مێزگردێک لەبارەی ڕۆڵی میدیا و گۆڕانکاری کەشوهەوا بەڕێوەچوو

سلێمانی

لە سلێمانی مێزگردێک سەبارەت بە ڕۆڵی میدیا لە کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانکاری کەشوهەوا بەڕێووەچوو، تێیدا باس لەوە کرا، دەبێت ڕۆژنامەنووسی تایبەت بەم بوارە هەبێت و بنەما زانستییەکانی ژینگە تێبگات و هۆشیاری ژینگەیی بڵاو بکاتەوە.

ئەمڕۆ لە کارگەی کولتووری لە شاری سلێمانی، بەدەستپێشخەری سەندیکای ئەندازیارانی کشتوکاڵی کوردستان و بە هاوبەشی پڕۆژەی زاگرۆسی گرووپی ژینگەیی، مێزگردێک ڕێکخرا سەبارەت بە ڕۆڵی میدیا لە کەمکردنەوەی کاریگەریەکانی گۆڕانکاری کەشوهەوا.

لە مێزگردەکەدا گفتوگۆ لەبارەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە کرا و تێیدا خالید سلێمان شارەزای بواری ژینگەیی وتی: میدیا ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری گشتیی، بۆ کۆمەڵگا لەبارەی گۆڕانی کەشوهەوا و سیستەمی ژینگەییەوە، بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکان.

وتیشی: لە پاڵ میدیادا سێکتەری پەروەردە و یاسا هەیە، بەڵام لەبەرئەوەی تا ئێستا ڕۆڵی بەرچاویان نەبووە لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا، ئەوا میدیا دەتوانێت ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە، بەتایبەت دەبێت ڕۆژنامەنووسی تایبەت بەم بوارە هەبێت و بنەما زانستییەکانی ژینگە تێبگات و هۆشیاری ژینگەیی بڵاو بکاتەوە.

هەروەها شیلان علی ئەندازیاری کشتوکاڵ لەمبارەیەوە وتی: بەگشتی میدیا و سۆشیال میدیا ڕۆڵی کاریگەریان لە هۆشیارکردنەوەی تاک و کۆمەڵگەدا هەیە، بۆیە دەبێت میدیا بەباشی کار لەسەر ژینگە بکات .

وتیشی: جگە لە میدیا پێویستە ڕێکخراوەکانی ژینگەش گرنگی زیاتر بە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا بدەن، بەتایبەت لە ڕێگەی کۆڕ و سیمنارەوە ڕۆڵی خۆیان بگڕێن، لەگەڵ ئەوەشدا گرنگە لە میدیاکان ڕۆژنامەنووسی تایبەت بە بواری ژینگەیی هەبێت، کە پاشخانێکی زانستییان هەبێت لە بوارەکەدا، بەمجۆرە باشتر دەتوانن کار لەسەر ژینگە بکەن و پەیاماکە بگەیەنن .

ب.گ

Comments are closed.