مەخموور
پەنابەرانی کامپی مەمخوور، لە دژی ڕێگریکردن و دەستگیرکردن و گەمارۆ و توندوتیژی بەرامبەریان، ڕێپێوانێکیان ئەنجامدا و داوایان لە گەلی کورد کرد هەموان بەیەکەوە خاوەندارێتی لە دۆزەکەیان بکەن.
لە ١٠ـی نیسانەوە دەوڵەتی عێراق گەمارۆی بەسەر کامپی مەخموور دا سەپاندووە، هەروەها لە ١٤ـی ئایارەوە سێ ئەندامی شاندی مەخموور لەلایەن سوپای عێراقەوە دەستگیرکراون، هەروەها ڕێگری و توندوتیژی سوپای عێراق لە دژی کامپەکە بەردەوامە، لە دژی ئەمانەش، گەلی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕوستەم جودی (مەخموور) تا بەردەم بینای نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێپێوانیان ئەنجامدا.
ڕێپێوانەکە لەبەردەم بینای کۆمیتەی بنەماڵەی شەهیدانی مەخموور بەئامادەبوونی هاوڵاتییان دەستی پێ کرد، لە ڕێپێوانەکەدا درووشمی “بژی بەرخۆدانی مەخموور”، “بژی سەرۆک ئاپو” و “بەرگری ژیانە” و هەروەها پۆستەری ڕێبەر ئاپۆ و وێنەی سێ ئەندامی شاندی کامپی پەنابەرانی مەخموور کە دەستگیرکرابوون بەرزکرایەوە.
ڕێپێوانەکە لەبەردەم بینای نەتەوە یەکگرتووەکان لە کامپەکە، گۆڕا بە گردبوونەوە و لەوێدا بەیاننامەیەک پێشکەش کرا، بەیاننامەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن لەسەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادیی کوردستان دەستی پێ کرد، فادیلە یەڵماز بەناوی خەڵکی کامپەکەوە ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە.
لە سەرەتای قسەکانیدا تیشکی خستە سەر بەرخۆدانی ٣٠ ساڵەی پەنابەرانی مەخموور و وتی “لە ئەو ڕۆژەوەی کە ئاوارەی عێراق بووین، بایی سەرە دەرزییەک زیانمان بە دەوڵەتی عێراق نەگەیاندووە، بەڵام ئێمە هەمیشە کەوتووینەتە ژێر ستەم و توندوتیژی و چەوساندنەوەی دەوڵەتەوە، ماوەی سێ مانگە گەمارۆمان خراوەتە سەر، کرێکارەکانمان دەستگیرکراون و دەچەوسێنرێنەوە ئەندامانی شاندەکەمان کە چوون بۆ بەغداد بۆ داواکردنی مافەکانمان، لەو ڕۆژەوەی دەستگیرکراون ڕێگەیان بە پارێزەر و خێزانەکانیان نەداوە بچن بۆ بینینیان، ئەوان دەزانن کە ئێمە تا ئێستا هەرگیز ستەممان قبووڵ نەکردووە و لە دژی ئەم ستەمە بووین بە پەنابەر.”
لە کۆتایی قسەکانیدا، داوای لە هەموو مرۆڤایەتی کرد، خاوەندارێتی لە گەلی مەخموور و زیندانییەکانیان بکەن و وتی ” داوا لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و خەڵکی ئازاد دەکەین، کە بە زووترین کات ڕۆڵەکانمان ئازاد بکەن.”
ب.گ
Comments are closed.