چەمچەماڵ
سدیق خەیات لە شارۆچکەی چەمچەماڵ ماوەی زیاتر لە ٣٠ ساڵە بە دەستوپەنجەی لە سوچێکی نیشتیماندا بووەتە پارێزەری جلوبەرگ و کولتووری کوردی و باس لە جۆرەکانی جلی کوردی دەکات، هاوشێوەی هەموو پێشەکانی دیکە دابەشنەکردنی مووچە کاریگەریی تەواوی خستووەتەسەر پیشەکەی ئەویش و داوا دەکات حکومەت بیر لە ژیانی هاوڵاتییان بکاتەوە.
سدیق ئیبراهیم ناسراو بە سدیق خەیات، دانیشتوویەکی شارۆچکەی چەمچەماڵە لە پارێزگای سلێمانی، ماوەی زیاتر لە ٣٠ ساڵە سەرقاڵی پیشەی بەرگدوورییە، پێشتر لە نێو بازاڕی چەمچەماڵدا بەرگدوورێک هەبووە بەناوی شێخ ساڵح، بە باوکی سدیق خەیات دەڵێت کە کوڕەکەی واتا (سدیق ئیبراهیم) بهێنێت و لەلای دەستبەکار بێت، ئیدی باوکی پەسەندی دەکات و لە تەمەنێکی منداڵییەوە دەست بە کارکردن دەکات، وەک خۆی دەڵێت: هیچم لە کارەکە نەدەزانی بەڵام بەهۆی ئەوەی حەز و خولیام بۆ کارەکە هەبوو بەزوویی فێربووم، لەماوەی چەند ساڵێکدا بووم بەخاوەن کاری خۆم و دووکانێکی بەرگدووریم بۆ خۆم دانا.

سەبارەت بەو کارانەی ئەنجامی دەدات سدیق خەیات ئاماژە بەوەدەدات، ئێمە بەرگدرووی پیاوانین هەموو جۆرە جلوبەرگێکی پیاوان دەدوورین لەوانە “چۆغەیی، بانەیی، مرادخانی، شاڵ”.
لەبارەی نرخی دوورینی جۆرەکانی جلوبەرگی کوردی پیاوانەوە وتی: گرانترین نرخی دوورینی جلوبەرگی پیاوان بریتییە لە جۆری مرادخانی کە نرخەکەی لەنێوان ٥٠ بۆ٦٠ هەزار دینارە، دواتر جۆری بانەیی نرخەکەی لەنێوان ٣٥ بۆ٤٠ هەزار دینارە، چۆغەیی و کەتافیش نرخەکانیان بە ٢٥ هەزار دینارە.
لەبارەی ڕووداوە ناخۆشەکانی لەکاتی کارکردندا بەسەریهاتووە دەڵێت: بەشێک لەکاتی کارکردنی من کەوتووەتە ناو سەردەمی ڕژێمی بەعسەوە، چەندین جار مەفرەزە خاسە پێش دووکانەکەی لێ گرتووم و بەتۆمەتی کورد بوون لێیانداوم و ئەشکەنجەیان داوم و تەنانەت کەرەستەکانیشیدان لێ دەبردم.
سدیق ئیبراهیم باسی جلوبەرگی کوردی جۆری “شاڵ”ـی کرد و وتی: شاڵ تایبەتمەندی خۆی هەیە و لەسەرجەم جۆرەکانی دیکەی جلوبەرگی کوردی گرانترە، هەروەها کاتێک قوماشێکی شاڵ دێت بەدەگمەن لەو ڕەنگە دەست دەکەوێت، بۆیە دەبێت بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکەی، هەروەها ئەو جۆرە جلوبەرگه ماندوویەتی و وردەکاری زیاتری تێدایە.
باسی لە جۆرەکانی قوماشی شاڵ کرد و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، چەند جۆرێک قوماشی شاڵ هەیە لەوانە قوماشی ئێرانی هەیە نرخەکەی لەنێوان ١٥٠ بۆ ٢٥٠ دۆلاردایە، هەروەها قوماشی شاڵی ڕانیە هەیە نرخەکەی لەنێوان ٢٠٠ تا ٥٥٠ هەزار دیناردایە، هەروەها قوماشی شاڵی زاخۆیی هەیە نرخەکەی لەنێوان ٧٠٠ بۆ ١٣٠٠ دۆلار دایە.
سەبارەت بە دابەشنەکردنی مووچە و کاریگەرییەکانی لەسەر ئەوان سدیق خەیات ئاماژە بەوەدەدات، نەبوونی مووچە تەنها بازاڕی ئێمە نا بەڵکو گرفتی بۆ تەواوی بازاڕ درووستکردووە، دواکەوتنی مووچە ٧٠٪ بازاڕی ئێمەی لاواز کردووە و ڕێژەی دوورینی جلوبەرگی بە قەرز زیاد کردووە، کەسی وا هەیە دێت دەڵێت جلوبەرگەکەم بۆ بدوورە تا مووچە وەردەگرم، هەندێک کەس کە جلوبەرگەکەی بۆ دەدوورین بە قەرزی مووچە، کاتێک مووچە وەردەگرێت، بەهۆی ئەوەی نزیکەی دوومانگ جارێک مووچە دەدرێت، دێتەوە دەڵێت مووچەکەم بەشی نەکردووم.
لەکۆتاییدا سدیق ئیبراهیم داوایەکی ئاڕاستەی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان کرد و وتی: داوادەکەم لەحکومەتی کوردی بیر لەژیانی هاوڵاتییان بکەنەوە، بیر لەژیانی ئەو کەمئەندامانە بکەنەوە، کە ١٥٠ هەزار وەردەگرێت دەبێت بەشی چی بکات.
ب. جـ
Comments are closed.