ناوەندی هەواڵەکان
ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە دیدگاکانیدا کە بۆ کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکە ناردی، لە حەوت خاڵدا هەڵسەنگاندن بۆ مێژوو تا ڕۆژی ئەمڕۆمان دەکات، لە خاڵی سێیەمدا بە ناونیشانی “دوالیزیمی دەوڵەت و کۆمۆن لە کۆمەڵگەی مێژووییدا” ڕێبەر ئاپۆ بە بەرفراوانی و ئاماژە بە گرنگی کۆمۆن، کۆمۆن-کۆمیناڵبوون لە کۆمەڵگەی دەستپێکدا دەکات و کۆمەڵێک بابەتی گرنگ پەیوەندیدار بە کۆمۆنەوە باس دەکات.
لەم دۆسییەیەدا هەوڵدەدەین ڕاڤەی کۆمۆن و شێوازەکانی لە کۆنفیدرالیزیمی دیموکراتیکدا بکەین.
کۆمۆن چییە؟
کۆمۆن چەمکێکە کە بۆ نیشاندانی کۆمیتە یان گرووپێکی کارە. ئەمەش دەتوانێت ببێتە واتای کۆمەڵایەتی، ڕێکخستنی خۆیی-خۆبەڕێوەبەریی، لەو لایەنە سیاسییە کوردییانەی بەتایبەت لە دەوری ئایدۆلۆژیا و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە کۆبوونەتەوە کۆمۆن خاوەن ڕۆڵێکی گرنگە، هەروەها کۆمۆن یەکێک لە بنەماکانی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتییە.
هەر گوند، گەڕەک و ناوچەیەک دەتوانێت کۆمۆنی خۆی درووستبکات، لەناو کۆمۆنەکەدا گەل بە خۆبەڕێوەبەریی خۆی کار و خەبات و پیلانەکانی جێبەجێ دەکات، کۆمۆن دەتوانێت گفتوگۆ لەسەر بابەتەکانی، پەروەردە، ئابووری، بەرهەمەکانی ژنان، ئیکۆلۆژی بکات و چارەسەری کێشەکانی بکات.
ئەم کەلتوور و نەریتە هەمیشە بووەتە میراتێک و ڕێبازی تێکۆشانی ژیانی کۆمیناڵ و خۆبەڕێوەبردن بۆ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، بێگومانیش تەڤگەری ئازادیی کوردستانیش بە فۆرمێکی نوێ کۆمەڵگەی کوردی ئەم کەلتوورە مێژووییەی هەم پاراست و هەمیش گەیاندنی بە قۆناغێكی گرنگ، کە ئەویش سیستەمی کۆنفیدڕالیزمی دیموکراتیکە، کە ڕێبەر ئاپۆ لە ساڵی ٢٠٠٥ لە زیندانی ئیمرالی پێشکەشی هەموو گەلانی کرد.
کۆنفیدڕالیزمی دیموکراتیک
دوای سەردەمی سۆمەرییەکان، سیستەمی زیگورات کە هێلێنی بنەڕەتی سەرمایەدارییە پێشخرا و بۆ کۆنتڕۆڵکردن و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە بەکاردەهێندرا. ئەو دەسەڵاتانەی کە خودایان لە زەوییەوە بردە ئاسمان بە سیستەمی تاکگەرایی هەژموونی خۆیان بەسەر کۆمەڵگەدا سەپاند، بەڵام کۆنفیدڕالیزمی دیموکراتیک پێچەوانەی ئەم سیستەمەیە، لەبری ئەوەی سیستەمێک کە بڕیار لەسەر بنەمای تاک بەسەر گرووپ/کۆمەڵگەدا بدرێت، بە پێچەوانەوە بڕیار لەسەر بنەمای کۆمەڵگە بەرامبەر بە تاک دەدرێت، لە سیستەمی کۆنفیدڕالیزمی دیموکراتیکدا هەموو هێزێک لە دەستی گەلدایە، گەل خۆی گفتوگۆ دەکات، کەس بە ناوی گەلەوە قسە ناکات و بڕیار لەسەر کێشە و ژیانی گەل نادات، بەڵکو گەل خۆی بڕیار دەدات، بۆ ئەوەی ئەو بڕیارانە جێبەجێش بکرێن ئەوا گەل خۆبەڕێوەدەبات و دیسانیشەوە لێپرسینەوە لە خۆی دەکات.
سیستەمی کۆنفیدڕالیزمی دیموکراتیک سیستەمێکی فرە ئەنجوومەنییە، سیستەمی دەوڵەتی بە گشتیی لە چەند ئەنجوومەنێکی کەم پێکدێت و دیموکراتییەکەشی دیموکراتییەکی شکڵییە، ئەمەش لەوەدا بۆمان دووپاتدەبێتەوە کە میکانیزمێکی تێدا نییە کە گەل بە هەموو شێوەیەک بتوانێت نوێنەرایەتی خۆی تێدا بکات و بڕیار بگرێت، لە سیستەمی دەوڵەت-نەتەوەدا ئەنجوومەن تەنها جێیەکە کە هەموو بڕیارەکانی بێ ئامادەبوونی گەل تێدا دەدرێت، بەڵام لە کۆنفیدڕالیزمی دیموکراتیکدا لە ژمارەیەکی بێشوومار ئەنجوومەن پێکدێت، بە واتایەکی دیکە گەل لە کوێ بێت ئەوا دەبێت لەو شوێنە ئەنجوومەن هەبێت، دەبێت گەل گفتوگۆی خۆی بکات و بڕیاری خۆی بگرێت و پێکیبهێنێت.
کۆنفیدڕالیزمی دیموکراتیک لەسەر بنەمای دیموکراتیکی ڕاستەوخۆ دامەزراوە، لە خوارەوە بۆ سەرەوە، لە هەموو شوێنێک گفتوگۆ، بڕیار و کردار هی گەلە، تێگەشتنێکی هەڵە هەیە و کە خوارەوە و سەرەوە هەمیشە وەک پلەبەندییەک مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، هەروەها بەڕێوەبەرییش وەکو پلەبەندییەک مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، ڕێبەر ئاپۆ لەو بارەیەوە دەڵێت: “دەوڵەت بەرێوەبەریی ناکات، بەشێوەکەی شکڵییە؛ بەڵکو کۆمەڵگە بەڕێوەبەریی دەکات.” وشەی ‘بەڕێوەبەریی’ تا کۆتایی وشەیەکی گەلەرییە و دەبێت بەڕێوەبەرییش هەبێت، لە کۆمەڵگەی سرووشتیدا ژن-دایک ئەرکی بەڕێوەبەریی هەبوو، شێوازی بەڕێوەبەرییەکەی پاوانخوازانە و پلەبەندی نەبوو، بەڕێوەبەرییەک بوو کە لەسەر بنەمای دیموکراتیک دامەزرابوو.
کۆمین چۆن کار دەکات؟
سیستەمی کۆمین وەک هەر بەڕێوەبەرییەک لە کۆنفیدڕالیزمی دیموکراتیکدا هەیە، لە کۆمیندا هەموو کەسێک دەتوانێت بەشداربێت و دوو هاوسەرۆکی (ژنێک و پیاوێک) هەیە، لە هەر کۆمینێکدا کۆمیتەی هەیە وەک” کاروباری ژنان، کاروباری گەنجان، پەروەردە، ئابووری، ئاسایش، تەندروستی… هتد، کاروباری کۆمینەکانیش بە کۆبوونەوە و گەیاندنی زانیارییەکان گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت و هەڵدەسەنگێندرێت.
“دوالیزمی دەوڵەت و کۆمۆن لە کۆمەڵگەی مێژووییدا”
ڕێبەر ئاپۆ لە دیدگاکانیدا کە بۆ ١٢ـیەمین کۆنگرەی پەکەکە ناردبووی، لە خاڵی سێیەمی دیدگاکەیدا بە ناونیشانی “دوالیزمی دەوڵەت و کۆمۆن لە کۆمەڵگەی مێژووییدا” ڕێبەر ئاپۆ بە بەرفراوانی و ئاماژە بە گرنگی کۆمۆن، کۆمۆن-کۆمیناڵبوون لە کۆمەڵگەی دەستپێکدا دەکات و کۆمەڵێک بابەتی گرنگ پەیوەندیدار بە کۆمۆنەوە باس دەکات.
ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت: “دەبێت لە ماتریالیزم و مێژوودا لە جێی شەڕی چینایەتی “کۆمۆن” دابنرێت. بێگومان ئەمە تەنها نزیکایەتییەکی ڕاست نییە، بۆ ئەوەی بتوانین دەربازی سۆسیالیزم ببین، چالاکی و فکری ئازاد لە زانستی کۆمەڵناسییدا تەندروستترین ڕێگاکانە. پێناسەی ماتریالیزمی مێژوویی و سۆسیالیزم نابێت لەسەر چینایەتی بێت، لە جێی ئەوە پێویستە ماتریالیزمی مێژوویی و سۆسیالیزم خۆی بسپێرێت بە دوالیزمی دەوڵەت و کۆمۆن، من ئەم نزیکایەتییە بە ڕاستتر دەبینم. یانی مێژوو لەسەر شەڕی چینایەتی بونیادنانرێت؛ ناکۆکی و پێکدادانی نێوان دەوڵەت و کۆموون شێوە دەدەن بە مێژوو. بەهۆی ئەمەوە تیۆری چینی سۆسیالیمی بنیاتنراو ڕووخا، پێویست بە ڕەخنەکردنیش نییە. بەڵام هۆکارێکی بنەڕەتی ڕووخاندنی سۆسیالیزمی بنیاتنراو ئەمەیە. باشە لێرەدا واتا دوالیزمی دەوڵەت و کۆمۆن چییە؟ ئەمە چەسپاندنێكی زۆر بەنرخە. ڕەنگە لایەنێکی ئەمە زانراو بێت، بەڵام هێشتا بە سیستەم نەکراوە. لێرەدا من ئەم فکرە بە سیستەم دەکەم، فکرێکی سیستەماتیک پێش دەخەم. دەمەوێت ماتریالیزمی مێژوویی لەسەر بنەمای دوالیزمی ئەم دوو چەمکە بونیاد بنێم. وا بیر دەکەمەوە کە خۆمان بگەیەنین بە ئەنجامێكی زۆر بە بەها. ئەمەش دەسپێرم بەئەمە: لە بنەڕەتدا کۆمەڵگە ڕووداوێکی کۆمیناڵە. لەسەرەوە پێناسەی کڵانم کرد. ئەمە کۆمەڵگە بوونە. کۆمەڵگە بوون لە کۆمۆنەوە سەرچاوە دەگرێت. کڵان کۆمۆنێکی سەرەتاییە. ئێستا بە لەسەر وشەی “کۆمۆن” بووەستین؛ چونکە دەبێت لەسەر کۆمەڵگەبوون قسە بکەین، دیسان هێندەی ئێمە دەیزانین دەبێت لە گۆڕەپانی میزۆپۆتامیا لەسەر پێشکەوتنە کەلتووری، دەرکەوتنی کۆمەڵگەی سۆمەرییەکان ڕابووەستین؛ یانی دەبێت پێشکەوتنی دەوڵەت، شار، موڵکییەت و چینییەکان بکەینە ڕۆژەڤی خۆمان، پێویستە سەرەتا لەسەر دەوڵەت و کۆمۆن بووەستین. باشە کۆمەڵگە بوون لە کوێیاندایە؟ کۆمەڵگە بنەمای ئەم کارەیە. چونکە ٤٠٠٠ ساڵ پێش زاینی فۆرمی کۆمەڵایەتی کڵان بوو. ئێمەش پێی دەڵێین قەبیلە یان عەشیرەت. عەشیرەتیش لە یەکێتی کۆمۆن پێکدێت. قەبیلە کۆمۆنێکە. هێشتا خانەوادە پێشنەکەوتووە. لە بنەڕەتدا مانای خانەوادە و قەبیلە لێک جیانین. یەک واتان. نە قەبیلە و نە خانەوادەش بەوشێوەیە لەیەک جیانەبوون. بەپێشکەوتنی نیۆلۆتیک پێشکەوتنێکی گرنگ ڕوودەدات. پێشکەوتنی قەبیلە زیاتر گرێدراوە بە نیۆلەتیکەوە. پێش نیۆلەتیک قەبیلە بوونی نەبوو و کڵان هەیە. لە کوردیدا “گرووپ” هەیە. ئێمە بەمشێوەیە باشتر دەتوانین لە کۆمۆن تێبگەین. یانی کۆمۆن بە واتای “گرووپ” و “کۆبوونەوە” دێت. هێشتا ئەم وشەیە بەکاردەهێنین. ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە زمانی ئاریەنییش لەمەوە سەرچاوەی گرتووە. بەلایەنی کەمەوە مێژووەکەی ١٠ هەزار ساڵە. بۆیە ئاشکرایە کە زمانی ئاریەنی لە دەوروبەری ئەم کۆمۆنە دروستبووە. لە کوریدا وشەی “گرووپ” ئەم ڕاستییە نیشان دەدات. داڕشتن و زیادکردنی وشەکان ئەم ڕاستییە نیشان دەدەن. “کۆماگەنە”ـش وەک ناوی دەوڵەتێک خۆی نیشان دەدات. لێرەدا دەبینین کە دەوڵەت سەرۆک قەبیلە پێش دەخات. ئەندامەکانی قەبیلەش کۆمۆن پێش دەخەن. لە بنەڕەتییشدا ئەوە ڕاستییەکەیە. زۆری ئاسانە. من بەدواداچوونێکی زۆریشم نەکرد، مارکس بەمانە دەڵێت بەدواداچوونی زانستی، ئەمانە چیرۆکن. پێشکەوتنێکی لەو شێوەیەیە لە چینی کرێکاراندا نییە. تێگەشتن لەو بابەتە ئەستەم نییە. ئەوەی کە باڵادەستی خۆی لەسەر قەبیلە ئاوادەکات دەبێتە دەوڵەت، ئەندامەکانیشی دەبن بە گرووپێک، دواتر ئەمە وەک خانەوادە بەردەوام دەبێت. ئەوانەی سەرەوە دەبنە دەوڵەت، خانەدانی پێشدەکەوێت. ئەوانەی لە خوارەوەشن دەبنە ژێردەست. گەر دەوڵەت دروست ببێت ئەوا قەبیلە ژێردەستەکانیش دروستدەبن. جیاوازییەکان بەوشێوەیە دەستپێدەکەن. من ئەوەی کە مارکسیزم سەبارەت بە پرۆلیتاریا وتوویەتی زۆر بە ڕاست نازانم. ڕاستە، پەیوەستە بە شۆڕشی پیشەسازی، چینی کرێکاری، بورژوازییەوە هەیە، بەڵام ئەمە پەیوەندیی بە پێشکەوتنێکی ٥٠٠٠ ساڵەوە هەیە. بورژوازیی، پرۆلیتاریا-چینی کرێکار لە بابلییەکانیشدا هەیە، لە سۆمەرییەکان و ئاشوورییەکانیشدا هەیە. لە ئەسینا و ڕۆماشدا هەیە. دواتر دەربازی ڕۆژئاوای ئەورووپا دەبێت. ئەمە ئەورووپای داهێناوە. هەندێکیان فراوانتریان کردووەتەوە، هەندێکیانیش کردوویانە بە سیستەمێکی هەژموونی. بەناوی سەرمایەداری لەناوبەر و هەژموونی پێشدەکەوێت. ئەم هەژموونییە بە هەموو جیهاندا بڵاو دەبێتەوە. ئەم پێشکەوتنە لە کۆمەڵگەی سۆمەرەوە سەرچاوەدەگرێت، یانی سەرچاوەکەی سۆمەرە. ئەمە چیرۆکی دەوڵەتدارییە، دەوڵەت وەک دەوڵەتی کۆیلایەتی، دەوڵەتی دەرەبەگ و دەوڵەتی سەرمایەداریی جیا دەکرێنەوە. نابێت بەمشێوەیە شرۆڤە بکرێت، لێرەدا ئەوەی گرنگە کۆمۆنە. لەم مێژووەدا کۆمۆن لە کوێیە؟ مارکسیش بەهۆی کۆمۆنی پاریسەوە زۆر هەڤاڵی خۆی لەدەستدا. باس لەوە دەکرێت ١٧ هەزار ئەندامی کۆمۆن دەکوژرێن. لەسەر ئەم لەدەستدانانە هەڵسەنگاندنێکی هەیە بە ناونیشانی “کۆمۆنی پاریس” دەستبەرداری سەرمایەداریی دەبێت. لەبەر ئەوەی پێشبینییەکانی گورزی گەورەیان بەرکەوتبوو. لە ڕوانگەی منەوە مارکس لە ناخەوە توشی شکاندن بووە. بۆیە ڕوودەکاتە کۆمۆن و کاری لەسەر دەکات. لێرەدا زۆر بانگەشەی چینایەتی ناکات، زیاتر چەمکی کۆمۆن بەکاردێنێت. کرۆپۆتکین ڕەخنەی لینین دەکات، دەڵێت “سۆڤییەتەکان مەرووخێنە”. لە بنەڕەتدا سۆڤیەت و کۆمۆن هەمان واتان. بەڵام لینین بە پرۆگرامی سیاسەتی نوێی ئابووری (NEP) ڕوو لە دەوڵەت دەکات. ستالینیش ئەم کێشەیە قوڵتر دەکاتەوە. لە کاتەکانی دوایدا چەمکی دیکتاتۆریش لەلای مارکس سارد دەبێتەوە، نایەوێت بەکاریبهێنێت. ڕوو دەکاتە چەمکی کۆمۆن. دەوڵەت و کۆمۆنیش لەیەکدی جیا دەکاتەوە، بەڵام ئەم جیاکردنەوەیە زۆر بەرفراوان ناکاتەوە. لە ئەنجامدا دەتوانین بڵێین کە ماتریالیزمی مێژوویی خۆی دەسپێرێتە شەڕی چینایەتی، لەسەر بنەمای دوالیزمی کۆمۆن و دەوڵەت شکڵ دەگرێت، هەموو مێژوو بەمشێوەیە جوڵاوەتەوە. بەتایبەت مێژووی نووسراو. بە سۆمەرییەکان بنەمای خۆی دروستکردووە، ئێستا لە ڕۆژئاوادا لە ئاستێکی هەرە بەرزدایە. ئێستا شارەوانی بە مانای کۆمۆنە. بەڵام بێ ناوەڕۆک کراوە. ئێستا دەوڵەت قەیووم لەسەر شارەوانییەکانمان دادەنێت. کەسیش ناڵێت تۆ بۆ وا دەکەیت. ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە بێناوەڕۆک کراوە. ڕووداوی تاڤشانتەپە پەیوەندیدارە بە قەبیلەوە. کەلتووری دەستدرێژیکردنەوە سەر ئەو منداڵە بچووکە وەک کۆمەڵکوژییەک بوو. ڕووداوێکی سیمبولییە بەڵام زۆر گرنگە. ئەمە هێمای کەلتوورێکە. “مۆڵا گۆران”ـیش خانەوادەیەکی مەلایە. بەشداری فەتحکردنی ئەستەبوڵ بوون. خانەوادەی گۆرانیش لە خانەوادەیەکی لەو شێوەیەوە دێت. بارودۆخی خەماویی خانەوادەی مۆڵاش لەبەرچاوە. بۆیە چەمکی کۆمیناڵی لە سەردەمی نوێدا دەبێتە دەست و پێی سۆسیالیزمی ئازادیی. ئێمە لە چواردەوری ئەم بابەتە گفتوگۆ لەسەر سەردەمی نوێ دەکەین و بەرجەستەی دەکەین.
چەمکی کۆمەڵگەی ئەخلاقی و سیاسی، لەهەمان کاتدا دەبێتە هەڵسەنگاندنی کۆمۆن. کۆمۆن بە چەمکی کۆمەڵگەی ئەخلاقی و سیاسیی ڕووبەڕووی دەوڵەت دەبێتەوە. زمانی سەردەمی نوێی ئاشتیش بە سیاسیی دەبێت. ئێمە ئازادیی کۆمۆن بپارێزین. بۆخۆی ئەو ناوەی لەسەرە؛ ئێمە زمانی دەوڵەتپارێزی دەست لێبەردەین. دەست لە ئەو چەمکانە هەڵدەگرین کە گرێدراوی دەوڵەت نەتەوەن. چەمکی ئەخلاق و سیاسەت بۆ کۆمۆن بە بنەما بگرین. ئێمە بەمەمان وت کۆمەڵگەی ئەخلاقی و سیاسیی. ئێستا حقوقێک هەیە، یاسای شارەوانی هەیە، دەبێت ئەم یاسایە گەشەی پێبدرێت. پێیویستە ئەمە لە یاسادا هەبێت، ئێمە گۆڕانکارییەکی لەوشێوەیەمان بوێت. شەرت و ڕێبازێکمان هەبێت. گەر بەشێوەیەکی زانستی بیهێنینە سەر زمان، ئەوا دەتوانین پێی بڵێین ئازادیی کۆمۆن. ئێمە ببینە کۆمینالیست، لە جێی چینایەتی ئێمە جێی کۆمۆن بکەینەوە. شارەوانییەکانیش هێشتا کۆمۆنن، لەلای ئێمەش گرووپ هەیە. مەگەر لەلای ئێمە سیاسەت و ئەخلاق نییە؟ بێگومان هەیە. هەر بۆ خۆی کۆمۆن بە ئەخلاق زیاتر بەڕێوەدەچێت وەک لە یاسا. لەلایەکی دیکەوە کۆمۆن دیموکراسیشە. سیاسەتی دیموکراتیک بێ سیاسەت نابێت. چونکە سیاسەت بە سیاسەتی دیموکراتیک دەکرێت. کۆمۆن ناوە. ئەخلاق، سیاسەت و تایبەتمەندییە. کۆمۆن ئەخلاق و سیاسەتە. یەک ناوە، یەک تایبەتمەندییە. ئێمەش پێی دەڵێین ڕادیکاڵترین پێداچوونەوەی مارکسیزم. ئێمە لە جێی چەمکی چینایەتی مارکسیزم چەمکی کۆمۆن بەکاربهێنین. ڕەخنەکانی کرۆپۆتکین لە لینین ڕاستبوو، ڕەخنەی باکونین لەسەر مارکس ڕاستە. ڕەخنەکانی باکونین کەمن، لاوازییان هەیە، بەڵام ڕاستن. لەم بابەتەدا بەدڵنیاییەوە ڕاوەستە و ڕەخنە لەسەر مارکسیزم دەکرێت. گەر مارکس لە باکونین تێبگەشتایە، لینینیش لە کرۆپۆتکین تێبگەشتایە. ئەوا بەدڵنیاییەوە چارەنووسی سۆسیالیزم بەمشێوەیە نەدەبوو. بەهۆی ئەوەی کە نەیانتوانی ئەم سەنتێزە پێشبخەن بۆیە سۆسیالیزمی بنیاتنراو پەرەی سەند.”
ب. جـ
Comments are closed.