وسام زەهرونی
شارەزایەكی ئەمنی ڕایگەیاند: شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران، زۆرترین كاریگەری لەسەر عێراق دەبێت، هەروەها ئەگەری بەشداریكردنی گرووپە چەكدارەكانیش لەم شەڕەدا بە دوور نازانم، هەروەها ئەگەر ئەم شەڕە بەردەوام بێت ئەوا كاریگەری لە سەر تەواوی جیهان دەبێت.

عەدنان كنانی شارەزای ئەمنی سەبارەت بە شەڕ و ئاڵۆزییەكانی نێوان ئێران و ئیسرائیل و كاریگەرییە نەرێنییەكانی لە سەر جیهان و بە تایبەتی عێراق، بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز دەدوێت.
عەدنان كنانی ڕایگەیاند: ئەگەر شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل بەردەوام بێت، ئەوا كاریگەرییەكەی بۆ هەموو جیهان درێژ دەبێتەوە نەك تەنها عێراق، بە دڵنیاییەوە شەڕەكە زۆرترین كاریگەری لەسەر عێراق دەبێت، چونكە وڵاتانی دیكە خاوەنی میكانیزمی مانەوە و پاراستنی پێكهاتەكانیانن، بە پێچەوانەی عێراقەوە كە هیچی نییە، كۆگاكانی چۆڵن، یەدەگەكانیش لە كۆنتڕۆڵ دەرچوون.
ئاماژەی بەوەشكرد: هیوادارین ئەم شەڕانە، كۆتایی پێبێت، چونكە كاریگەرییەكانیان لەسەر عێراق و ناوچەكە زۆر دەبێت.
وتیشی: گرووپەكانی مەقاوەمە بەشێكن لە پڕۆژەیەك، كە لەسەر بنەمای ئاینی و ئایدیۆلۆژی دامەزراون و ئەركیان پێسپێردراوە و دەبێت بەو پێیە مامەڵە بكەن، بە پشتبەستن بە دۆخی ڕووداوەكان، باوەڕم وایە بەشێك دەبن لە شەڕەكە.
ئەوەش لەكاتێكدایە، ڕۆژی هەینی ڕابردوو بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق لە دوای ئەو هێرشانەی، كە ئیسرائیل لە دژی ئێران دەستی پێكرد داوای لە چەكدارانی كرد، خۆیان ئامادە بكەن بۆ شەڕ، هەروەها داوای لە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد، كە ملكەچ نەبێت لەبەردەم فشارەكانی ئەمریكادا.
هاوكات، بزووتنەوەی نوجەبا، كە گرووپێكی چەكداری عێراقییە داوای لە حكومەتی عێراق كرد، هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق دەربكات، هەر لەو چوارچێوەیەشدا كەتائیبی سەید شوهودا لە عێراق داوایان لە حكومەتی عێراق كرد، دەستبەجێ هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق دەربكات، ئەمەش دوای ئەوەی ڕەخنەیان لە كردنەوەی ئاسمانی بەڕووی فڕۆكەكانی ئیسرائیل بۆ بۆردومانكردنی ئێران گرت.
هـ.ئـ
Comments are closed.