سەرۆككۆماری عێراق جەخت لە پێویستی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەكاتەوە

ناوەندی هەواڵەكان

ئەمڕۆ سەرۆكی كۆماری عێراق لەگەڵ سەرۆكی دادگای فیدراڵی كۆبووەوە و جەختی لەسەر پێویستی دۆزینەوەی چارەسەری كۆتایی بۆ كێشەكان و خەرجكردنی مووچەی بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كردەوە.

میدیای فەرمی عێراق سەبارەت بە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی عەبدول لەتیف جەمال ڕەشید سەرۆك كۆماری عێراق و دادوەر جاسم محەمەد عەبود عامیری سەرۆكی  دادگای باڵای فیدراڵی زانیاری نوێی بڵاوكردەوە.

میدیاكە بڵاوی كردەوە، ئەمڕۆ عەبدول لەتیف جەمال ڕەشید سەرۆككۆماری عێراق لەگەڵ دادوەر جاسم محەمەد عەبود عامیری سەرۆكی دادگای فیدراڵی كۆبووەوە، لە كۆبوونەوەكدا، جەخت لەسەر پێویستی دۆزینەوەی چارەسەری كۆتایی بۆ كێشەكان و خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم كرایەوە.

دەشڵێن، هەردوولا لە دیدارەكەدا باسیان لە ڕێگاكانی پاراستنی هەماهەنگی و هاوكاری هاوبەشی نێوان سەرۆكایەتی كۆمار و دادگای فیدراڵی كرد، بۆ بەدیهێنانی یەكگرتوویی نێوان سەرۆكایەتی كۆمار و دادگای فیدراڵی، هەروەها زیادكردنی سەروەری یاسا و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری بۆ چارەسەركردنی هەموو ناكۆكییەكان.

لای خۆیەوە دادوەر جاسم عامیری ڕایگەیاند، دادگای فیدراڵی بەگوێرەی دەستوور و یاسا ئەركەكانی خۆی جێبەجێ دەكات و بەرژەوەندی و مافەكانی خەڵك دەستەبەر دەكات و یەكڕیزی نیشتمانی پتەوتر دەكات، دەبێت قەیرانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەپێی یاسا چارەسەر بكرێت.

باسی لەوەشكرد، پشتیوانیی سەرۆكی كۆمار و بۆ كارەكانی دادگا و ڕێكارە یاساییەكانی بەرز دەنرخێنن.

جێگای ئاماژەیە، لە كۆتایی مانگی ڕابردووەوە وەزیرایی دارایی عێراق بە بیانوی تەواوبوونی پشكی هەرێم و تەوتین نەكردنی مووچەی فەرمانبەران، ڕەتیان كردەوە هیچ بڕە پارەیەك بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێن.

هـ.ئ

Comments are closed.