ناوەندی هەواڵەکان
پێشێلکردنی مافەکانی ژنان لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە بەردەوامی هەیە، کە بەهۆی سیستەمی پیاوسالاری دەچەوسێندرێنەوە و لەو چوارچێوەیەشدا، لە ئێران ژنێکی چالاکوان دەستگیر کرا و پێنج ژنی دیکەش سزای زیندانییکردنیان بەسەردا سەپێندرا.
ئەمڕۆ ماڵپەری دەنگی دەستگیرکراوەکانی کورد و ئێران لەبارەی دەستگیرکردنی ژنانی چالاکوان و سزادانی ژنانی بەهایی لە ئێران بەمجۆرە زانیارییان خستووەتەڕوو.
لە هەواڵەکەدا هاتووە، ژنێکی زیندانیی سیاسیی پێشوو و چالاکوان بە ناوی موتەهەرە گونەیی لە شاری تارانی پایتەختی ئێران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بە بێ فەرمانی دادوەر دەستگیر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو ژنە چالاکوانە بە هۆی کاردانەوەی سەبارەت بە هیرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستگیر کراوە، کە بەرپرسانی وڵاتەکەی بە هۆکاری تاوانکارییەکان زانیووە.
دەشڵێن، موتەهەرە گونەیی لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاندووە، لە شەوی ڕابردووەوە چەند جارێک لە ژمارەیەکی نەناسراوەوە پەیوەندیم پێوە کراوە.
باس لەوەشکراوە، شەش هاوڵاتیی بەهایی دانیشتووی کەرەجی ئێران بە ناوەکانی نەغمە میرزا ئاقا، مەهین سەعادتمەند، مەهشید سەعیدی، سەمەر مەسعوودی، مۆنا زکایی و ناسر ڕەجەب لە لایەن لقی دووەمی دادگای شۆڕشی شاری ئەلبوورز بە تۆمەتی ” پڕوپاگەندە دژ بە دەوڵەت” هەر یەکێکیان بە ١٠ مانگ زیندانییکردن و دوو ساڵ قەدەغەکردنی هاتوچۆی دەرەوەی وڵات سزا دران.
جێگای ئاماژەیە، بە پێی ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئێران، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا لە ٧٢٪ ـی هاوڵاتیانی بەهایی لە ئێران ڕووبەڕووی پێشێلکردنی مافەکانیان بونەتەوە.
سـ.خـ
Comments are closed.