و تێکۆشانی گەریلا بە بنەما دەگرێت.

بە هەمانشێوە لە ڤییەنای پایتەختی نەمسا، بە پێشەنگایەتی دەم ‌کورد و بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە چالاکوانان ڕێپێوان بەڕێوەچوو.

لە چالاکییەکەدا نورجان گولەریوز لەسەر ناوی ئەنجوومەنی ژنانی ئاڤێستا قسەی کرد و ڕایگەیاند، ئەم هێرشانە تەنها دژی گەریلاکانی ئازادیی نییە، بەڵکو تاوانە دژی هەموو مرۆڤایەتی.

وتیشی: دەوڵەتی تورک چەمکی شەڕی تایبەت بۆ نەهێشتنی هیوای چارەسەر و ئاشتی جێبەجێ دەکات، بەکارهێنانی چەکی کیمایی تاوانی جەنگە و هێرشی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر پرۆسەی ئاشتی، بانگەواز لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەکەین دژی ئەم تاوانانەی جەنگ، دەنگ هەڵبڕن.

لە دوای وتەکان چالاکییەکە بە وتنەوەی درووشم کۆتایی هات.

ب. ق

Comments are closed.