سلێمانی
توێژەرێک بواری ژینگە دەڵێت: جەنگ مەترسی و کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژینگە دەبێت، بە درێژایی مێژوو جەنگەکان ڕێگربوون لە هەوڵەکان بۆ بەرەوپێشچوونی ژینگە، دەشڵێت: لە ٢٠٠ ساڵی ڕابردوودا سیستەمی سەرمایەداری زۆرترین زیانی بە ژینگە گەیاندووە.
ژینگە هۆکارێکە بۆ بەردەوامبوونی ژیان، بەڵام لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا کۆی سیستەمی ژینگە بەرکەوتەی ئەو کاریگەرییانەی، کە دەرئەنجامی سیستەمی سەرمایەداری درووستی کردووە بۆ بەردەوامبوونی خۆشی سیستەمی سەرمایەداری شەڕ و کاولکاری وەک ئامرازێک بۆ درێژەدان بە تەمەنی خۆی بەکاردەهێنێت، کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژینگە هەیە.
دەربارەی کاریگەری جەنگ و نەبوونی هۆشیاریی لەسەر ژینگە، خالید سلێمان نووسەر و توێژەری بواری ژینگە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

خالید سلێمان وتی: کۆی سیستەمی ژینگەی جیهانی لەژێر هەڕەشەی گۆڕانکاری کەشوهەوا و چالاکی پیشەسازیدایە، ئەم هەڕەشانە دەبنە هۆی لەناوچوونی ژینگە ئەویش بە دەستی مرۆڤ، کە لە زۆربەی ناوچەکانی جیهان دارستان و سەوزاییەکان دەبڕنەوە و لەناو دەبرێن.
وتیشی: لە ٢٠٠ ساڵی ڕابردوودا سیستەمی سەرمایەداری زۆرترین زیانی بە ژینگە گەیاندووە، ئەگەر باسی زانستیش بکەین دوو لایەنە، لایەنی باش و خراپ، زانست گڵۆبالیزمی پێشخست، کە بە سوودی کۆمەڵگە بوو، بەڵام هەر زانست بوو چەکیشی درووست کرد، یەکێکی دیكە لە مەترسییەكانی تێکەڵکردنی هەموو پاشماوەکانە بێ جیاوازی ئەمەش کاریگەریی لەسەر خاک و ئاو ئەبێت.
دەشڵێت: جەنگ مەترسی و کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر ژینگە، ئەگەر سەیری مێژوو بکەین دەبینین هەمیشە جەنگەکان ڕێگربوون لە هەوڵەکان بۆ بەرەوپێشچوونی ژینگە، جگە لەو دەرئەنجامانەی دیكەی جەنگ، کە کاریگەریی لەسەر خاک و کەشوهەوا دەبێت.
لە كۆتاییدا وتی: بە پێویستیشی دەزانم دەزگاکانی ڕاگەیاندن گرنگی زیاتر بە ژینگە بدەن و نەوەیەکی هۆشیار دروست بکەن.
ئـ. پـ
Comments are closed.