باڵەكایەتی
پیسبوون و شێواوی سرووشتی ژینگەی كوێستانەكان، نیگەرانیەكی زۆری لای شاخەوانان درووست كردووە، بۆیە شاخەونان و ژینگەپارێزانی خۆبەخش هەڵمەتێکیان دەست پێ کرد بۆ پاککردنەوەی بناری هەڵگورد.
ژمارەیەك شاخەوانی ناوچە جیاجیاكان، لە بناری چیایی هەڵگورد هەڵمەتێكی ژینگەپارێزییان ئەنجام دا، ڕێژەیەكی زۆری زبڵ و خاشاكی ناو سرووشتی ناوچەكەیان پاك كردەوە، پەیامی ژینگەپارێزیان ڕاگەیاند.
ئەمیر سەلیمی یەكێك لەو شاخەوان و ژینگەپارێزانە دەڵێت: هەركات سەردانی شاخ و ناو سرووشت دەكەین نیگەران دەبین بەبینینی دیمەنی ناشیرینی زبڵ و خاشاكی گەشتیاران و ئەوكەسانەی بۆ گەشت سەردانی ناوچە كوێستانیەكان دەكەن و ژینگە دەشێوێنن.
ئەمیر دەشڵێت: بناری چیایی هەڵگورد و ئەو سرووشتەی خوا بە ئێمەی داوە بەهەشتە، بۆیە لەسەر هەموو كەسێك پێویستە ژینگەپارێزبێت و ڕێز لەو سروشتە جوانە بگرێت و پاشماوەی زبڵ و خاشاك كۆبكەنەوە و بیبەنەوە لەگەڵ خۆیان چونكە بەڕاستی ڕێژەیەكی زۆری پلاستیك و شوشە و قوتو فڕێدراوە، وێڕای پیسبوونی ژینگە، هاوكات دیمەنێكی ناشیرنی درووستكردووە.
نادر ئەحمەد یەكێكی تر لە شاخەوان و ژینگەپارێزان دەڵێت: هەموو كەسێك مافی ئەوەی هەیە بێتە شاخەكان بەڵام بەو مەرجەی ڕێز لە سرووشت و ژینگەی وڵاتەكەی بگرێت و پاشماوە و مادە ترسناكەكان لەناو ژینگە بەجێ نەهێڵێت و ژینگە پیس نەكات، وەك ئەوەی دەیبینین بەداخەوە ژینگەی چیاكانیان پیس كردووەو زبڵ و خاشاكێكی زۆر بەجێماوە ئەوەش بووەتە هۆی ناشیرینكردنی سرووشت و ژینگەی كوردستان.
دەشڵێت: ئێمە لەگەڵ ژمارەیەك شاخەوان و ژینگەپارێز هەستاین بە پاككردنەوەی سرووشت و ژینگەی شاخەكانمان چونكە لەلایەن گەشتیاران و ئەو كەسانەی دێنە ئێرە سروشتەكەیان پیسكردبوو بۆیە ئێمە دەچینە هەر شوێنێك لە پێش هەر كارێك ژینگە دەپارێزین و سروشت پاك دەكەینەوە، ئەوەش یەكێكە لە بنەماكانی شاخەوانی دەبێت ژینگە پارێزبین بەڵام گرنگیشە ئەو كەسانەی دێنە ئەم شاخ و كوێستانانە سروشت و ژینگە پارێزبن.
ب.گ
Comments are closed.