سلێمانی
ئەمڕۆ پێنجەمین ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەندی کورد عەتا چاوشین بوو، لەلایەن کۆمەڵەی هونەری میللیی کوردستان، بە درووشمی “ئێمە وەفادارین بەرامبەر چاوشین گیان” لە تەنیشت پەیکەرەکەیەوە لە سلێمانی بەبیرهێنرایەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ لە پارکی هونەرمەند عەتا چاوشین لە شاری سلێمانی، بەدەستپێشخەری کۆمەڵەی هونەری میللیی کوردستان، لە پێنجەمین ساڵیادی کۆچی دوایی ئەو هونەرمەندەی کورد، بە مەڕاسیمێک بەبیرهێنرایەوە و تاجەگوڵینەی وەفاداری لە سەر پەیکەرەکەی دانرا.
جەزای ساز سەرۆکی کۆمەڵەی هونەری میللیی کوردستان لەبارەی یادەکەوە وتی: ئەمڕۆ پێنج ساڵ بەسەر کۆچی دوایی هونەرمەند، شاعیر و ئاوازدانەری کورد عەتا چاوشین تێپەڕدەبێت، ئێمەش بە درووشمی “ئێمە وەفادارین بەرامبەر چاوشین گیان”، خۆم و هاوڕێکانم، هەوڵماندا لای پەیکەرەکەی لەو باخچەیەی کە ناوی لێنراوە “عەتا چاوشین” یادی بکەینەوە.
وتیشی: سەرەتای مەڕاسیمەکە بە تازەکردنەوەی تابلۆی باخچەکە هەروەها دانانی چەپکە گوڵی ڕێز و وەفاداریمان بەئامادەبوونی چەند هاوڕێیەکی هونەرمەندی کۆچکردوو دەستی پێ کرد و ئامانجمان لەم کارە سەلماندنی وەفادارییە بەرامبەر ئەو هونەرمەندانە کە لە سەردەمێکی ناهەموار و ژێردەستەییدا خزمەتیان بە هونەری کوردیی کردووە.
جێگای ئاماژەیە هونەرمەند عەتا ئەمین ناسراو بە عەتا چاوشین، لە ساڵی ١٩٦١ لە شاری سلێمانی لە دایک بووە و بۆ ماوەی ٣٥ ساڵ خزمەتی هونەری میللیی کوردیی کردووە و خاوەنی دەیان بەرهەمی ناوازەیە، شارەزایی لە بەستە و مەقام و بەندبێژیشدا هەبووە، لە ساڵی ٢٠٢٠ بەهۆی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە، لە سلێمانی کۆچی دوایی کرد.
ب.گ
Comments are closed.