زیاتر لە ٦٠ ڕۆژ بێمووچەیی بەدیار بێباکییەکانى هەرێم و بەغدادەوە

ناوەندی هەواڵەکان

ناکۆکییەکانى حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتى فیدراڵی عێراق لەسەر پرسی نەوت و داهات و مووچە زۆر درێژەی کێشا و وا خەریکە ١١ ساڵ تەواو دەبێت ئەم پرسانە چارەسەر نەکراون، کە قوربانی یەکەم لەو ناکۆکییە ١١ ساڵییەدا هاوڵاتییانى هەرێمی کوردستانن.

کۆتایی مانگی ڕابردوو شاندێکی تەکنیکی حکومەتى فیدراڵی عێراق سەردانى هەولێریان کرد و لەسەر پرسی نەوت و مووچە و داهاتی ناوخۆ لەگەڵ شاندی حکومەتى کاربەڕێکەری هەرێم کۆبوونەوە، دوای گفتوگۆیەکی دوو ڕۆژە ئەنجامێکی ئەوتۆی نەبوو.

ڕۆژی شەمەى ڕابردوو شاندێکی حکومەتى کاربەڕێکەری هەرێم گەیشتە بەغداد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر مووچە و داهات و نەوت، ئەوانیش دوای دوو ڕۆژ بە دەستى بە تاڵ گەڕانەوە هەرێم و هیچ ڕێککەوتنێکی لێنەکەوتەوە.

دواتر چاوەکان چوونە سەر کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیرانی عێراق، ڕۆژی سێ شەمە ئەنجوومەنی وەزیران بەسەرۆکایەتى سوودانى کۆبووەوە، بەڵام ئەویش خۆی لە پرسی مووچە بوارد و هیچ بڕیارێکی بۆ ناردنی مووچە نەدا.

کێشەکەی هەرێم و بەغداد چییە؟

کێشەی هەرێم و بەغدا بەشێکیان مێژوویین و ڕیشەیەکی درێژیان هەیە، بەڵام ساڵی ٢٠١٤ کێشەکانی هەرێم و بەغداد لەگەڵ کێشەی خاک و نەتەوەییەوە کێشەی ئابووری و داراییشی بۆ زیاد بوو، ئەوەش کاتێک بوو کە حکومەتى هەرێم پڕۆژەى ئابووری سەربەخۆی ڕاگەیاند، لێرەوە کێشەکان شێوەی تریان وەرگرت و چوونە سەر خەرمانی کێشەکانی تر.

کاتێک حکومەتى هەرێم دەیان گرێبەستى نەوتى لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانى جیهان واژۆ کرد و دواتر نەوت دەرهێنرا و ڕەوانەى دەرەوە کرا، بەغداد بودجە و مووچەی هەرێمی بڕی، لەوکاتەوە تا ئەم ساتە چەندین ڕێککەوتن کراوە بۆ ئەوەى ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت، بێ ئەنجام بووە.

ساڵی ٢٠٢٢ هەرێم و بەغدا ڕێککەوتن کە هەرێم بۆ ساڵەکانی ٢٠٢٢ و ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ مانگانە ١٥٠ هەزار بەرمیل نەوت و لە ٥٠٪ـی داهاتى ناوخۆ ڕادەستى بەغداد بکات، لەبەرامبەردا بەغدادیش مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بەبێ گرفت و کێشە بنێرێت.

لەماوەى ئەو سێ ساڵەدا ڕێککەوتنەکان وەک خۆی جێبەجێ نەکران و نە هەرێم نەوت و داهاتى بەپێی ڕێککەوتنەکە ڕادەست کرد، نە بەغداش مووچەی تەواوی بۆ هەرێم نارد.

لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ـدا جارێکی دیکە هەرێم و بەغداد دیسان لەسەر نەوت و داهات و مووچە ڕێککەوتنێکی دیکەیان واژۆکرد و هەردوولا وتیان ئیدی ئەم کێشەیە کۆتایی پێهات و هەردوولا پیرۆزباییان لە خەڵکی عێراق و هەرێم کرد کە کێشەکەیان لە بنەڕەتەوە چارەسەرکرد، بەڵام زۆری نەبرد مانگی نیسانى ڕابردوو تەیف سامی بە نووسراوێک مووچەی هەرێمی ڕاگرتەوە و وتی: هەرێم پشکی خۆی وەرگرتووە.

هەموو ئەو کێشانە لەکاتێکدایە کە دادگای فیدراڵی عێراق ئەم پرسەی بە ڕوون و ڕەوانی یەکلایی کردووەتەوە و هەردوولای پابەند کردووە بەوەی هەرێم نەوت و داهات ڕادەست بکات و تەوتینی مووچە بکات، بەغدادیش شایستە داراییەکان بەتەواوی بۆ هەرێم بنێرێت، هاوکات یاسای بودجەی ٢٠٢٥ زۆر بە ڕوونی ئەرک و مافی هەردوولای دیاریکردووە.

ماوەی هەفتەیەکە گفتوگۆی چڕوپڕ لە نێوان هەرێم و بەغداد هەیە بۆ ئەوەى هەردوولا ئەم ناکۆکییانە چارەسەر بکەنەوە، بەڵام تا ئەم ساتە نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن و بەربەستی یەکەمیش لەبەردەم ئەو ڕێککەوتنە پرسی نەوت و کۆمپانیاکانی نەوتە.

هەرێم و بەغدا چیان لەیەکتر دەوێ؟

حکومەتى فیدراڵی عێراق ڕادەستکردنی نەوتی بەرهەمهاتوو بە کۆمپانیای سۆمۆ لەگەڵ ڕادەستکردنى ٥٠٪ـی داهاتی ناوخۆ و بە بانکیکردنى مووچەی مووچەخۆرانی لە حکومەتى هەرێم دەوێت، لەبەرامبەردا ترلیۆنێک دینار بۆ هەرێم دەنێرێت.

حکومەتى هەرێمیش دەڵێت: لە ١٢٪ـی پشکی خۆی کە لە یاسای بودجەدا دیاریکراوە و بڕەکەی دەگاتە ٢٠ ترلیۆن دینار دەبێت پێبدرێت، هاوکات ١٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بۆ پێداویستى ناوخۆی پێبدرێت.

داواکارییەکی دیکەی هەرێم ئەوەیە کە ئەو قەرزەی کۆمپانیا نەوتییەکان لای هەرێمە بەغداد بیداتەوە و کرێی کۆمپانیاکانیش دابین بکات، لەگەڵ چەند داواکارییەکی دیکە، بەڵام بەغداد هەمووی ڕەتدەکاتەوە.

ئێستا کێشەکە بەمجۆرە ماوەتەوە، هەرێم و بەغدا لەسەر ڕادەستکردنى ٥٠٪ـی داهاتى ناوخۆ ڕێککەوتوون، بەڵام لەسەر پرسی نەوت و بەبانکیکردنى مووچەخۆران ڕێککنەکەوتوون، مووچەخۆرانی هەرێمیش زیاتر لە ٦٠ ڕۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە و بوونەتە قوربانی ناکۆکییەکانى هەردوو حکومەت، ئەوانیش زۆر بێباکانە و لەسەرخۆ گفتوگۆکان دەکەن وەک ئەوەى مووچەیان لەکاتی خۆیدا دابێت و خەڵک تیروپڕ بێت.

هـ حـ

Comments are closed.