ناوەندی هەواڵەكان
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: ئیسرائیل بە هێرشكردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانمان هێڵە سوورە نێودەوڵەتییەكانی بەزاند، ئێمە بەگوێرەی یاسایی بەرگری لەخۆمان وەڵامی دەستدرێژیی ئەو وڵاتەمان دایەوە، دەشڵێت: لە كاتی وەستانی دەستدرێژی بۆ سەر ئێمە ئەوا هێرشەكانمان بۆسەر ئیسرائیل ڕادەگرین.
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە وەڵامدانەوەی هێرشەكانی ئیسرائیل و كاتی ڕاگرتنی هێرشەكانیان ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.
عەباس عێراقچی ڕایگەیاند: ئیسرائیل بە هێرشكردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانمان هێڵە سوورە نێودەوڵەتییەكانی بەزاند، وەڵامدانەوەی ئێمە بۆ ئیسرائیل بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەكان مافێكی ڕەوایە و هێرشەكانمان بەردەوام دەبن.
ئاماژەی بەوەشكرد: هەر پێشهاتێكی سەربازی لە ناوچەی كەنداو دەتوانێت لە ناوچەكە و جیهان ئاگرێكی بەرفراوان بخاتەوە.
باسی لەوەشكرد: ئێمە بەگوێرەی یاسایی بەرگری كردن لەخۆمان، وەڵامی دەستدرێژیی ئیسرائیلمان دایەوە، ڕاكێشانی شەڕ بۆ ناوچەی كەنداو هەڵەیەكی ستراتیژییە و ئامانجی فراوانكردنی شەڕە بۆ تەواوی ناوچەكە،: ئێمە سەرنجمان لەسەر ئامانجەكانی ناو ئیسرائیل بوو و داوای فراوانكردنی شەڕ ناكەین مەگەر بەسەر ئێمەدا بسەپێنرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، بەرگریمان وەڵامێكە بۆ ئەو دەستدرێژییەی، كە ڕووبەڕوومان بووەوە، كاتێكیش دەستدرێژی دژی ئێمە وەستا، ئێمەش شەڕ دەوستێنین، هەروەها ئەمریكا هاوبەشە لەم هێرشانەدا و دەبێت بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرێت، هێرشەكەی ئیسرائیل بەبێ پاڵپشتی واشنتۆن نەدەكرا ڕووبدات، هەروەها بەڵگەنامەی پشتیوانی هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەمان هەیە، بۆیە ئێمە ئامادە نین بۆ هەر ڕێككەوتنێك، كە مافە ئەتۆمییەكانمان لێ زەوت بكات.
جێگای ئاماژەیە، ماوەی دوو ڕۆژە شەڕ و پێكدادانی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئیسرائیل و ئێران بەردەوامە و چەندین كەس لە هەردوولا كوژراون و برینداربوون.
هـ.ئ
Comments are closed.