ڕانیە
ئەمڕۆ، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان و هونەردۆستان، چالاکییەکانی سێیەمین دیداری شانۆیی ڕانیە دەستی پێ کرد، کە تێیدا چەندین گرووپی شانۆیی لە شار و شارۆچکە جیاوازەکانی کوردستانەوە بەشدارییان کردووە و بەرهەمەکانیان نمایش دەکەن.
ئەمڕۆ لە هۆڵی ڕۆشنبیری ڕانیە لە شارۆچکەی ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین، سێیەمین دیداری شانۆی ڕانیە، بە بەشداری پێنج گرووپی شانۆیی دەستی پێ کرد.
وابڕیارە ئەمڕۆ ئەو پێنج گرووپە بەشداربووەی فێستیڤاڵەکە چەند بەرهەمێک پێشکەش بکەن و سبەینێ مەڕاسیمی دابەشکردنی خەڵات بەڕێوەبچێت بەسەر بەشداربواندا.
دەربارەی ئامانجی دیدارەکە، عوسمان ڕەسووڵ ڕێکخەری دیدارەکە بە ڕۆژنیوزی وت: “ئامانجمان بەگەڕخستنەوەی جموجۆڵی شانۆیە، هەم لە ڕانیە و هەم لە دەڤەرەکە، مەبەستمانە شانۆکارانی دەڤەری ڕاپەڕین ئاشنا بکەین بە شانۆکارانی شارەکانی دیکە، تا ئاست و تواناکانی یەکتر ببینن و ئەزموون ئاڵوگۆڕ بکەن.”
دیدارەکە بە چەند وتارێک دەستی پێ کرد، پاشان گرووپی میوزیکی یەڵدا دوو بەرهەمیان پێشکەش کرد، یەکەم نمایشی شانۆیی لەلایەن بنکەی ڕۆشنبیری و هونەری ڕانیەوە بوو، دووەم نمایشیش لەلایەن تیپی دیالۆگی کەرکوکەوە پێشکەش کرا.
بەپێی کارنامەی دیدارەکە، بڕیارە ئەمڕۆ چەند نمایشێکی دیکەش پێشکەش بکرێن، لەوانە شانۆیی “بەرد” لەلایەن گرووپی پیرەمەگروون، نمایشێکی گرووپی سەردەمی قەڵادزێ و شانۆیی “پەناهەندە” لەلایەن گرووپی کفرییەوە، هەروەها ئێوارەی ئەمڕۆش سیمینارێک لەلایەن ڕێباز محەمەدەوە دەربارەی خوێندنەوە بۆ دەقە شانۆییەکان بەڕێوەدەچێت و ڕۆژی دووەمی دیداریش بە دابەشکردنی خەڵات بەسەر بەشداربوواندا کۆتایی دێت.
ب.گ
Comments are closed.