ناوەندی هەواڵەکان
ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانی کاری پەرلەمانتارەییە لە جیهاندا، کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دیاری کراوە، ئەم ڕۆژە بۆ بەرز ڕاگرتنى کار و ماندووبوونی کاری پەرلەمانتاری لە جیهاندا ناسێندراوە، بەڵام رەنگە ئەم ڕێزلێنانە بۆ ژیانى کاری پەرلەمانتاری جیاواز بێت.
یەکێتى پەرلەمانتارانی جیهان، کە ساڵی ١٨٨٩ دامەزراوە بەردەوام جەختی لەسەر دیاریکردنى ڕۆژێک کردوەتەوە بۆ ڕێزگرتن و بەرز ڕاگرتنی کاری پەرلەمانی، بۆ ئەوەش پێشنیازی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، کە ٣٠ تەممووز بکرێتە ڕۆژی کاری پەرلەمانتاری، نەتەوەیەکگرتووەکانیش لە ساڵی ٢٠١٨ ئەو پڕۆژەى دیاریکرد.
پەرلەمانتاری چییە؟
کاری پەرلەمانتاری بریتییە لە چەند ئەرکێک، کە سەرۆکایەتى پەرلەمان و پەرلەمانتاران بۆ خزمەتی گشتى جێبەجێی دەکەن، کە ئەویش خۆی دەبینێتەوە لە( یاسا دەرکردن، چاودێریکردن، لێپرسینەوە، بڕیارە ستراتیژەکان، پەسەندکردن، بەدەمەوە چوونی هاوڵاتییان، لێکۆڵینەوە و توێژینەوەکان، پێشبینی ڕووداوەکان، دانانی پلان و ستراتیژ، دروستکردنی پردی پەیوەندی هاوڵاتی و دەسەڵاتەکانى تر،) چەند ئەرکێکی تریش.
پەرلەمانتار لە چوارچێوەی ئەو یاسا و پەیڕەوەی، کە بۆی دانراوە کار لەم ئەرکانەدا دەکات، لەوە بترازێت لە کاری پەرلەمانتاری دەردەچێت و دەچێتە خانەى بەرژەوەندی کەسی و حزبی و بنەماڵەیی و خێڵ و گرووپە جیاوازەکانەوە، کە ئەویان بۆ ئەرکێکی جیاوازتر ڕاسپاردووە.
پەرلەمانتار کێیە؟
پەرلەمانتار بە هەڵبژاردن لەلایەن گەلەوە بۆ نوێنەرایەتیکردنی دەنگدەران هەڵدەبژێردرێن، بەرپرسیارێتییەکی گەورەیان لە ئەستۆدایە، کە کرۆکی کارەکەی بریتییە لە نوێنەرایەتیکردنی دەنگدەران سەرجەم توێژەکانی کۆمەڵگە بەبێ جیاوازی ئاینی و ڕەگەزی و نەژاد و خێڵ و ناوچە.
دەکرێت پەرلەمانتار لەنێو ئەو لێژنانەی کەوا لە پەرلەمان درووست دەکرێن کار بۆ چینێکی دیاریکراو بکات، بەڵام لە کۆتاییدا دەبێت نوێنەری ڕاستەقینەی هەموو ئەندامانی کۆمەڵگە بێت، پەرلەمانتار ئەرکی ئەوەیە، کە نیگەرانی و خواستەکانی دەنگدەرەکانیان لە پرۆسەی یاساداناندا جێبکەنەوە و گەنگەشەیان لەبارەوە بکەن.
لەو ڕۆژەوەی، کە پەرلەمانتار سوێندی یاسایی دەخوات کەمترین ئەرکی پەرلەمانتار کاری سیاسی و حزبی دەبێت، بەڵکو تەواوی چوار ساڵی یاسایی ئەرکی چاودێری تەندروستی و سیاسەتی پەروەردەوە و ژێرخانی و ژینگەیی و پرسە ئابووریەکان و ئاسایشی کۆمەڵایەتی لە گرنگترین پرسەکان، کە بۆ هاوڵاتی دەبێت.
پەرلەمانتار ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە دڵنیابوونەوە و بەدوواداچوون لەوەی دامەزراوە میرییەکان خزمەتگوزارییەکان دەگەیەنن بە سەرجەم ناوچەکان بەبێ هیچ جیاوازییەک و لەسەر بنەمای پێویستی ناوچەکە، هەروەها پەرلەمانتاران دەتوانن یارمەتی دامەزراوە میرییەکان بدەن لە بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی حکومەت و بەتایبەتی سەرچاوە مرۆیی و داراییەکان، چارەسەرکردنی نیگەرانییەکانیانی هاوڵاتیان و داکۆکیکردن لە پێداویستییەکانیان.
ئەرکی پەرلەمانتار
پەرلەمانتار وەکو نوێنەری گەل ر ئەرکی گەیاندنی پەیام و بە دەستخستنی وەڵامی پرسیارەکانە بۆ هاوڵاتییان، واتە پردێکە لە نێوان دەسەڵات، کە دامەزراوە میرییەکان لەخۆ دەگرێت لەگەڵ هاوڵاتیی، هاوکات ئەرکی لێپرسینەوەی لە ئەستۆدایە لەبەرامبەر دەسەڵاتی جێبەجێکردن (حکومەت) و لێکۆڵینەوە لە کارەکانیان و دڵنیابوونەوە لە بەکارهێنانی سەرچاوەکان بەشێوەیەکی دادگەرانە بە لەبەرچاوگرتنی بەردەوامی و داهاتووی کۆمەڵگە.
چاودێریکردن بەرپرسیارێتییەکی دیكەی بنەڕەتی ئەندامانی پەرلەمانە، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە پەرلەمانتار کاربکات بۆ پەرەپێدانی شەفافیەت و پاراستنی متمانەی گشتی بە دامەزراوەکانی حکومەتدا نەوەکو پێچەوانەکەی، پێویستە پەرلەمانتار لەڕێگەی پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هاوڵاتی و بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کۆڕ و کۆبوونەوەکان و فیدباکی هاوڵاتیان، نیگەرانیەکانی هاوڵاتیان بکەنە پرۆژە و پێشکەشیان بکات و گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت.
نابێت پەرلەمانتار چاوپۆشی لە دادپەروەری کۆمەڵایەتی و سەلامەتی گشتی بکات، ئەندامانی پەرلەمان پێویستە پاڵپشتی لەو سیاسەتانە بکەن، کە چین و ناوچە پەراوێزخراوەکان دەبوژێنێتەوە، پارێزگاری لە بنەماکانی مافی مرۆڤ ئازادی تاک و سەلامەتی کۆمەڵگا بکەنەوە و نەهێڵن بە هیچ بیانوویەک ئازادی تاک بشێوێندرێت و سنوردار بکرێت.
پەرلەمانتار چی ناکات؟
بەپێی یاساکان ئەرک و دەسەڵاتی پەرلەمانتاران دیاریکراوە، کە هیچ پەرلەمانتارێک نە دەتوانێت و نە کاری ئەوانیشە قیرتاو بکەن و پرد و شەقام درووست بکەن و گەنجان دابمەزرێنن، بەڵکو لە ڕێگەی پەرلەمان و پرۆژە یاساکانەوە دەکرێت کاریگەری درووست بکەن و حکومەت ناچار بکەن، کە کاربکات بۆ خۆشگوزەرانی کۆمەڵگە.
بەپێی بڕگەی شەشی مادەی ٤٩ـی دەستووری عێراق، کە سەرچاوەی یاسادانانی پەرلەمانى عێراق و هەرێمی کوردستانیشە، وە لە جیهانیش هەر بەو جۆرەیە، پەرلەمانتار جگە لە کاری پەرلەمانتاری نابێت هیچ ئەرک و فەرمان و کاسبیەکی دیکەى هەبێت كە پێوەى سەرقاڵ بێت.
هەر بەپێی یاساکانى پەرلەمانتاری نابێت پەرلەمانتار نفوزی خۆی بەکار بهێنێت بۆ کاروکاسپی بەتایبەتی لە فەرمانگە حکومیەکاندا ، واز لە به رژەوەندی تایبەتی بێنێت بۆ بەرژەوەندی گشتی، سکاڵا و هاواری هاونیشتمانیان بگەیەنێتە پەرلەمان نەک هاواری بەرژەوەندی تایبەتی خۆی بکات.
پەرلەمانتار و یاسا
بێگومان پەرلەمانتاریش ئەگەرچی خۆی یاسا دانەرە، لە هەمان کاتدا لەژێر چەتری یاسادایە و وەک هەر هاوڵاتییەک دەتوانرێت لێپرسینەوەى یاسایی لەگەڵ بکرێت و بدرێتە دادگا و هەموو ئەو سزایانە دەیگرێتەوە، کە لە وڵاتەکەدا هەیە بەپێی ئەو تاوانەى کردوویەتى، بەڵام جیاوازییەک لێرەدا ئەوەیە پەرلەمانتار پارێزبەندی هەیە تا، سەرۆکایەتى پەرلەمان پارێزبەندییەکەى لەسەر هەڵنەگرێت ناتوانرێت دەستگیر بکرێت و ببرێتە دادگا.
بۆ لێپرسینەوە لە پەرلەمانتار دوو ڕێکار هەیە، رێکاری یەکەم لە رێگای پەرلەمانەوە لێپرسینەوەی لێبکرێت و هۆشداری پێبدرێت، کە دەبێت خۆی یەکلایی بکاتەوە لە نێوان ( پەرلەمانتاری وکاسپیکردندا) ، لەکاتی خۆیەکلایی نەکردنەوەی دەبێت پەرلەمان مافی ئەندامیەتی پەرلەمانی لێ وەربگرێتەوە پاڵپشت بەو رێسا ویاسایەکان.
رێکاری دووەم ئەگەر پەرلەمان پشتگوێی بخات وەکو کردویەتی تا ئێستا ئەوە هەموو هاوڵاتیەک دەتوانێت دوای تەواوبوونی خوولەکەی سکاڵا لەسەر ئەو پەرلەمانتارە تۆمار بکات بەو سیفەتەی هەموو هاوڵاتیەک خاوەن بەرژەوەندیە و ئەو پەرلەمانتارە یاسا شکێنی کردووە ولەسەر حسابی هاوڵاتیان موچه و دەرماڵەی نایاسایی وەرگرتووە و هەروەها كاسپی نا یاسایایی و نائاسایی کردووە.
پەرلەمانتاری لە هەرێمی کوردستان
لە هەرێمی کوردستان کاندیدەکان لە ڕێگای حزبە سیاسییەکانەوە دەچنە پەرلەمانى هەرێمی کوردستان ئەستەمە کەسێک بەبێ پاڵپشتی حزب و گرووپ و بنەماڵەیەک بتوانێت لە هەڵبژاردن دەربچێت و بچێتە ناو پەرلەمانەوە، بۆیە لە یەکەم هەڵبژاردنى ساڵی ١٩٩٢ـەوە تا ئێستا بە دەگمەن کەسێک هەبوو بێت بەبێ پاڵپشتی حزبی بچێتە پەرلەمان.
ئەم شێوازی لە پەرلەمانتار بوونە وایکردوە، کە حزب و سەرکردە و لایەنەکان ببنە خاوەنى پلەیەکی پەرلەمانتار و بەو جۆرەی بیانەوێت ئاڕاستەی دەکەن، لەکاتى ئەرکەکەشیدا پەرلەمانتارانى هەرێم ئەوەندەى بەرگری لە حزبەکان دەکەن ئەوەنندە بەرگری لە هاوڵاتییان ناکەن.
هیچ کاتێک لە مێژووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ڕووی نەداوە پەرلەمانتاران لە بۆچوون و سیاسەتى حزبەکەیان لابدەن ولەسەر بەرگریکردن لە هاوڵاتییان لە حزبەکانیان دەرکرابن، لە خولی سێیەمی پەرلەمان نەبێت، کە دوو پەرلەمانتار لەسەر وەرگرتنى شووقە لە بزوتنەوەى گۆڕان دوور خرانەوە.
هەروەها پەرلەمانتارانى هەرێم لە شەش خولی رابردوودا تا ئێستا هیچ وەزیر و بەرپرسێکیان لە حکومەت دوور نەخستووەتەوە و متمانەى لێنەسەندراوەتەوە، چونکە پەرلەمانتاران خۆیان و ئەوانەى لەناو حکومەتیشدا لە حزبەکانن، ئەوەش وایکردووە هیچ لێپرسینەوەیەک لە کەس نەکرێت.
بەپێی ڕێکخراوەکانى چاودێریکردنى پەرلەمانتارانی هەرێمی کوردستان، پەرلەمانی هەرێمیان رۆژ بە رۆژ بەرەو پاشەکشە و لاوازی و ناچالاکی بردووە، حزب و دەسەڵاتدارانى هەرێم بەشێوەیەکی سیستەماتیک رۆڵ و ئەرکی پەرلەمانتارانیان کۆنترۆڵ کردووە، بەجۆرێک توانای بەرگرییان لە پێگە و رۆڵی خۆیان و ماف و خواستەکانى هاوڵاتییانیان نەماوە.
ئێستا لەمانگی ١٠ـی ساڵی ڕابردوو هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی هەرێم کراوە، تا ئێستا تەنها سوێندی یاساییان خواردووە و هیچ کۆبوونەوەیەکیان نەکردوە، مانگانەش پارەیەکی بێشوومار وەردەگرن بەبێ ئەوەى دەوام بکەن و هیچ ئەرکێک جێبەجێ بکەن، بۆیە پەرلەمانی هەرێم ئێستا هیچ ئەرک و رۆڵێکی نەماوە و بەتەواوی کەوتووەتە ژێر هەیمەنەى حزبەکانى دەسەڵاتدار و حکومەتەوە.
هەر بە پێی ئامارو راپۆرتەکانی ڕێکخراوە ناوخۆییەکانى هەرێمی کوردستان، خول دوای خولی پەرلەمانی ئەندامەکانى پەرلەمان لاواز و کەمئەزموونن، بەجۆرێک کەمترین شارەزایی یاسایی و دەستووریان هەیە و لەبواری پسپۆرییەکانیشدا بەپێی پێویست نین، بۆیە ئەمە کاریگەری لەسەر جۆری یاسا و بریارەکان دروستکردوە.
هـ.حـ
Comments are closed.