ناوەندی هەواڵەکان
دوای ڕاگەیاندنی فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران عەلی ڕەزا تەنگسیریی، کە دەتوانن لە چەند کاتژمێری داهاتوودا گەرووی هورمز دابخەن، کاریگەرییەکانی ئەم بڕیارە لەسەر ئابووری عێراق بووەتە باس و خواسی سەرەکی بازاڕەکانی جیهان.
گەرووی هورمز، کە ڕێڕەوێکی ئاوی تەسکە، بەڵام گرنگە، کە کەنداوی عەرەبی بە بازاڕی وزەی جیهانییەوە دەبەستێتەوە، بەهۆی زیادبوونی گرژییەکانی ناوچەکەوە جارێکی دیکە هەڕەشەی لەسەرە.
لە وەڵامی هێرشەکەی ئەمەریکا، کە بەیانی دوێنێ ڕوویدا، عەلی ڕەزا تەنگسیری فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، گەرووی هورمز لە چەند کاتژمێری داهاتوودا بەڕووی هاتوچۆی کەشتییەکاندا دادەخرێت.
ئەگەر ئێران ئەو گەرووە دابخات ئەوا پێشبینی دەکرێت کاریگەری گەورە لەسەر عێراق درووست بکات، چونکە عێراق گەرووی هورمز بە شێوەیەکی بەرچاو بۆ هاوردەکردن و هەناردەکردن بەکار دەهێنێت، بەندەری سەرەکی لە بەسرە ئوم قەسر بەندەری سەرەکی پشت دەبەستێت بەو ڕێگا دەریاییانەی، کە بەناو گەرووەکەدا تێدەپەڕێت.
ئەگەری داخستنی گەرووەکە لەوانەیە جوڵەی بازرگانی لێشاوی هاوردەکردنی کەلوپەلی پێویست و پێداویستی خۆراک و کەلوپەلی پیشەسازی لە عێراق پەکبخات و ببێتە هۆی کورتهێنان و بەرزبوونەوەی نرخەکان لە سەرانسەری وڵاتدا.
هەروەها هەناردەکردنی نەوتی عێراق، کە نزیکەی ٣. ٣ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە بەندەرەکانی باشووری عێراقەوە لە رێڕەوی هورمزەوە دەگوازرێنەوە، داخستنی گەرووەکە ئەو گواستنەوەیە ڕادەگرێت و داهاتی حکومەتی عێراق زۆر کەم دەکاتەوە و بازاڕەکانی نەوتی جیهان ناسەقامگیر دەکات، هاوکات ئەگەری هەیە قەیرانێکی ئابووری گەورە بۆ عێراق درووست بکات.
عێراق دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتی جیهانە لەنێو وڵاتانی ئۆپێک بۆ بودجەی خۆی پشت بە سەرچاوەی داهاتی نەوت دەبەستێت، ئەگەر ئەو سەرچاوەیەش نەمێنێت یان لاواز ببێت ئەوا دەماری ئابووری عێراق دەپسێت و هەژاری و قات و قڕی بڵاودەبێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری وزەی عێراق حەیان عەبدولغەنی ڕۆژی ٢١ـی ئەم مانگە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، کەرتی وزەی عێراق بەردەوامە لە کارەکانی و وتی ” هەناردەکردنی نەوت بەردەوامە، بەڵام ئەگەر گەرووی هورمز دابخرێت، ئەوا ڕێگای جێگرەوەمان هەیە، وەزارەتی نەوت کار لەسەر ئەم بەدیلانە دەکات.”
هەرچەندە سەرقاڵی پەرەپێدانی ڕێگای هەناردەکردنی جێگرەوەیە وەک بۆڕی بۆ عێراق و تورکیا و ئوردن، بەڵام توانایان سنووردارە و ناتوانن قەرەبووی زیانی هەناردەکردنی دەریایی لە کەنداو بکەنەوە.
پچڕانی درێژخایەن لە گەرووی هورمز نەک تەنها زیان بە ئابووری لاوازی عێراق دەگەیەنێت، بەڵکو مەترسییەکانی جیۆپۆلەتیک زیاد دەکات و بەغداد ناچار دەکات هاوسەنگییەکی سەخت لە نێوان هاوپەیمانەکانی ئەمریکا و ئێران درووست بکات.
گەرووی هورمز گرنگترین ڕێڕەوی ئاوییە لە جیهاندا، دەكەوێتە نێوان عومان و ئێران و كەنداوی عەرەبی بە كەنداوی عومان و دەریای عەرەب دەبەستێتەوە، پانییەکەى ٣٣ کیلۆمەترە، نزیکەى ٢٢%ـی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، واتە نزیکەى ١٨ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێكدا.
تەنیا نەوتیش نا، بەڵكو سێ یەكی هەناردەی جیهان لە غازی سرووشتی بە تایبەتە لە قەتەرەوە پێیدا تێپەڕ دەبێت، هاوکات ڕێڕەوێکی گرنگی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و نەوتە بۆ چین، بۆیە چین سەرەڕای پەیوەندییە دۆستایەتییەکەى لەگەڵ ئێران یەکەم وڵات بوو هۆشداری دایە دەسەڵاتدارانى ئەو وڵاتە بیر لە داخستنى گەرووەکە نەکەنەوە.
ئەگەر جەنگەكە داخستنی هورمزی لێبكەوێتەوە، كارەساتی ئابووری گەورەش لە جیهاندا درووست دەکات، وەک پسپۆڕانی بواری ئابووری پێشبینی دەکەن ڕەنگە نرخی یەك بەرمیل نەوت بگاتە ٢٠٠ بۆ ٣٠٠ دۆلار.
ئەم گەرووە سەرەڕای ئەوەى، کە بۆ ئێران زۆر گرنگ و بایخدارە و زیانی گەورەی لێدەکات، کە دایبخات، هاوکات وەک دەستێک دەچێتە بینە قاقای سعودیە و ئیمارات و كوەیت و عێراق کە نەوتەکەیان لەو گەروەوە دەنێرنە جیهان.
لەگەڵ هەر بارودۆخێکدا ئێران دەکەوێتە هەڕەشەکردنى گەرووی هۆرزمز، لە ساڵی ٢٠١٨ كاتێك ئەمریكا لە ڕێككەوتنی ئەتۆمی كشایەوە، ئێران هەڕەشەی داخستنى گەرووەکەی کرد، لە ٢٠١١ جارێكی تر هەڕەشە كرا لەسەر ئەوەی وڵاتانی رۆژئاوا سزای زیاتر نەخەنە سەر هەنارەی نەوتی ئێران.
ئیسماعیل کوسەری، ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، ئەندامانی پەرلەمان گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی پێویستە گەرووی هورمز دابخرێت.
تا ئێستا هیچ كات تاران گەرووەکەى دانەخستووە، چونكە لەڕووی كردارییەوە داخستنی ئەو گەرووە ئاسان نییە، بەو پێیەی بە بەشێكی زۆری دەكەوێتە عومانەوە و هێندە فراوانە، كە ئێران توانای بەسەردا ناشکێت دایبخان.
هـ.حـ
Comments are closed.