بەهۆی خۆڵبارینەوە لە ڕاپەڕین ١٤ کەس ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون 

ڕاپەڕین 

بەهۆی کاریگەریی خۆڵبارینەوە، لە ئیدارەی ڕاپەڕین ١٤ کەس ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون و  دوو کەسیان لەژێر چاودێری چڕدان و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی قەڵادزێش بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، تەنها لە قەڵادزێ شەش کەس چارەسەریان وەرگرتووە.

ماوەی دوو ڕۆژە، شەپۆلێکی چڕی خۆڵبارین هەرێمی کوردستانی گرتوەتەوە، بەهۆی کاریگەرییەکانیشییەوە تا ئێستا تەنها لە دەڤەری ڕاپەڕین، ١٤ کەس ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.

سەبارەت بە ئاماری سەردانیکەرانی نەخۆشخانەی قەڵادزێ د. ئازاد ئەحمەد بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی قەڵادزێ بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، تا ئێستا شەش کەس بەهۆی خۆڵبارینەوە سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە، دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە.

هەروەها ڕایگەیاند، لە ڕانیەش، هەشت کەس بەهۆی خۆڵبارینەوە تووشی تەنگەنەفەسی بوون و بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر سەردانی نەخۆشخانەی گشتی ڕانیەیان کردوە، کە دوو کەسیان تا ئێستا لە خۆشخانەن و لەژێر چاودێری پزیشکیدان و ئەوانی دیکە نێردراونەتەوە ماڵەوە.

لەمبارەیەوە کەشناسی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە ئێوارەی ئەمڕۆوە کاریگەری شەپۆلەکە لاواز دەبێت.

ب.گ

Comments are closed.