ناوەندی هەواڵەکان
ماڵپەری دەنگی دەستگیرکراوەکانی کورد و ئێران بڵاوی كردەوە، دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە سەرکوتکردنی هاوڵاتییان دەستی پێکردووە و لەو چوارچێوەیەشدا، زیندانیانی سیاسیی زیندانی ئەوین خراونەتە ژێر چاودێری توند و ئەوەش نیگەرانی لێکەوتووەتەوە.
ماڵپەری دەنگی دەستگیرکراوەکانی کورد و ئێران سەبارەت بە بارودۆخی زیندانی ئەوین لە تاران بەمجۆرە زانیارییان خستووەتەڕوو.
لە هەواڵەکەدا هاتووە، دوای زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئێسرائیل و ئێران لەلایەن هێزە تایبەتەکانی ئێرانەوە زیندانی ئەوین گەمارۆدراوە بە تایبەت بەشی ٨ـی زیندانەکە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو بەشە زۆرترین زیندانیی سیاسیی تێدایە، کە بە توندی کۆنتڕۆڵ کراوە، هێزە تایبەتەکان دەستیان کردووە بە سنووردارکردنی جموجۆڵی زیندانییەکان و پچڕانی پەیوەندی تەلەفۆنی زیندانییەکان لەگەڵ خێزانەکانیان.
دەشڵێن، ئەو هەنگاوەش نیگەرانی لەلایی كەسوكاری زیندانیكراوان لەبارەی تەندرووستیی و سەلامەتی زیندانیان درووستکردووە.
ئەوەش لەكاتێكدایە، ڕۆژی ١٣ـی ئەم مانگە ئیسرائیل لە ڕێگەی دەیان مووشەک و فڕۆکەی جەنگییەوە هێرشی كردە سەر ئێران و پێگە سەربازیی و ئەتۆمییەکانی لە سەرتاسەری ئێران کردە ئامانج، لە ئەنجامدا نزیکەی بەرپرسی باڵای ئەمنیی و سەربازیی و زانای ئەتۆمی ئەو وڵاتە كوژران.
جێگای ئاماژەیە، لە وەڵامی هێرشەكانی ئیسرائیل سوپای پاسداران ئۆپەراسیۆنی “بەڵێنی ڕاستی٣”ـیان ڕاگەیاند و لە ڕێگەی زنجیرەیەك هێرشی مووشەکی دەیان شوێنیان لە ئیسرائیل کردە ئامانج.
سـ.خـ
Comments are closed.