ناوەندی هەواڵەکان
پەیمان ڤیان هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان (پژاک) هەڵسەنگاندنی سەرنجڕاکێشی سەبارەت بە پڕۆسەی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد و ڕایگەیاند، “بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادەین”.
پەیمان ڤیان بە ئاماژەدان بەوەی کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لێواری پچڕانێکی نوێدایە، شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێرانی بە “قۆناغێکی نوێ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” هەڵسەنگاند، هەروەها شەڕەکەی بە “دیزاینکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” پێناسەکرد.
هاوسەرۆکی پژاک جەختی لەوە کردەوە کە دەوڵەتە نەتەوەییەکان کە لە ڕێگەی شەڕەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بونیادنراون، ئەمڕۆ جارێکی دیکە بەهۆی شەڕەوە لەناو دەچن، وەک چارەسەرێک ڕاگەیاند: “سیستەمێکی ‘گەل’ پێویستە بۆ ئەوەی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە شەڕ و کۆمەڵکوژی و ململانێکان ڕزگاریان بێت.”

لە وەڵامی پرسیاری “ئایا هیچ دەوڵەتێک لەگەڵ ئێوە کۆبووەتەوە؟” ڕایگەیاند، نا، تا ئێستا هیچ داواکارییەکی ڕاستەوخۆ بۆ کۆبوونەوەیەکی لەو شێوەیە نەکراوە” و هۆشداریشی دا کە لە ئێران کەسانێک هەن کە دەیانەوێت ناکۆکی و ململانێ لە نێوان گەلان دروست بکەن، پەیمان ڤیان وتی: ئازەری و ئەرمەنی و ئاشووری و کورد شان بە شانی یەکتر دەژین، ئەو لایەن و کەسانە دەیانەوێت دابەشبوونێک لە نێوان گەلاندا پەرە پێبدەن.
پەیمان ڤیان دەشڵێت: بەتایبەت لەو ناوچانەی کە کورد و ئازەری پێکەوە دەژین، دەیانەوێت پەرە بە دژایەتی بدەن، تورکیا دەستی ڕاستەوخۆی هەیە لەم بابەتەدا، گەورەترین ترسی ئەوەیە کە کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ببێتە خاوەنی ستاتیۆ، ئەوان دژایەتی لە نێوان کورد و ئازەرییەکان دروست دەکەن، هەوڵی پەرەپێدانی پانتورکیزم لە ئێران دەدەن.
پەیمان ڤیان هاوسەرۆکی پژاک وەڵامی پرسیارەکانی ئێمەی سەبارەت بە قۆناغی ئێستای شەڕ و هەڵوێستی کورد و ئەگەری چارەسەرەکان و دوایین دۆخی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەردەوامی شەڕی دایەوە.
چاوپێکەوتنەکەی ئاژانسی هەواڵیی ڕۆژنیوز لەگەڵ پەیمان ڤیان، هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان (پژاک) بەمشێوەیەیە:
ڕۆژنیوز: هەڵسەنگاندنتان لەسەر ئەم شەڕەی ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگوزەرێت چییە؟
پەیمان ڤیان: “شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل-ئەمریکا لە قۆناغێکی نوێدایە و بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەستیپێکرد. ئەو شەڕەش دیزاینکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و هەردوو لایەن هەوڵی دیزاینکردنەوە دەدەن. بۆ ئەوەش ساڵانێکە هەوڵدەدەن کە ئێران ڕادەستیان ببێت، سەرەتاش بە ئابڵوقە دەستیان پێکرد و دواتریش هەوڵیاندا هەموو باڵەکانی ئێران لەناوچەکەدا بشکێنن. پرۆسەکەش گەیشت بەوەی کە ئەم ڕووداوانەی ئەم دواییەی لێ بکەوێتەوە.
پێمان وایە دەشێ ئەم شەڕە قوڵترببێتەوە، چونکە چارەنووسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیاریی دەکات. لەم شەڕەدا هێزە هەژموونگەراکان و دەوڵەت-نەتەوەکان هەیە لەلایەکی دیکەوە هێزی گەل هەیە کە دەیەوێت سیستەمێکی خۆبەڕێوەبەریی هەبێت. بۆیە ئەم شەڕەی کە ئێستا لە ناوچەکەدا بەڕێوەدەچێت وەک شەڕەکانی پێشوو نییە. لایەنە هەژموونگەراکان لە دەرەوە ناتوانن بە تەواوی سیاسەتی خۆیان بسەپێنن، بەڵکو هێڵی سێیەمیش هەیە کە بەرخۆدان و ئیرادەی گەلە. بۆیە ئەم شەڕە گۆڕانکاری گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.”
ڕۆژنیوز: پێشتر ئێران و ئیسرائیل لە ڕێگەی وەکیلەکانیانەوە شەڕەکەیان دەکرد، بەڵام ئێستا گەیشتووە بەوەی کە خۆیان ڕاستەوخۆ شەڕ دەکەن، گرژییەکانی نێوانیان بۆ گەیشت بەم ئاستە؟
پەیمان ڤیان: “بەتایبەت لە ساڵی ٢٠١٠ بەدواوە شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەڕێگەی وەکیلی دەوڵەتانەوە بەڕێوەدەچوو. بۆ نموونە شەڕ لەنێوان ئەو گرووپانەی سەربە ئێران بوو و ئەو لایەنانەی لە دەرەوە بۆ ناوچەکە دروستدەکران وەک داعش بەڕێوەدەچوو. ئیتر بۆ ئەوەی هەموو شتێک ئامانجگیر بێت شەڕ گەیشتە قۆناغێکی دیکە کە ئەویش شەڕی ڕاستەوخۆی نێوان دەوڵەتان بوو. ئەمەش لە ئەنجامی ئەوبوو کە ئێران ڕادەستی پیلانەکانیان نەدەبوو و گەیشتە بەم ئاستە و یەک ڕۆژ و یەک مانگ و یەک ساڵ نییە، بەڵکو هەموو گۆڕانکاریی یان پێشهاتێک بەدوای خۆیدا دەهێنێت. هەموو دەوڵەتەکانی ناوچەکە بە ئیسرائیلیشەوە ئیدی پێویستیان بەوەبوو کە جارێکی دیکە ناوچەکە دیزاین بکەنەوە.
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دوو دەوڵەتی بنەڕەتی هەیە ئەوانەش تورکیا و ئێرانن، تورکیا بە ڕێبازێکی دیکە هەوڵیدا خۆی لەم شەڕە دەرباز بکات، بەڵام ئێران بەهۆی ئەوەی دەستبەرداری زهنییەتەکەی نەبوو و لەسەر دیکتاتۆری خۆی بەردەوامبوو و ساڵانێکە گەل لەناوخۆدا ناڕازین و گۆڕانکاریی لە ناوخۆدا دروست نەکرد و درێژەی بە سیاسەتی ئەشکەنجە و سێدارە دا و ویستی بە هیلالی شیعی خۆی بپارێزێت بەڵام ئەوەش لەناوچوو.
ترسی ڕژێم لە ناڕەزایەتی گەلانە لە ناوخۆدا. هەڵمەتی ژن ژیان ئازادی هەڵمەتی گەلان بوو و گۆڕانکاریی دەویست بەڵام ڕژێم هیچ هەنگاوێکی نەهاویشت. ویستی بە سەرکووتکردن گەل لەناوبدات، بەهۆی ئەوەی کە ئامادەی گۆڕانکاریی نەبوو بۆیە ئەم شەڕە بەو شێوەیە بەرۆکی ڕژێمی گرت. ڕژێم لەبەر ئەوەی پێداگربوو لەسەر زهنییەتی دیکتاتۆری، یەک نەتەوە و ئاینپەرەستی و پیاوسالاری وایکرد کە لایەنە دەرەکییەکان دەستێوەردان بکەن.”
ڕۆژنیوز: سەرەتا تەنها شەڕی ئیسرائیل و ئێران بوو بەڵام ئەمریکاش بەشداربوو، ئایە لە پشت پەردەی ئەو هێرشانەوە چی دەگووزەرێت؟ ئایە بۆ لاوازکردنی سیستەمە یان تێکدانی ڕژێم؟
پەیمان ڤیان: “لە دەستپێکدا شەڕەکەدا بە ئیسرائیل دەستی پێکرد بەڵام شەڕێکی گشتییە، بۆ نموونە پەیمانی ئیبراهیمی نێوان ئێسرائیل و وڵاتانی عەرەبی ئامادەکاری بوون بۆ ئەو شەڕە. شکاندنی باڵەکانی لە وڵاتان و هەڵوێستی وڵاتانی ناوچەکە و تەنانەت زۆرینەی جیهانیش بۆ ئەوەبوو کە ئێران بە تەنها بڵێن و هیچ دەوڵەتێک نەبێت کە ئێران بپارێزێت. واتا پیلانێکی نێودەوڵەتییە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەڕێوەدەچێت، ئیسرائیلیش بە شەڕی حەماس دەستی بەو شەڕە کرد و ئەو گورزەی لە شەوێکدا لە ئێرانیدا دەرخەری ئەوەبوو کە مۆساد ساڵانێکە کار لەسەر ئەوە دەکات کە ئەندامەکانی بنێرێتە ناو ئێران و لەناو کاربەدەستانی ئێراندا خۆی بەڕێکخستن بکات.”
ڕۆژنیوز: لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئیسلامی لە ئاستی ناوچەکەدا بەڕێوەچوو، ئایە بە دیزانیکردنەوەی ناوچەکە ڕۆڵی نوێنەرایەتی ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە تورکیا وەردەگرێتەوە؟
پەیمان ڤیان: “هێزە دەرەکییەکان ناتوانن ڕاستەوخۆ دەستێوەردان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بکەن، بەڵکو ئەزموونیان لە ئەفغانستان و عێراقیش هەیە، بۆیە یەکێک لە بژاردەکانیان ئەوەیە کە لە ڕێگەی ئیسلامی سیاسییەوە دەستوەردان بکەن، بۆیە لە ناوچەکەدا ئیسلامی سیاسییان دروستکرد و لەژێر ئەو ناوەدا کۆمەڵكوژیی و سیاسەتی تواندنەوە بەڕێوەدەبەن، دەوڵەت نەتەوەکانی ناوچەکەشیان خستەژێر کاریگەریی ئیسلامی سیاسیی بۆنموونە ئێران لە ژێر ناوی شیعەدا خراپترین کار دەکات و ڕێگە بۆ هەموو کارە بێئەخلاقییەکان دەکاتەوە. هەروەها وڵاتانی دەرەکی بە ماسکی ئیسلامی ئێستا سیاسەتی خۆیان لە ناوچەکەدا بەڕێوەدەبەن، نموونەی ئەوانەش تالیبان لە ئەفغانستان و ئەو لایەنە ئیسلامییەی ئەمڕۆ لە سووریا دەسەڵاتدارە.”
ڕۆژنیوز: خوێندنەوەی پژاک بۆ نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چییە؟
پەیمان ڤیان: “کێشەی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شەڕ چارەسەر نابێت بەڵکو پێویستی بە سیستەمێکی دیموکراتیک هەیە، ناوچەکە شوێنی مرۆڤایەتی و ئافراندنی فەلسەفە و دیموکراسییە، بە تایبەت لە دوای ٢٠٢٠ بووەتە شوێنی کوشت و پەنابەری و کۆمەڵکوژی، دەوڵەت نەتەوەکانی ناوچەکە بە شەڕ و کۆمەڵکوژی دروستبوون و ئێستاش خەریکە هەر بە شەڕ و کۆمەڵکوژی لەناودەچن، ئێستا کاتی فرە کەلتووری و فرەنەتەوەیی پێکەوەژیانە بۆئەوەش کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک چارەسەری سەرەکییە.
بۆ ئەوەی شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەمێنێت ئەوا پێویستی بە هێڵی سێیەم هەیە، پێویستی بە پێکەوەژیانی گەلان هەیە، بنەمای ئەوەش ئازادی ژنە چونکە ئازادی ژن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەتوانێت ئازادی گەلانیش مسۆگەر بکات، پێویستە گەلانی ناوچەکە خۆیان چارەسەری بۆ کێشەکانی خۆیان بدۆزنەوە نەک هێزە هەژموونخوازەکان، گەلان لە دەوری خاڵە هاوبەشەکانی یەکدی کۆببنەوە، چونکە هەموو ویستەکانی دەوڵەتانی هەژموونخواز تاڵانکردنی سەرچاوەکانی سەرزەوی و ژێرزەویی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. گەر گەلان بتوانن لەدەوری یەکدی کۆببنەوە و پێکەبژێن ئەوا دەتوانن خۆیان سوود لەو سەرچاوانە وەربگرن، بۆیە ئێمە دەڵێین کە ئیدی کاتی ئەوەیە گەلان پێشەنگایەتی بکەن.”
ڕۆژنیوز: لە سەرهەڵدانی ژن ژیان ئازادییدا بینینمان کە بە پێشەنگایەتی ژنان گەلان وەڵامی خۆیان دایەوە، لەم بارودۆخەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا ژنان دەتوانن چی ڕۆڵێک بگێڕن؟
پەیمان ڤیان: “لە کۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە هەمیشە قوربانی سەرەکی ژنان و منداڵانن، وڵاتێک داگیردەکرێت ئەوا ژن دووجار داگیر دەکرێت، بۆیە ئەوەی کە دەتوانێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گۆڕانکاریی بکات ژنان، هەر ئەوانیش دەتوانن بە تێکۆشانی خۆیان کۆمەڵگە بهێننە مەیدان، ئەمەش لە سەرهەڵدانی ژن ژیان ئازازدییدا بەتەواوی دیاربوو، ئەو سەرهەڵدانەش ڕێنیسانسێکی نوێی بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و دواتر بوو بە جیهانیش، درووشمێکی سێ وشەیی لەناو وڵاتێکی دەسەڵاتێکی پیاوسالاری وەک ئێراندا بەرزبوویەوە، هەموو بتە نەتەوەپەرستی، ئاینپەرەسەری و ڕەگەزپەرەستییەکانی شکاند و بەو هێزە دەتوانرێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئازادببێت و سەرچاوەی شۆڕشە، هەروەها شۆڕش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بناغەی شۆڕشی بەشەکانی دیکەی کوردستانیشە، بۆیە شۆڕشی ژن ژیان ئازادیی دەتوانێت گۆڕانکاریی لە ئێراندا دروست بکات. ئێستاش دەبینین ژنان لەناو زینداندا وەک نموونەی وریشە، زەینەب، پەخشان پێشەنگایەتی دەکەن، وێڕای ئەوەی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە بەڵام لە باڵاترین ئاستدا تێکۆشان دەکەن، ترسی ڕژێمی ئێرانیش هەر لە ژنە، لەناو ئێراندا دوو خاڵی لاواز هەیە یەکێکیان ژنە و ئەوی دیکە کوردە، واتا ئەم دوو خاڵە دەتوانێت ڕژێم سەراوژێر بکات، بۆیە دەتوانین بڵێین پرۆسەی نوێ دەتوانێت ببێتە پرۆسەی ژن ژیان ئازادیی هەموو گەلانی ئێران کە خۆیان بەڕێکخستن بکەن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە پێشەنگایەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەن.”
ڕۆژنیوز: لەم بارودۆخەدا پژاک هیچ پەیوەندییەکی هەیە لەگەڵ هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا یاخود هەوڵدراوە پەیوەندیی لەگەڵ پژاک ببەسترێت و پژاک لەم پرۆسەیەدا جێ بگرێت؟
پەیمان ڤیان: “ڕاستییەک هەیە، لە هەموو کوردستان و بەتایبەتیش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ئەوەی کە توانای گۆڕانکاریی هەیە کوردە، ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا تاکە هێز کە خاوەنی ئەڵتەرناتیڤە و خاوەن هێزی ڕێکخستنی، پاراستنی، سیاسییە پژاکە و ئامادەیە پێشەنگایەتی بۆ گەلەکەی بکات، هەموو لایەکیش ئەو ڕاستییە دەبینێت، ڕەنگە بەشێوەی ڕاستەوخۆ نەبێت بەڵام بەشێوەی ناڕاستەوخۆ دەیانەوێت لەگەڵ هێزێکی وەک پژاک دانووستان بکەن کە دەتوانێت پێشەنگایەتی بکات، ئێمەش ئامادەین لەگەڵ هەر لایەک دانووستان بکەین کە لە بەرژەوەندی گەل تێکۆشان بکات، بەڵام تا ئێستا لەم باردوخەدا داواکارییەکی بەوشێوەیە نەبووە.”
ڕۆژنیوز: لە ئەگەری تێکچوونی بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گومان دەکرێت کە هەمان سیناریۆی ڕۆژئاوای کوردستان دووبارە ببێتەوە، بەتایبەت لەلایەن ئەو هێزانەی کە گرێدراوی هێزە هەژموونخوازەکان، ئایە پژاک ئامادەکاریی کردووە گەر هەمان سیناریۆ دووبارە ببێتەوە؟
پەیمان ڤیان: “بەڵێ هەمان سیناریۆ هەیە، چونکە هێزە هەژموونخوازەکان دەیانوێت ئەڵتەرناتیڤێک دروستبکەن، چونکە پژاک هێزێکی سەربەخۆیە و پشت بە گەل دەبەستێت، هێزێکە خاوەنی فکر و فەلسەفە و دیدێکی نوێیە، بۆیە وەک چۆن ویستیان لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەو هێزانە دژی تەڤگەری ئازادی بەکاربهێنن و کورد نەبێتە یەک، ئەوا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش هەمان شت دەکەن، بەتایبەت بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان جیاوزترە و هێزی ئۆپۆزسیۆنی زۆرە و دەستێوەردانێکی زۆر هەیە، بەتایبەت کەسانێک هەیە کە نایانەوێت یەکێتی پارتە کوردییەکان دروست ببێت، یاخود دەیانوێت مۆدێلی باشووری کوردستان و پارتە سیاسییەکانی ئەوێ کە ئێستا دەبینین چییان بەدوای خۆیدا هێناوە بهێینە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەروەها بەتایبەت دەیانەوێت لەو شار و ناوچانەی کە چەندین گەل تێیدا دەژین دژایەتییان لەنێواندا دروست بکەن، بەتایبەت لە هەندێک ناوچە کە گەلانی کورد و تورکی ئازەری تێیدا دەژین لەلایەن تورکیاوە هەوڵ دەدرێت دژایەتی دروست بکرێت، چونکە تورکیا ترسێکی زۆری هەیە کە کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ببێتە خاوەنی ستاتیۆیەک و پانتورکیزم لە ئێراندا پێشدەخات.
هەروەها ئۆپۆزسیۆنێکی خاوەن عەقڵییەتی کلاسیکی دەسەڵاتخوازیی لە ئێراندا هەیە، بۆیە مەترسی هەیە، بەڵام ئێمە ئامادەیی تەواومان هەیە و ئاستی هۆشیاری گەل بەرزە و دەزانێت چی هێزێک دەتوانێت پێشەنگایەتی بکات، بۆیە وەک وتم مەترسی هێزە دەرەکییەکان هەیە کە دەیانوێت دەستێوەردان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بکەن، بەڵام لە بەرامبەریشدا هێزێکی خاوەن پۆتانسێل هەیە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەمووان چاویان لەسەر پژاک، چونکە هەم فەلسەفە و ئایدۆلۆژی پژاک دەزانن کە خزمەت بە چی دەکات هەم تەڤگەری ئاپۆیی دەناسن و دەستکەوتەکانیان بینیوە، بۆیە گەلی کورد و گەلانی دیکەی ئێرانیش چاویان زۆرتر لەسەر تێکۆشان و خەباتی پژاک و تەڤگەری ئاپۆییە، بۆیە ئێمە لەوەدا ئامادەکاریی تەواوەتی دەکەین کە گەلەکەمان هەمیشە هۆشیار بێت و بزانێت چی هێزێک خاوەن فەلسەفەیەکی ئازادییە و خاوەن فەلسەفەی ئازادی ژن، ژینگە و نەتەوەی دیموکراتیکە، ئەو هێڵەش پژاک پەیڕەوی دەکات.
تەنانەت هەندێک هێز هەیە دەیانەوێت چەتەگەریی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دروست بکەن، پێویستە ئیدی هەموو لایەک هێڵی خۆی بزانێت، گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێزێکی کلاسیک و نەتەوەپەرستی ناوێت هێزێکی ناوێت کە گەلان پارچە بکات، هەموو گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەیەوێت بزانێت کێ پێشەنگایەتی دەکات، ئێستاش پێویستە یەکڕیزی و یەکگرتنێک لەنێوان لایەنە کوردییەکاندا دروستبکرێت بۆ ئەوەی ڕێ لەو مەترسییانە بگیردرێت.”
ڕۆژنیوز: پەیوەندییەکانی پژاک لەگەڵ پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات چۆنە و دەستپیشخەریی کردووە کە یەکڕیزییەک دروست بێت؟
پەیمان ڤیان: “پژاک بەردەوام هەوڵی ئەوەی داوە و بەتایبەت لە ساڵی ٢٠١٨، بەیاننامەیەکمان بڵاوکردەوە، پێشبینی ئەمەمان کردبووە کە ڕوودەدات و گەل چۆن خۆی بە ڕێکخستن بکات، لەسەر ئەو بنەمایە دیدار و کۆبوونەوە ئەنجامدران، بەڵام هێزەکانی دیکە بەپێی پێویست ئامادەی ئەوەنەبوون و خاوەنی سەربەخۆی و بڕیاری خۆیان نەبوون هەندێک جار ویستیان کە ئەو یەکڕیزییە دروست ببێت بەڵام لە باشووری کوردستانەوە دەستێوەردانیان لە لایەنە سیاسییەکانی دیکە دەکرد و هەوڵیان دەدا کە یەکڕیزیی دروست نەبێت، ئێستا پێویستیمان بە یەکڕیزی هەیە کە لە بواری ستراتیکی سیاسییدا بێت، هێزێکی پاراستنی هاوبەشمان هەبێت کە لە خزمەتی گەلدا بێت، ئێمە ئێستاش ئەم پێویستییە دەبینین و دەبێت یەکڕیزییەکی پارتە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات دروستببێت چونکە ڕێگریی لە دەستێوەردان و مەترسییە دەرەکییەکان دەگرین، گەلی کوردیش چەندن ساڵە داوای ئەو یەکڕیزییە دەکات، پێویستە لێکنزیکبوونەوە هەبێت و کۆنگرەیەکی نەتەوەیی لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا پێکبهێندرێت، هەندێک هەوڵ هەیە بۆ ئەوەش بەڵام تێرکەر نین بەڵکو پێویستە زیاتر بن و یەکڕیزییەکی ستراتیژییمان هەبێت نەک لە ئاستی تاکتیکدا چونکە ئەوەش ستراتیژی ئێمەیە بۆ گەلی کورد.”
ڕۆژنیوز: هەندێک لایەن پێیان وایە کە پژاک خۆی بە گەورەتر دەزانێت، ئایە پژاک دەیەوێت خۆی بە گەورە بزانێت یان گەل بە پێشەنگ دەزانێت و هەمیشە دەیەوێت هێڵی سێیەم هەڵبژێرێت، وتەی ئێوە چییە لەسەر ئەو بابەتە؟
پەیمان ڤیان: “پژاک هیچ کاتێک خۆی بە باڵادەست نەزانییوە و هیچ ئامانجێکی لەو شێوەیەشی نییە، بەڵکو پارادیگمای پژاک هێڵی سێیەمە کە ئەوەش هێڵی گەلە، گەلیش واتا ئازادی ژن، پارادیگمای پژاک پارادیگمای ئازادیی ژن، ژینگە، نەتەوەی دیموکراتیک و پێشەنگایەتی گەلە، هەر هێزێکیش خزمەت بە گەل بکات ئەوا پژاک ئامادەی دانووستان بووە لەگەڵی.
هۆشیاری گەل لە ئاستێکی باڵادایە و ئەو دەزانێت چی هەڵدەبژێرێت و پشتگیری لە کێ دەکات و گەل هەموو شتێک دەبینێت کە کێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دیارە، ئێمە هیچ نیازێکی باڵادەستیمان نییە، بەردەوامیش کە هەمیشە پێداگیریمان لەسەر یەکڕیزی و پێشەنگایەتی گەل کردووە ئەوا هێزەکان نەهاتوون کە یەکڕیز ببین، لەراستییدا کە دەبینن پژاک لەناو گەلدا جێی باوەڕە و پشتگیریی لێدەکەن ئەوا هەندێک هێز هەیە کە پێیان ناخۆشە، یاخود دەڵێن ئێمە ٥٠ ساڵ لە پێش پژاکەوە دامەزراوین، ٥٠ ساڵ چوو، تۆ ئێستا چیت؟ بۆیە ئەوەی کە دەوترێت پژاک خۆی بە باڵادەست دەبینێت ڕاست نییە و پژاک تەنها پشتی خۆی بە گەل دەبەستێت و چی لە بەرژەوەندی گەلدا بێت ئامادەی ئەنجامدانییەتی، ئەوەشی کە نایەت یەکڕیز ببین ئەوا ناتوانێت ببێتە ڕێگر لە بەردەم پژاکدا و ئێمە لە خەباتی خۆمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامین.”
ڕۆژنیوز: ئایە پژاک هیچ ئامادەکاری کردووە بۆ دەستێوەردان لەم بارودۆخەدا؟
پەیمان ڤیان: “پژاک لە هەموو بارودۆخێکدا خۆی ئامادە دەکات لە هەموو بوارەکاندا و چۆن دەتوانێت گەلەکەی خۆی بپارێزێت، گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا لەنێو چنگی میلتاریزەییدا دەژێت و هەموو ڕۆژێک ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و لەسێدارەدان دەبێتەوە، ئێمەش هەمیشە خەباتمان بۆ گەلەکەمان بووە، هەروەها لەم بارودۆخەدا چی مەترسییەک لەلایەن ئێرانەوە بێت یان لەلایەن هێزە دەرەکییەکان کە دروستببێت ئەوا ئێمە ئامادەین بۆ پارێزگاری لە گەلەکەمان و پێویستە هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێزی پاراستنی جەوهەری خۆیان هەبێت و گەلان خۆیان بپارێزن، ئێمە ساڵانێکە هەوڵ دەدەین بە ڕیگەی گفتوگۆ و سیاسیی کێشەکانی گەل چارەسەر ببێت بەڵام ڕژێم هیچ گۆڕانکارییەکی نەکرد، لە هەموو بارودۆخێکدا ئامادەین کە گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بپارێزن و گەر گەل ڕاپەرێت و ئێمە لەگەڵی نەبین ئەوا شتی وانییە، گەلەکەشمان پێویستە ئەوە باش بزانێت و هەموو ئامادەکارییەکمان هەیە.”
ڕۆژنیوز: ئێوە لە دوای ڕووداوەکانی ١٣ـی حوزەیران ڕاگەیاندراوێکی گرنگتان بڵاوکردەوە و باسی ئەوەتان کردبوو کە پێویستە گۆڕانکاریی لە ڕژێمدا دروستببێت و دیمکوراتیزەکردن پێش بکەوێت، بەڵام کەسانێک دەڵێن دیموکراتیزەکردن بە ئێمە چی؟ تەنها کورد و کوردستانمان دەوێت، ئایە پەیوەندی لەنێوان دیموکراتیزەکردن و ئازادیی کورد و کوردستان چییە؟
پەیمان ڤیان: “ئێمە بەردەوام باوەڕمان بە ئێرانێکی دیموکراتیک هەیە، گەل تەنها کورد نییە بەڵکو گەلانی کورد، عەرەب، بەلووچ، مازەری، فارس، تورکی ئازەری هەیە یانی کەلتوورێکی یەکجار دەوڵەمەند هەیە، ئەو کەلتوورە ناتوانێت لەژێر دەسەڵاتی شیعەگەرێتییدا خۆی بەڕێوەببات، تاک نەتەوە و تاک ئاڵا تاک لە ئێراندا تەنها دەبێتە فاشیزمێک کە بەسەر گەلاندا دەسەپێندرێت، بۆیە ئێمە هەمیشە پێداگرین لە دیموکراتیزەکردن، دیموکراتیکیش دەتوانێت ڕژێم لەناو نەبات بەڵکو ببێتە چارەسەرییەکی بنەڕەتی، بۆیە دەبێت کێشەی گەلان لە بوارەی یاساییدا چارەسەربکرێت بەڵام تا ئێستا ڕژێم یەک هەنگاوێکیشی نەناوە، هەمیشە پێداگریی لە دیکتاتۆری کرد ئەمەش وایکرد کە ئەم هێرشانە بکرێنە سەر ئێران، ئێمە ئێستاش پێداگرین لەسەر ئەوە و تەنها دیموکراتیزەکردنی ئێران دەتوانێت کێشەی گەلان چارەسەر بکات، ئێستا ڕژێم بڕووخێت یان نا ئەوا ئێران هەر پێویستی بە دیموکراتیزەکردن هەیە و هەموو گەلان بتوانن پێکەوە بژێن.
ئێمە ئینکاری لە کوردبوونمان ناکەین و با هەموو کەسێک بزانێت ئێمە کوردین، کوردبوون ڕاستییەک کەس ناتوانێت لێی ڕابکات و پێویستە هەمووان دان بە کورددا ببێن، کورد بۆ کەس شەڕ ناکات و نابێتە پارێزەری کەسی دیکە، کورد ئیدی هەبوونە و پارێزگاری لە هەبوونی خۆی دەکات و ئازادبوونی خۆی بەدەست دەهێنێت، ئیدی ئێمە لەو باوەڕەداین کە ئازادیی کورد ئازادیی گەلانی دیکەش بەدوای خۆیدا دەهێنێت، گەلانی دیکەش ئەو باوەڕییەیان هەیە و بۆیە باوەشیان بۆ “ژن ژیان ئازادی” کردەوە، ژن ژیان ئازادیی تەنها بۆ کورد نەبوو بەڵکو پێناسەی هەموو گەلانی ئێرانی دەکرد، مافی هەموو ژنان و منداڵان و گەلانی لە خۆیدا بەرجەستە کرد، بۆیە چاوی هەموو گەلان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە لە بواری فەلسەفی، ئایدیۆلۆژی و پاراستینیش، ئێمەش باوەڕیی تەواومان بەوەیە کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشەنگایەتی تەواوی گەلانی ئێران بکات و سیاسەت و سیستەمێکی دیموکراتیک بکات لە ئێراندا.”
ڕۆژنیوز: پەیوەندییەکانی پژاک لەگەڵ بەشەکانی دیکەی کوردستاندا لە چی ئاستێکدایە؟
پەیمان ڤیان: :پژاک هەمیشە لەسەر بنەمای ڕۆحییەتی نەتەوەیی پەیوەندی لەگەڵ بەشەکانی دیکەی کوردستاندا باش بووە، باوەڕمان بەوەیە کە ئەو مۆدێلانەی لە بەشەکانی دیکەی کوردستان دروستبووە دەتوانێت ببێتە ئیلهامێک بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، چونکە ڕۆژهەڵات بۆ بەرخۆدانییەکانی ڕۆژئاوا هەمیشە لەسەر پێبوو، ئێستا کاتی ئەوەیە بەشەکانی دیکە خاوەنداریی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەن، گەلی ڕۆژهەڵاتیش دەیەوێت لەلایەن بەشەکانی دیکەوە خاوەندارێتی لێ بکات، بەو پشتیوانییەشی کە ڕۆژهەڵات لە بەشەکانی دیکەی وەردەگرێت، دەتوانێت ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکاتە پێشەنگایەتی بۆ هەموو ئێران، چونکە بە تەڤگەری ئاپۆیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیندووبوویەوە و عەقڵییەتی نەتەوەپەرسی تێپەڕاند و ئێستا تەڤگەری ئاپۆیی ئەڵتەرناتیڤی پێیە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.”
ڕۆژنیوز: لە ئەگەری دەستێوەرداندا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پژاک داوای هاوکاریی لە کێ دەکات؟
پەیمان ڤیان: “پژاک داوا لە هێزە دیموکراتیخوازەکان، ئازادییخوازەکان و ئەو هێزانە دەکات کە بەردەوام شەڕیان بۆ بەرژەوەندییەکانی گەل کردووە لە ئاستی نەتەوەیی یان نێونەتەوەیی، گەل سەرهەڵدان بکات و ناڕازیی بێت ئەوا پێویستە هەموو ئەو هێزانە پشتیوانی لە گەل بکەن، بۆیە ئێمە لە هەر ئەگەرێکدا ئامادەین داواکاری لە هێزە دیموکراتیکەکان بکەین، پێویستە هەموو لایەنێکی ئیدی هەڵوێستی خۆیان دیاری بکەن لەگەڵ کێن، چونکە لە پێشتردا هەرچەندە بە قسە باسی پشتیوانیان لە گەل کردبێت بەڵام بەوشێوەیە نەبوون و لەگەڵ ڕژێم بوونە، ویستوویانە ڕژێمێک بەپێی خۆیان دروستبکەن، ئامانجی ئەوان ئازادیی گەلان نەبووە، بەتایبەت لەم پرۆسەیەدا زۆر لایەن و کەسایەتی دیموکراتیخواز لە ئاستی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی سەردانی دەکەن و دەرگای ئێمە هەمیشە کراوەیە بۆ پشتیوانیکردن لە گەل.”
ڕۆژنیوز: گەلانی ئێران پێویستیان بە ڕزگارکەرێکە، ئایە کێ دەتوانێت ببێتە ڕزگارکەر لەم بارودۆخەدا؟
پەیمان ڤیان: “ڕزگارکەری گەلی ئێران، گەل خۆیەتی، گەر ئەڵتەرناتیڤێک دروست نەکات ئەوا هیچ کەسێک ناتوانێت ببێتە ڕزگارکەر، لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادییشدا ئەوەمان بینی، بۆیە پێویستە لە هەموو ئەگەرێکدا گەلانی ئێران یەکڕیز بن و پشتیوانی لە یەکدی بکەن، گەلی کورد ڕاپەڕێت ئەوا پێویستە گەلی بەلووچ و گەلانی دیکەش ڕابن و کەس چاوەڕیی کەس نەبێت، بۆیە پێویستە گەل ئەوە بزانێت کە ڕاپەڕێت ئەوا هەموو گەلانی جیهان لەگەڵیدان و پشتیوانی لێ دەکەن، لەم هێرشانەدا ڕژێم لاواز دەبێت و پێویستە گەل ئەوە ببینێت، چونکە هەنگاوی بەرەو گەل نەناوە و ئەو ئەتۆمەی کە باسی دەکات بەرهەمی گەلە، گەلانی ئێران ڕاستە پشتیوانی لە هێزە دەرەکییەکان نەکات لە هەمان کاتیشدا ڕژێمی ئێستاش قەبوڵ ناکات، بۆیە لە لاوازبوونی ڕژێمدا پێویستە گەل خۆی باش بە ڕێکخستن بکات.”
ڕۆژنیوز: باس لەوە دەکرێت کە ئاگربەستێک لەنێوان پژاک و ڕژێمدا هەیە، لە ئەگەری درووستبوونی گۆڕانکارییەک لەلایەن گەلەوە، ئایە بژاک ئامادەیە ئەو ئاگربەستە بشکێنێت؟
پەیمان ڤیان: “بەڵێ لە ڕاستییدا ئاگربەستێک هەیە، بەڵام ڕژێم زۆرجار شکاندوویەتی، بە زیندانیکردنی هەڤاڵانمان، بە سەپاندنی سزای لەسێدارە و چەندین جار دەیان هەڤاڵمان لەلایەن ڕژێمەوە هێرشیان کراوەتەسەر، لەم پرۆسەیەدا هەموو گەلانی ئێران چاویان لەسەر پژاکە و چاوەڕێن بزان پژاک هەڵوێستی چییە و ئەڵتەرناتیڤی چییە، پژاک لە کاتێکدا دەستێوەردان دەکات کە بزانێت گەلیش ئەڵتەرناتیڤێکی هەیە، کەی ئامادەکاری و داواکاری گەل دروستببێت، ئەوا پژاک لەگەڵی داواکارییەکانی گەلەکەیەتی، بەردەوامیش لەگەڵ گەل بووین و دەشبین.”
ڕۆژنیوز: پەیام و بانگەوازی پژاک بۆ یەکڕیزی و یەکگرتووی نێو ماڵی کرد چییە بەتایبەت لەم بارودۆخەکدا؟
پەیمان ڤیان: “جیاوازی ئایدۆلۆژی و پارادیگمامان هەرچی بێت بەڵام پێویستە هەر تاکێک گەر لەناو ماڵدا بێت یان گەڕەک یان هەر شوێنێت پێویستە خۆی بەڕێکخستن بکات، ئەوەش بە یەکگرتووی دروست دەبێت، یەکگرتن لەسەر خاڵێکی هاوبەش کە خزمەت بە گەلان بکات.
ئێستا بارودۆخێکی هەستیار و مێژووییە و دەتوانێت چارەنووسی گەلەکەمان دیاری بکات، هەر گەلێک لەم کاتەدا خۆی بە ڕێکخستن نەکات ئەوا ئەو گەلە ئەم قۆناغە ون دەکات، جارێکی دیکە گەر هێزە هەژموونخوازەکان یان ڕژێم بەهێز ببێتەوە ئەوا گەلان سەرکوت دەکەن، بۆیە ئێمە بانگەوازییمان ئەوەیە کە گەل لە هەموو شوێنێک خۆی بە ڕێکخستن بکات و خۆی بپارێزێت.
گەل بە کۆمیتەی تەندروستی، سیاسی و پاراستن بزانێت چۆن ڕێکخستنی خۆی دەکات ئەمەش پێویستی بە تێکۆشانی بەردەوام هەیە، شەڕ کاتێک دەستپێدەکات کە گەل سیستەمی خۆی دابمەزرێنێت و خۆی بەڕێوەببات، بۆئەوەش پێویستە هەموو زەمینەیەکی بۆ ئامادەبکات.”
ب. جـ
Comments are closed.