ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق و باڵیۆزی دەوڵەتی تورک کۆبوونەوە

ناوەندی هەواڵەکان

لە نووسینگەی تایبەتی خۆی لە شاری بەغداد، ئەمڕۆ قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق پێشوازی لە ئانڵ بۆرائینان، باڵیۆزی دەوڵەتی تورک لە عێراق كرد و لە میانی كۆبوونەوەیان دۆخی ناوچەكە تاوتوێكرا.

نووسینگەی قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لەبارەی كۆبوونەوەیان لەگەڵ ئانڵ بۆرائینان باڵیۆزی دەوڵەتی تورک لە عێراق ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە،  ئەمڕۆ قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق پێشوازیی لە ئانڵ بۆرائینان، باڵیۆزی دەوڵەتی تورک لە عێراق كرد.

ئەوەش خراوەتەڕوو، هەردوولا دەربارەی گۆڕانکاریە هەرێمییەکان و ڕەوشی ناوچەکە بەهۆی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل گفتوگۆیان کردووە.

باس لەوەشكراوە، هەردوولا هاوڕابوون، كە ئەم شەڕە هەوڵێکە بۆ لەباربردنی دانووسانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا دەربارەی پرسی وزەی ئەتۆمی ئێران.

ئەوەش هاتووە، قاسم ئەعرەجی جەختی لەسەر پاراستنی سنووری هاوبەشی عێراق و وڵاتانی دراوسێ کردەوە، هەروەها سەرکۆنەی بەزاندنی سەروەری ئاسمانی عێراقیشی كرد.

ئەوەش لەكاتێكدایە، ڕۆژانە دەوڵەتی تورك بۆردوومانی ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات، بەڵام حكومەتی عێراق و حكومەتی كاربەرێكەری هەرێم لەوبارەوە بێدەنگیان هەڵبژاردووە.

ئ.م

Comments are closed.