ناوەندی هەواڵەكان
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بڵاوی كردەوە، سەروەری عێراق پێشێل دەكرێت، چیتر بێدەنگ نابین لە بەرامبەر پێشێلكردنی ئاسمانی خۆمان و دەستدرێژیكردنە سەر خاكەكانمان، بۆیە داوای دانیشتنێكی بە پەلەی نائاسایی پەرلەمان دەكەم.

موحسین مەندەلاوی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە بەكارهێنانی ئاسمانی عێراق بۆ هێرشكردنە سەر ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، داوای لە سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەكەم، دانیشتنێكی نائاسایی بەپەلە ئەنجام بدات، بە مەبەستی تاوتوێكردنی دۆخی ناوچەكە بەجۆرێك، كە ئیسرائیل لەڕێگەی ئاسمانی عێراقەوە بۆ سەر خاكی ئێران ئەنجام دەدات.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەم كارەی ئیسرائیل پێشێلكردنی سەروەری وڵاتەكەمانە و هەڕەشەی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری وڵاتەكەمان، بۆیە ناتوانرێت ئەم سەرپێچییە مەترسیدارە قبوڵ بكرێت یان چاوپۆشی لێ بكرێت.
باسی لەوەشكردووە، ئەم دۆخە هەڕەشەی ڕاكێشانی عێراق بۆ ناو ململانێ هەرێمییەكان دەكات، كە ئەوەش خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاكانی وڵاتەكەمان ناكات.
دەشڵێت، ئاسایشی نەتەوەییمان لە سەرووی هەموو شتێكەوەیە، هەروەها هاوسۆزی تەواوی كۆماری ئیسلامی ئێرانین لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دەستدرێژییە تاوانكارییەی ئیسرائیل.
لە كۆتاییدا دەڵێت، داوا لە حكومەتی عێراق و وەزارەتەكانی دەرەوە و بەرگری و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەم، بەپەلە هەوڵە دیپلۆماسی و یاساییەكان سەبارەت بە ئەنجامی سكاڵای فەرمی پێشكەش بە ئەنجوومەنی ئاسایش لە دژی ئیسرائیل چڕ بكەنەوە.
جێگای ئاماژەیە، ماوەی دوو ڕۆژە شەڕ و پێكدادانی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئیسرائیل و ئێران بەردەوامە و چەندین كەس لە هەردوولا كوژراون و برینداربوون، بە وتەی چاودێران ئیسرائیل بۆ هێرشكردنە سەر ئێران خاكی عێراقی بەكارهێناوە، ئەمەش ناڕەزایەتی لایەنەكانی عێراقی لێكەوتووەتەوە.
هـ.ئ
Comments are closed.