حزبوڵای عێراق هەڕەشەی هێرشكردنە سەر بنكەكانی ئەمریكا دەكات

ناوەندی هەواڵەكان

سكرتێری گشتیی كەتائیبی حزبوڵای عێراق بڵاوی كردەوە، داوای داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد و دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا دەكەین، هاوكات ئێمە لە نزیكەوە چاودێری جموجۆڵەكانی سوپای ئەمریكا لە ناوچەكەدا دەكەین، ئەگەر دەستوەردان لە شەڕەكەدا بكات، ئێمە ڕاستەوخۆ دژی بەرژەوەندی و بنكەكانی، كە لە سەرانسەری ناوچەكەدا بڵاوبوونەتەوە، مامەڵە دەكەین.

ئەبو حسێن حەمیداوی
ئەبو حسێن حەمیداوی

ئەبو حسێن حەمیداوی، سكرتێری گشتیی كەتائیبی حزبوڵای عێراق سەبارەت بە دەستپێكردنی هێرشەكانیان بۆ سەر بنكە و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە عێراق و ناوچەكە، بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە.

لە بەیاننامەكەدا هاتووە، ئێران بۆ ڕاگرتنی هێرشەكانی ئیسرائیل پێویستی بە پاڵپشتییەكی سەربازیی هیچ كەسێك نییە، خاوەنی ئەو توانایانەیە، كە ناتانیاهۆ شەرمەزار بكات و ستەمەكانی سنووردار بكات، هەروەها ئێران بە بوێری و خۆڕاگرییەوە ڕووبەڕووی دەستدرێژی ئیسرائیل دەبێتەوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئێمە لە نزیكەوە چاودێری جموجۆڵەكانی سوپای ئەمریكا لە ناوچەكەدا دەكەین، ئەگەر ئەمریكا دەستوەردان لە شەڕەكەدا بكات، ئێمە ڕاستەوخۆ دژی بەرژەوەندی و بنكەكانی، كە لە سەرانسەری ناوچەكەدا بڵاوبوونەتەوە، مامەڵە دەكەین.

باس لەوەشكراوە، بە پشتبەستن بە دۆخی ئێستا، ئەركی حكومەتی عێراق و چوارچێوەی هەماهەنگیە دڵسۆزانە بەرپرسیارێتی خۆیان هەڵبگرن و هەڵوێستی بوێرانە بگرنەبەر بۆ ڕێگریكردن لە فراوانبونی شەڕەكە، ئەمەش بە داخستنی باڵیۆزخانە و دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە وڵاتەكەمان دەبێت، چونكە هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی عێراق و سەقامگیری ناوچەكە.

ئەمە لەكاتێكدایە، چاودێران هۆشداری لە پەرەسەندنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران دەدەن، بە تایبەتی بەركەوتنی ئەو وڵاتانە، كە گرووپی چەكداری نزیك لە ئێرانی تێدایە، لەوانە عێراق، لوبنان و یەمەن.

هـ.ئ

Comments are closed.