ناوەندی هەواڵەکان
زیاتر لە هەشت مانگە هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە و تا ئێستا لایەنە براوەکانى ئەو هەڵبژاردنە لەسەر پێکهێنانی حکومەت ڕێکنەکەوتوون، ئێستاش لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانی ئیسرائیل و ئێران ئەو کەمە گفتوگۆیەى لەسەر حکومەتیش هەبوو نەما.
مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانى هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، لەو هەڵبژاردنە سێ لایەن زۆرینەى کورسییەکانى پەرلەمانیان بردەوە، ئەوانیش پەدەکە و یەنەکە و نەوەى نوێ بوون.
دوای دوو مانگ لە تێپەڕبوون بەسەر ئەو هەڵبژاردنە، ئینجا ئەو سێ لایەنە دەستیان بە گفتوگۆ لەسەر پێکهێنانی حکومەت کرد، دواتر پەرلەمان یەکەم کۆبوونەوەى خۆی کرد و پەرلەمانتاران سوێندی یاساییان خوارد، بە تەمەنترین ئەندامی پەرلەمان کە لە نەوەی نوێ بوو، بوو بە سەرۆکی پەرلەمان، بەڵام لە دانیشتنی دووەمدا نەوەی نوێ بە ڕێککەوتنێکی شاراوە لەگەڵ پەدەکە و یەنەکە داتنیشتنی پەرلەمانی بەکراوەیی جێهێشت.
ئەم کارەی نەوەی نوێ دەرگای دواخستنى پێکهێنانی حکومەتى بۆ پەدەکە و یەنەکە ئاسانتر کرد، بۆیە ئەمە لە ڕووی یاسایی و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانەوە کارێکی نایاساییە، هەر لەبەر ئەوەشە تا ئێستا پەرلەمانی هەرێم پەکی کەوتووە و کارەکانی خۆی ناکات جگە لە مووچە وەرگرتن.
دوای چەندین کۆبوونەوە پەدەکە و یەنەکە ڕایانگەیاند لەسەر سیاسەت و چۆنییەتى بەڕێوەبردنى حکومەت ڕێککەوتوون و تەواویان کردووە، ئەوەى ماوە تەنیا پۆستەکانی حکومەتە، بەڵام دواتر کۆبوونەوەکان وەستان بەهۆی پێداگیری هەریەکەیان لەسەر ژمارە و جۆری پۆستەکانى حکومەت.
پەدەکە هێڵی سووری لەسەر چەند پۆست و وەزارەتێکی حکومەت داناوە، ئەوانیش (سەرۆکی هەرێم، ئەنجوومەنى ئاسایشی هەرێم، وەزارەتى ناوخۆ، وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان و چەند پۆست و وەزارەتێکی دیکەش) بەڵام یەنەکە داوای ژمارەیەک لەو پۆستانە دەکات کە پەدەکە هێڵی سووری لەسەر داناوە، ئەم هێڵە سوورانەى پەدەکە پێکهێنانی حکومەتى ئەوەندەى تر دواخست.
لەو ڕووەشەوە مەسعود بارزانى بە لێدوانێکی کێشەی بۆ گفتوگۆکانى پێکهێنانی حکومەت درووستکرد، کاتێک وتی: دەبێت ئەنجامی هەڵبژاردن بکرێتە بنەما بۆ پێکهێنانی حکومەت و بە هیچ شێوەیەک بە سیستەمی ٥٠ بە ٥٠ ڕازی نابن.
لەبەرامبەردا بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەنەکە لە سالیادی دامەزراندنى حزبەکەی وەڵامی بارزانی دایەوە و ڕایگەیاند، وەک یەکێتى سازش لەسەر داواکارییەکانیان لە پێکهێنانی حکومەتدا ناکەن و ئەوەى داوایان کردووە دەبێت وەک خۆی بێتە دی.
دوای لێدوانەکانى سەرۆکی پەدەکە و یەنەکە، گفتوگۆکانى ئەو پارتە بۆ پێکهێتانی حکومەت ڕاگیران، زۆری نەبرد ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران، ئەمەش پەدەکە و یەنەکە وازیان لە پێکهێنانی حکومەتى هەرێم هێنا و تا ئەم کاتەش هیچ جوڵەیەکیان بۆ پێکهێنانی حکومەت نییە و خۆیان بێدەنگ کردووە.
لە ساڵی ١٩٩١ـەوە تا ئێستا هیچ هەڵبژاردنێک و پێکهێنانی حکومەتێک لە وادەی یاسایی و دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوە نەچووە، هەمیشە بەهۆی ناکۆکی و ڕازی نەبوون بە پشکی خۆیان لە حکومەت پێکێنانی حکومەتیان دواخستووە، زەرەرمەندی یەکەمیش هاوڵاتییان بوون کە کەوتوونەتە قەیرانى جۆراوجۆرەوە.
ئێستا هیچ جوڵە و گفتوگۆیەک بۆ پێکهێنانی حکومەت لە ئارادا نییە، لەلایەک مووچەخۆران مووچەیان لەلایەن بەغداوە بڕاوە و حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمیش گوێی خۆی لێ بێدەنگ کردووە و ئامادە نییە لە ملیاران دیناری هەرێمەکە مووچە بدات، پەرلەمانێکی چالاکیش نییە چاودێری حکومەت بکات و بەهۆی بێباکییەوە لێپرسینەوە لەو حکومەتەکە بکات کە هیچ ڕەوایەتییەکی یاسایی نەماوە.
لەم بێدەنگییەدا هاوڵاتییانى هەرێم زەرەرمەندی یەکەمی ئەم دۆخەن، وەک پێشینان وتوویانە: “بە با و بە باران هەر لە بەفر دەتوێتەوە.”
هـ.ح
Comments are closed.