“پێویستە عێراق بەزاندنی ئاسمانی وڵاتەکەی بە نێودەوڵەتی بکات”

بەغداد

شرۆڤەکارێکی سیاسی ڕایگەیاند: پێشبینی درێژەکێشانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران دەکەم و هەروەها، عێراق بە گەورەترین زەرەرمەندی ئەو جەنگە دەزانم، دەشڵێت: بە پێویستی دەزانم عێراق پرسی بەزاندنی ئاسمانی وڵاتەکەی بە نێودەوڵەتی بکات.

لەبارەی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل و كاریگەرییەكەی لەسەر عێراق عەلی بەیدەر، شرۆڤەکاری سیاسی بەم جۆرە بۆ بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز دەدوێت.

عەلی بەیدەر
عەلی بەیدەر

عێراق عەلی بەیدەر ڕایگەیاند: بەگوێرەی ئەو وتارە توندانەی بەرپرسانی ئیسرائیل دەیدەن ئەگەری درێژەکێشان و پەرەسەندنی جەنگی ئیسرائیل و ئێران زۆرە.

دەشڵێت: من بەدووری دەزانم، کە جەنگەکە لەم قۆناغەدا بوەستێت، چونکە بەگوێرەی وتاری ناتانیاهۆ، هاوکارییەکانی ڕۆژئاوا بۆ ئیسرائیل بێسنوورە، بەو ڕەنگەش ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە پەرەدەستێنن.

وتیشی: عێراق بە گەورەترین زەرەرمەندی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران دەزانم.

ئەوەشی خستەڕوو: بە دووریشی نازانم لە داهاتوودا عێراق لەو جەنگەدا بەکاربهێندرێت، بەتایبەتی بەهۆی بوونی گرووپی چەکداری نزیک لە ئێران.

ڕاشیگەیاند: پێویستە ‌حکومەتی عێراق لە ڕووی دیپلۆماسی و ئەمنیەوە سەروەری خۆی بپارێزێت.

باسی لەوەشكرد: پێویستە ‌حکومەتی عێراق پرسی بەکارهێنانی ئاسمانی وڵاتەکەی لەلایەن هەردوو وڵاتی ئیسرائیل و ئێرانەوە بكاتە بابەتێكی نێودەوڵەتی.

ئاماژەی بەوەشكرد: عێراق ناتوانێت بە تەنها ڕووبەڕووی ئەو ئاڵەنگارییانە ببێتەوە و پێویستە ئەمریکا هاوکاری عێراق بکات لە پاراستنی سەروەری خاکەکەی.

لە کۆتاییشدا وتی: هۆشداری لە ئاڵۆزبوونی ڕەوشەکە دەدەم و بە پێویستی دەزانم عێراق هەنگاوی بەپەلە بنێت بە مەبەستی پاراستنی سەروەری خاكەكەی.

ئ.م

Comments are closed.