هونەرمەندێک لە دامێنی قەڵای هەولێردا بە وێنەکێشان ساتەکان تۆمار دەکات

هەولێر

ئازاد ڕەشید حەوێز ناسراو بە ئازاد تەنیا کە ساڵانێک لە دەوری قەڵای هەولێر خەریکی وێنەکێشانە دەڵێت: جوانی سرووشت وای کردووە ببمە هونەرمەندێکی شێوەکار، پەیامیشی بۆ گەنجان ئەوەیە، کە پەرە بە تواناکاناین بدەن، هونەر نەبێت ژیانیش نابێت.

هونەری وێنەکێشان و ئیشی دەستی یەکێکە لەو شێوازە ناوازانەی هونەر کە لە تەواوی جیهاندا گرنگی پێدەدرێت، هەرێمی کوردستانیش دابڕاو نییە لەو هونەرە و زۆرێک لە بەهرەمەندانی ئەو بوارەش ڕۆحی خۆیان ئاوێتەی سرووشتی کوردستان دەکەن و لە ناو تابلۆکانیاندا دەینەخشێنن، یەکێک لەوانەش هونەرمەند ئازاد ڕەشیدە، کە لە دامێنی قەڵای هەولێر بە شێوازی وێنەکێشانی ڕەش و سپی دەبێتە ئاوێنەی چاوەکان.

ئازاد ڕەشید، تابلۆکێشێکی شاری هەولێرە و لە ساڵی ١٩٨٤ دەستی کردووە بە هونەری وێنەکێشان و ڕۆژانە لە دەوری قەڵای هەولێر دادەنیشێت و وێنەی خەڵک دەکێشێتەوە، وەک خۆی دەڵێت: جوانی سرووشت وای کردووە ببمە هونەرمەندێکی شێوەکار، ڕۆژانە کچان و کوڕانی زۆرێک لە خوێندکاران سەردانم دەکەن و منیش هاوکارییان دەکەم بۆ فێرکردنیان.

ئازاد ڕەشید بژیوی ژیانی لە سەر وێنەکێشانە و جگە لە وێنەی داواکراو، وێنەی کەسایەتی و هونەرمەندانی دیار دەکێشتەوە و دەڵێت: من سوودم لە ڕەنگی ڕەش وەرگرتووە چونکە وێنەکانم زۆربەی ڕەش و سپییە، ڕەنگەکانی دیکەش بەکاردێنم بەس ڕەش و سپی خواستیشی زیاترە و منیش بۆیە زیاتر ئەوە دەکێشم.

دەشڵێت: هەر کەسێک کە هونەرێک دەکات بێگومان ڕێگری هەیە و هاندەریشی هەیە بەڵام من تا ئێستا هیچ ڕێگرێکم نەبووە لەبەردەم کارەکەمدا بەڵکو هاندەرم زۆر زیاتریش بووە، کاتێک خەریکی وێنەکێشانم هەست بە دڵخۆشییەکی زۆر دەکەم لەبەر ئەوەی دەچمە دونیای خەیاڵات، هەر کەسێک هونەرێک بکات هەر خەم و کێشەیەکی هەبێت لە مێشکی نامێنێت چونکە بە کارەکەتەوە سەرقاڵ دەبیت و فکر و هۆشت دەڕوات.

لە کۆتایشدا پەیامی بە گەنجان دەدات و دەڵێت: هیوادارم هەر گەنجێک، هەر کەسێک هونەرێکی هەیە پەرەی پێ بدات، تا هونەرەکەی بەرەوپێش بچێت و خۆشی سەرکەوتن بە دەست بهێنێت، هەموو شتێک بە هونەرەوە جوانە هونەر نەبوو ژیان نییە و دوونیاش نییە.

ب. جـ

Comments are closed.