ناوەندی هەواڵەکان
ڕادیۆی مۆنتیکارلۆ لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، گرووپە چەکدارەکانی عێراق نزیک لە ئێران بڕیاریانداوە هێرشە ئاسمانییەکان لە ڕێگای درۆنەوە بۆسەر ئیسرائیل دەستپێبکەنەوە، دەشڵێن، حکومەتی عێراق بە وریایی مامەڵە لەگەڵ ئەو گرووپانە دەکات.
ڕادیۆی مۆنتیکارلۆ لەبارەی دەستپێكردنەوەی هێرشی گرووپە چەكدارەكانی عێراق، كە لە ئێرانەوە نزیكن بەمجۆرە زانیاری دەخاتەڕوو.
ڕادیۆی مۆنتیکارلۆ لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، گرووپە چەکدارەکانی عێراق نزیک لە ئێران بڕیاریانداوە هێرشە ئاسمانییەکان لە ڕێگای درۆنەوە بۆسەر ئیسرائیل دەستپێبکەنەوە.
دەشڵێن، چەند گرووپێکی چەکداری عێراقی بە ناوەكانی ‘مقاومەی ئیسلامی عێراقی’ بڕیاریانداوە بۆ پشتیوانیكردن لە ئێران هێرشەکانیان لە ڕێگای درۆنی خۆکوژەوە بۆسەر ئیسرائیل دەستپێبکەنەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، حكومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی بە وریایی مامەڵە لەگەڵ گرووپە چەکدارارەكان دەكات.
باس لەوەشكراوە، بڕیاری دەستپێكردنەوەی هێرشەكان پشت دەبەستێت بە پلانەكانی هادی عامری، كە دوو ئاڕاستە لە خۆدەگرێت، ئەوانیش دەستپێکردنەوەی هێرشی درۆنی بۆسەر ئیسرائیل و پاراستنی ئاگربەست بەرامبەر بنکەکانی سوپای ئەمریکا لە عێراق.
ئەوەش خراوەتەڕوو، پێشتر کۆبوونەوەیەکی سەربازی کراوە لە نێوان سوپای ئەمریکا و سوپای عێراق، کە تێیدا لەسەر ئەوە ڕێکكەوتوون، کە ئەمریکا ڕێگا نەدات ئیسرائیل هیچ بنکەیەکی سەربازی عێراق بە ئامانج بگرێت، هەروەها سوپای ئەمریکا هیچ هاوکارییەک لە خاکی عێراقەوە پێشکەش بە هێزە سەربازییەکانی ئیسرائیل نەکات.
ئەوەش هاتووە، بەگوێرەی لێدوانێکی وەزارەتی بەرگری ئێران هەریەکە لە ئەمریکا، فەڕەنسا و بەریتانیا تاوانبارکراون بە شکاندنی بێلایەنی و هەماهەنگی لەگەڵ سوپای ئیسرائیل لە هێرشەکانیدا بۆسەر ئێران، هەروەها هەرەشەی بە ئامانجگرتنی هەر لایەنێک کراوە، کە هەماهەنگی لەگەڵ سوپای ئیسرائیلدا دەکات.
ئەوەش لەكاتێكدایە، ڕۆژی ١٣ـی ئەم مانگە ئیسرائیل لە ڕێگەی دەیان مووشەک و فڕۆکەی جەنگییەوە هێرشی كردە سەر ئێران و پێگە سەربازی و ئەتۆمییەکانی لە سەرتاسەری ئێران کردە ئامانج، لە ئەنجامدا زیاد لە ١٠ بەرپرسی باڵای ئەمنی و سەربازیی و زانای ئەتۆمی ئەو وڵاتە كوژران.
جێگای ئاماژەیە، لە وەڵامی هێرشەكانی ئیسرائیل سوپای پاسداران ئۆپەراسیۆنی “بەڵێنی ڕاستی٣”ـیان راگەیاند و لە ڕێگەی زنجیرەیەك هێرشی مووشەکی دەیان شوێنیان لە ئیسرائیل کردە ئامانج.
ئ.م
Comments are closed.