دەم پارتی: دەبێت ئەرکی سەرەکیمان دامەزراندنی کۆمیسیۆنێک بێت

ناوەندی هەواڵەکان

سەرۆکفراکسیۆنی گرووپی دەم پارتی سەزای تەمەلی سەرنجی خستەسەر بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ و وتی: “پێویستە ئەرکی سەرەکیمان دامەزارندنی کۆمسیۆن بێت لە پەرلەماندا.”

سەرۆکفراکسیۆنی گرووپی پەرلەمانی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) سەزای تەمەلی پەیوەست بە پرسە گەرمەکانەوە لەناو پەرلەمانی تورکیادا وتارێکی پێشکەش کرد.

تەمەلی لە قسەکانییدا سەرنجی خستە سەر شەڕی چوار ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل-ئێران و داوای وەستاندنی شەڕەکەی کرد، تەمەلی جەختی لەوەکردەوە چارەسەر و ڕزگاری هەرێمەکە لەو جەنگەی بەرۆکی گرتووە، تەنها بونیادنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و بەرقەراری ئاشتییەکی بەفروانە.

لە بەردوامییدا تەمەلی سەرنجی خستەسەر ‘بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک’ـی ٢٧ـی شوباتی ڕێبەر ئاپۆ و وتی: “پەیامەکەی بەڕێز ئۆجالان مانیفیستیۆیەکە. ئاشتی لە تورکیادا کاریگەری لەسەر کۆیی هەرێمەکە دەبێت. گەر مژاری کورد بەڕێگەی دیموکراتیکانە چارەسەربکرێت و ئاشتی بونیات بنرێت ئەوا وێڕای بنەبڕکردنی کێشەکانی تورکیا دەبێتە هۆکاری سەقامگیری لە هەرێمەکەییشدا.”

تەمەلی ئاماژەی بەوشدا تاکە ڕێگەی ڕزگاری تورکیا تەنها ئاشتییە و بانگەوازی لە گەلانی تورکیا کرد بۆ بونیاتنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و تێکۆشان بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی.

لەبەردەوامیدا تەمەلی ئاماژەی بە گفتوگۆکان سەبارەت بەچارەسەری پرسی کورد کرد و ڕایگەیاند پێویستە پەرلەمان لەم ڕووەوە ڕۆڵ بگێڕێت. تەمەلی وتی: “بەڕێز ئۆجالان لە ٢٧ـی شوباتدا بانگەوازی کرد و لە ١٢ـی ئایاردا پەکەکە کۆتایی بەهەموو چالاکییەکانی لە ژێر ناوی خۆیەوە هێنا و چالاکی چەکداری کۆتایی پێ هێنا، بەڵام لەوکاتەوە هیچ گۆڕانکارییەک ڕووی نەداوە، بۆ ئەوەی هەنگاو بنرێت، ئێستا کاتی ئەوەیە دەستپێشخەری بکەن و هەنگاو بنێن، نوعمان کورتولموش سەرۆکی پەرلەمانیش ڕایگەیاند کە دەستپێشخەری دەکات. کەواتە دەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، کە لەلایەن زۆربەی لایەنەکانی ناو پەرلەمانەوە بە ئەرێنی دەبینرێت، دەستبەجێ هەنگاو بنێت و کۆمیسیۆنێکی پەرلەمانی پێکبهێنرێت. هەروەها ئەو کۆمیسیۆنەی کە باسی لێدەکریت، ئەرکی سەرەکی ئێمەیە، ئەوەی دەکەوێتە سەرشانمان هەنگاو نانە لەو بارەیەوە.”

تەمەلی ڕایگەیاند کە چارەسەرکردنی پرسی کورد کاریگەری لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دەبێت و هەروەها ڕێگری لە هەوڵەکانی ئیسرائیلیش دەکات. تەمەلی وتی: “دەبێت پەرلەمان هەر لە ئێستاوە هەنگاو بنێت و داوای لە کورتولموش کرد دەستبەجێ کارەکانی لەو بارەوە دەست پێبکات، هەمووان بانگهێشت بکات و کۆمیسیۆنێک پێکبهێنێت.”

تەمەلی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە ئازاد نەکردنی زیندانیانی سیاسی و نەخۆش کرد و وتی: “ئێمە لێرە باسی ئاشتی کۆمەڵایەتی دەکەین، باس لە هەنگاونان دەکەین، بەڵام سەیری کارەکانی ناو زیندانەکان کە دەکەین، بە تایبەت ئیدارەی زیندانەکانی بۆلو و کارابوک، دەبینین ئەشکەنجەدان و پێشێلکردنی مافەکانی زیندانیان لە ئارادایە، بەڕێوەبەرانی ئەو زیندانانە نە گوێ بە وەزیرەکان دەدەن، نە گوێ بە سەرۆککۆمار، ئەوان بە خواستی خۆیان مامەڵە دەکەن.

لە کۆتاییدا تەمەلی وەڵامی پرسیاری پەیامنێرانی دایەوە و ئاماژەی بەوەکرد کە تولای حاتەم ئۆغوللاری و تونجەر باقرخان هاوسەرۆکانی دەم پارتی داوای کۆبوونەوەیان ئارستەی وەزارەتی داد کردووە لەگەڵ ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو سەرۆکی شارەوانی گەورە شاری ئەستەنبوڵ دیدار ئەنجام بدەن و ڕۆژی پێنجشەمە کۆببنەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێک نەدراوەتەوە.

ب.گ

Comments are closed.