ڕۆژی یەکەمی کۆنفرانسی ئەنجوومەنی گەنجانی هەدەکە بەڕێوەچوو

ناوەندی هەواڵەکان

ڕۆژی یەکەمی کۆنفرانسی ئەنجوومەنی گەنجانی هەدەکە لە ئیستەنبووڵ کۆتایی هات، ئاماژە کرا بە گرنگیی تێکۆشانی یەکگرتوو و ڕۆڵی گەنجان لە بنیاتنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا.

کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان (هەدەکە) کۆنفرانسێکی دوو ڕۆژەی بە ناونیشانی “گەنج و کۆمەڵگەی دیموکراتیک” لە هۆڵی ناوچەی کاگیتانی ئیستەنبووڵ ئەنجام دا.

ژمارەیەک گەنج بەشداری یەکەم ڕۆژی کۆنفرانسەکە بوون، کۆنفرانسەکە بە پیشاندانی بەڵگەفیلمێک لەسەر بەرخۆدانی کۆبانێ دەستی پێ کرد. پانکارتی “بە ڕێکخستنی جەوهەری، ئایندەیەکی سۆسیالیستی بنیات دەنێین” لە هۆڵەکەدا هەڵواسرا و چەندین جار درووشمی “بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا” بەرزکرایەوە.

دانیشتنی یەکەمی کۆنفرانسەکە بە ناونیشانی “بەرخۆدان بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک” بەڕێوەچوو. نوێنەری ڕێکخراوە جیاوازەکانی گەنجان قسەیان کرد.

ڕۆژهات دەمیردۆکەن (یەکێتیی خوێندکارانی شۆڕشگێڕ): “بۆ چینی کرێکار و زانکۆی دیموکراتیک بەرخۆدان دەکەین”.

یونس ئەمرە ئۆزەل (دەسپێشخەریی خوێندکاران): “ئاشتی تەنها نەبوونی چەک نییە؛ پرۆسەیەکە کە بەشداری کۆمەڵایەتی دەگرێتەخۆ. زانکۆی دیموکراتیک ڕاستەوخۆ گرێدراوە بە تێکۆشانی دیموکراتیکی وڵاتەوە”.

بەیدا جەیلان (گەنجانی ئازادیخواز): “دەبێت سەرهەڵدانی گەنجان ڕێکخراو بکرێت”.

ئۆزگە نیسا ئەکەر (ئەنجوومەنی گەنجانی هەدەکە): “کۆمەڵگەی دیموکراتیک پارادایمێکە کە ڕێبەر ئاپۆ دژی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری پێشنیاری دەکات. ئەم سیستەمە لە ڕۆژئاوا ئەزموون دەکرێت، هەدەکە ڕێکخراوێکی کۆکەرەوەیە کە ئەم سیستەمە دەگەیەنێت بە تورکیا. دڵنیاین تا گەل بەڕێکخستن نەکەین، هیچ کارێک سەرناگرێت. بۆیە هەدەکە ئامانجی ڕێکخستنی هەموو گەلانە”.

لە دانیشتنی دووەمدا، بناغە کۆمەڵایەتییەکانی ئاشتی، ڕۆڵی گەنجان لە گۆڕانکاری و ئاستی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی تێکۆشانی یەکگرتوو، تاوتوێ کرا.

ڕێزان کاگان‌ئەرسەلان (وتەبێژی ئەنجوومەنی گەنجانی دەم پارتی): “گەنجان تەنها لەڕێی بەکۆمەڵایەتی‌بوونەوە دەتوانن هەبوونیان بپارێزن.  ئاشتی درێژخایەن تەنها بە هێزی ڕێکخراوی گەنجان دێتەدی”.

یاگیز کارایەل (پلاتفۆرمی ڕەنج و دادپەروەری): “گەلانی چەوساوە بە تێکۆشانی هاوبەش دەتوانن سەربکەون. دەبێت دژی شەڕی کەلتووری، ئاشتی کۆمەڵایەتی بنیات بنێین”.

ئۆزجان باربەر (چالاکیی خوێندکاران): “دەبێت بە تێکۆشانی هاوبەش، خواستی ئاشتی و ئازادی لە زەمینەیەکی کۆمەڵایەتی بەرفراواندا ڕێکبخەین”.

ڕۆژی یەکەمی کۆنفرانسەکە کۆتایی هات.

ب.گ

Comments are closed.