حەسەن زیرەک؛ مێووژە شیرینەکەى ناو هەمبانەى هونەری کوردی

ناوەندی هەواڵەکان

ئەمڕۆ لە مێژووی هونەری کوردیدا ڕۆژێکی خەمناک و ئازار بەخشە، ڕۆژێک نە کەس بیری دەچێتەوە و نە هونەری ئەو هونەرمەندە لێدەگەڕێ ئەو ڕۆژە بیر بچێتەوە، ئەویش هونەرمەند حەسەن زیرەکە کە ٥٢ ساڵ بەر لە ئێستا و لە ٢٦ـی حوزەیرانی ١٩٧٢ کۆچی دوایی کرد.

٥٧ ساڵ پێش ئێستا چوار بەشی کوردستان دەنگێکی ئەفسوناوی و بەسۆزی لەدەستدا، ئەو مێووژە شیرینەکەى ناو هەمبانەی فۆلکلۆر و هونەری ئەم گەلە بوو، زیادەڕەوییکردن نییە ئەگەر بووترێت زیرەک خۆی بەتەنیا سامانێکی هونەرییە، لە یەک کاتدا خۆی مامۆستای بەستەی کوردیی و پارێزەری فۆلکۆر و زیندووکەرەوەى فۆلکلۆریشە، هەر خۆشی گەشەپێدەری سەرەکی ئاواز و هۆنراوەی کوردییە.

تا ئێستاش شوێنی لەدایکبوونى بە ڕوونی دیار نییە، بەڵام دەوترێت زیرەک لە ڕۆژی ٢ـی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٢١ لە گوندی هەرمێلەی سەر بە شاری بۆکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، بەهۆی هەژاری بنەماڵەکەیەوە نەیتوانیوە بخوێنێت و هەر لە منداڵییەوە ملی بە کارکردنەوە ناوە، بۆیە منداڵی ئەو هونەرمەندە جێگای بەخیلی نییە و چیرۆکەکەی ناخهەژێنە.

زیرەک ڕووی کردە بەغداد و یەکەم گۆرانى خۆی لە ساڵی ١٩٥٣ لەوێ تۆمار دەکات و دەنگی بە سەر شەپۆلە ڕادیۆیییەکاندا سنوورەکان دەبەزێنێت و لەو ماوەیەدا لە بەغدا نزیک بە ٧٥ گۆرانی کوردیی تۆمار دەکات و ئیدی ناوبانگی حەسەن زیرەک بە هەموو شوێنێکدا بڵاودەبێتەوە.

دوای ساڵی ١٩٥٨ دەگەڕێتەوە ئێران و دەڕواتە ڕادیۆی کوردیی تاران لە ساڵی ١٩٦٢ پەیوەندی بە ڕادیۆی کرماشانەوە دەکات و ٨٣ گۆرانی تۆمار دەکات، کە باشترین بەرهەمەکانی ئەوانەن لە ماوەی ئەو دووساڵەدا لە ئۆرکێسترای کرماشان بە سەرپەرشتی مامۆستا موجتەبا میرزادە تۆمار کراون.

موجتەبا لەبارەی ئەو قۆناغەوە وتوویەتی گەر ١٥٠ گۆرانیمان لە ڕادیۆی کرماشان تۆمار کردبێت، ئەوا نزیکەی ١٠٠ دانەیان زیرەک هەر لە ستۆدیۆ لە پڕ بڕیاری لێ داوە بیچڕێت.

زیرەک سەدان گۆرانی لە کۆڕ و دانیشتن و ڕۆیشتنى ناو ئۆتۆمبێل و لە کاروانى ڕێگادا وتووە کە تۆمار نەکراون و هەر ئەو کاتە ئاواز و هۆنراوەکەى بۆ هاتووە و جارێکی دیکە نەیتووەتەوە و لەدەست دەرچووە، هەرچەندە بەشێک لە هونەرمەندان باس لەوە دەکەن، حەسەن زیرەک لە ماوەی تەمەنیدا نزیکەی هەزار و ٥٠٠ گۆرانیی تۆمار کردووە، بەڵام گۆرانییەکانى زۆرینەى فەوتاون و لەناوچوون، ئەو بۆ بەشێک لە گۆرانییەکانی لە شیعری شاعیرانی وەک: نالی، وەفایی، ئیمامی، کوردی، هەردی، پیرەمێرد، هێمن و خۆی و فولکلۆر کەڵکی وەرگرتووە.

بەرهەمەکانی لە وێستگەکانی ڕادیۆی بەغداد، تاران، کرماشان، تەورێز، کەرکووک، موسڵ، مهاباد و هەروەها ئەو گۆرانییانەی کە لە مەجلیسییەکانی بۆکان، بانە، مهاباد، سلێمانی، هەولێر، موسڵ، بەغدا، کەرکووک، دەیان گۆند و سەیرانگا دەڵێ و تۆماریان دەکا.

هەژاری و نەداری لەلایەک سەری لە حەسەن زیرەک شێواند و وەک مەلێکی بێلانە هەر دەمە و لە شارێک و لە گوندێک بوو، لە تارانەوە تا بەغداد وەک گەڕیدەیەک دەگەڕا و بە گەرووی پڕ سۆزی خۆی و بە دڵێکی شکاوەوە هونەرەکەی پێشکەش دەکرد، ئەگەر سەیری هونەری حەسەن زیرەک بکەی ئەو دڵشکاوی و بێ لانەییەی بە ئاشکرا دەبیندرێت و هەستى پێدەکرێت.

زیرەک کە خۆی ئارامی دڵی هەموو کوردێک بوو، بەڵام خۆی دڵێکی شکاوی هەبوو، ئەوەش نەشاردووەتەوە و لە تۆمارێکی دەنگیدا دەڵێت: هونەر لەنێو  كوردا  بایەخی  نییە و  قەدری نەما، هونەر بۆ من بەهرەیەكی  نەدا، بۆ  من  كارێكی  نەكرد  كە بە شوێنیدا بچم، چوون كوردم و بەزمانی كوردی  قسە دەكەم.

لە ژیانیدا ئازار و ئەشکەنجەیان داوە و دەردەسەری و چەرمەسەری زۆری لە کاتی ڕێبواریدا لەم شار بۆ ئەو شار بینیووە، بەڵام ئەوە هەرگیز لە هونەرەکەی ساردی نەکردووەتەوە، ئەو بەم چەند دێڕە شیعرە گوزارشت لە ژیانى تاڵ و چەرمەسەری خۆی دەکات ودەڵێت:

قەت  لە دونیادا نەبوو بێجگە لە ناخۆشی بەشم

ئەی خودا چەند بەدبەخت و چەند چارەڕەشم

سەردەمێك ئاوارە بووم و مودەتێكیش دەربەدەر

قەت نەمدی ڕووی  ئاسوودەگی هەر تووشی گێرە و قەرقەشم

شوێن وەک گوند و شار و گرد و شاخ و چەم و ڕووبار و پێگەیەکی هەرە دیاری ناو هونەری حەسەن زیرەکە، لە بەشی هەرە زۆری گۆرانییەکانیدا ناوی شارێک یان گوندێک یان ناوی گرد و شاخ و دۆڵ و ڕووبارێکی کوردستانی هێناوە، ئەوەتا لە یەکێک لە گۆرانییەکانیدا دەڵێت:

دەچمە سەر ناڵەشكێنە بەرامبەر بە بۆكانێ‌

یاری من هەر نەجیبە باریكە و نەشمیلانێ‌

بمرم كورتێ‌ خاڵ دانە دانێ

دەچمە سەر ناڵە شكێنە بەرامبەر میاندواوێ‌

ئەشقی باڵای لێوئاڵ بووم كوڵمەی گوڵی سێڵاوێ‌

دونیام بێوی من ناوێ‌

زیرەك  لە نەتەوەیەكی بندەست و وڵاتێکی داگیرکراو و لەهەلومەرجێكی ناهەموواری  پڕ لەستەم و نادادی كۆمەڵایەتی ژیا، بۆیە وەک هونەرمەند و کەسایەتییەکانى نەتەوەکانى دیکە قەدری نەگیرا و جگە لە ئازاردان و زیندانیکردن و پەراوێزخستن و دەربەدەرکردنى، هونەرەکەشی بەشی زۆری لەناوچوو، ئێستاش وەک پێویست گرنگی بە هونەرەکەی نەدراوە و بەرهەمەکانى هەمووی کۆنەکراونەتەوە.

هونەری ئەو هونەرمەندە کوردە تەنیا لەناو کورددا نەماوەتەوە، بەڵکو هونەرێکی کیشوەربڕی هەیە و نەتەوەکانى وەک فارس و ئازەر و تورک و عەرەب و یۆنانییەکان و ئەرمەنەکانیش گۆرانییەکانى ئەویان وتووەتەوە یاخود ئاوازەکانی زیرەکیان دزیوە، هەندێکیان ئاماژەیان بەناوی حەسەن زیرەک کردوە و هەندێکیشیان وەک هونەری خۆیان ناویان بردووە.

حەسەن زیرەک لە ساڵی ١٩٧١ تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە دەبێت و لە دوای ساڵێک ململانێ لەگەڵ نەخۆشییەکەی لە ڕۆژی ٢٦ـی حوزەیرانی ١٩٧٢ ژیانئاوایی کرد، لەسەر داواکاری خۆی لە کێوی ناڵەشکێنە لە شاری بۆکان سەر بە پارێزگای ورمێ بە خاک دەسپێردرێت، ئێستا لەسەرانسەری کوردستان و لە تورکیا و ئێرانیشەوە هونەردۆستان دەچنە سەر گۆڕەکەی و ڕازی و نیازی لەگەڵ دەکەن.

هـ.ح

Comments are closed.