بەهۆی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل ژمارەیەک ژن بوونە قوربانی

ناوەندی هەواڵەکان

لە کاتی جەنگەکاندا هەمیشە ژنان و منداڵان قوربانی سەرەکین، کە ئەوەش بە پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ دادەنرێت، لەو چوارچێوەیەشدا، لە هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل زیاتر لە ٢٠٠ کەس بوونەتە قوربانی، کە تا ئێستا ناسنامەی چوار ژن ئاشکرا کراوە، كە كوژراون.

دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچەكانی ئێران بە دەیان ژن و منداڵ بوونە قوربانی و لەو چوارچێوەیەشدا، ٣٢٠ هاوڵاتیی مەدەنی برینداربوون، كە زۆرینەیان ژن و منداڵ بوون، هەروەها ژنە مامۆستایەكی ئێرانیش لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کرا.

ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل سەبارەت بە کوژرانی ژنان بە هۆی هیرشەکەی ئێرانەوە بۆ سەر ئیسرائیل بەمجۆرە زانیاریی دەخاتەڕوو.

لە هەواڵەکەدا هاتووە، شەوی ڕابردوو لە هێرشێکی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و شاری تەمرا لە ڕۆژهەڵاتی حەیفا، چوار ژن کوژران و ١٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.

ئاماژە بەوەشکراوە، ژنە کوژراوەکان بریتین لە، مەنار خەتیب و دوو کچەکەی بە ناوەکانی”هەلا تەمەن ٢٠ ساڵ و شەدە تەمەن ١٣ ساڵ” و ژنێکی دیکەش هەر بە ناوی مەنار خەتیب، کە هەمان ناوی هەبووە.

باس لەوەشکراوە، لە ئەنجامی هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئێران بۆسەر ئیسرائیل زیاتر لە ٢٠٠ کەس کوژران و بریندار بوون، کە لە نێو قوربانیاندا ژن و منداڵ هەیە.

ئەوەش لەكاتێكدایە، ڕۆژی ١٣ـی ئەم مانگە ئیسرائیل لە ڕێگەی دەیان مووشەک و فڕۆکەی جەنگییەوە هێرشی كردە سەر ئێران و پێگە سەربازی و ئەتۆمییەکانی لە سەرتاسەری ئێران کردە ئامانج، لە ئەنجامدا زیاد لە ١٠ بەرپرسی باڵای ئەمنی و سەربازیی و زانای ئەتۆمی و ئەو وڵاتە كوژران، بە سەدان هاوڵاتیی مەدەنی بوونە قوربانی کە زۆرینەیان ژن و منداڵن.

جێگای ئاماژەیە، لە وەڵامی هێرشەكانی ئیسرائیل سوپای پاسداران ئۆپەراسیۆنی “بەڵێنی ڕاستی٣”ـیان راگەیاند و لە ڕێگەی زنجیرەیەك هێرشی مووشەکی دەیان شوێنیان لە ئیسرائیل کردە ئامانج.

س.خ

Comments are closed.