هاوینەهەواری سەرچنار ڕۆحێکی ئاوێتە بە شاری سلێمانی

سلێمانی

سەرچنار یەکێکە لە هاوینە هەوارە دێرینەکانی شاری سلێـمانی، بەهۆی بوونی ئاوی هەڵقوڵاوی ژێر زەوی گرد و بەرزاییەکانی بووەتە شونێکی گەشتیاری فێنک و دڵڕفێن، هاوڵاتییان و گەشتیاران بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش لەناو سرووشتدا ڕوو لە هاوینەهەواری سەرچنار دەکەن.

پیرەمێردی شاعیر لەوەسفی سەرچناردا دەڵێت:

زەمزەمەی بولبولی ئێوارانی           نەرمە بارانی ژێر دەوارانی

لە نەشئە و بەزمی سەرچنارانی       وشکە سۆفی دەخاتە گۆرانی

ئەو ئاوەی لە سرووشتە جوانەکەی بەرزاییەکانی دەوروپشتی سەرچنارەوە هەڵدەقوڵێت، گرنگییەکی زۆری هەیە لە بوژاندنەوە و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکەدا، لەگەڵ ئەوەشدا سەرچاوەی بەشێکی سەرەکی دابینکردنی ئاوی سلێمانییە، بەڵام بەهۆی وشکەساڵییەوە لە هاویندا ئاستی ئاوەکەی زۆر کەم دەکات.

گەر بمانەوێت دەربارەی مێژووی هاوینەهەواری سەرچنار بدوێین، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای دروستبوونی شاری سلێمانی، سەرچاوە مێژوییەکان پێماندەڵێن یەکێک لەو هۆکارانەی وایان لە ئیبراهیم پاشای بابان کردووە کە سلێمانی هەڵبژێرێت بۆ دروستکردنی شار، هۆکاری تۆپۆگرافی بووە، بەو واتایەی لەو کاتدا مەڵکەندی کراوەتە سەنتەری شار، لە دەوروبەری شاریش چەندین سەرچاوەی کانیا و مێرگ و سەوزایی هەبووە، ناودارترینی کانی ئاسکان و سەرچنار بووە.

ئەمەش پێمان دەڵێت هەر لەگەڵ دروستبوونی شاردا هاوینەهەواری سەرچنار شوێنی پشوودان و کۆکەرەوەی دانیشتوانی شاربووە، هەروەها زۆرێک لە شاعیرە پێشەنگەکانی کورد، وەک نالی، سالم و پیرەمێد، لە هۆنراوەکانیاندا وەسفی جوانی و سرووشتە دڵڕفێنەکەی ئەو هاوینەهەوارەیان کردووە.

پۆڵا ئیسماعیلە
پۆڵا ئیسماعیلە

یەکێک لەو کەسانەی کە ڕۆحی ئاوێتەی سەرچنار کردووە پۆڵا ئیسماعیلە، کە دانیشتوی گەڕەکی سەرچنارە، وەک خۆی ئاماژەی پێدەدات، هەموو ڕۆژێک سەردانی ئەو سرووشتە دڵگیرە دەکات و دەڵێت: لە تەمەنی چوار ساڵییەوە لە گەرەکی سەرچنار نیشتەجێین، لە ڕابردوودا تاموچێژێکی تایبەتی هەبووە، خەڵکێکی زۆر لە ناوەوە و دەرەوەش ڕووی تێدەکرد.

ئەو دەشڵێت: ئاوێکی زۆری هەبوو بەڵام لە ئێستادا بەهۆی کەمی باران هەڵقوڵانی ئاو زۆر کەمبووە، ئەمەش لە ڕووی گەشتیارییەوە کاریگەریی لەسەر هاوینەهەواری سەرچنار دروستکردووە و سەردانیکەرانی گەشتیار کەمبووەتەوە.

لە کاتی حکومەتی بەعس کارکردن سەختبووە ئێستا کەشێکی ئازادمان هەیە کارکردن خۆشترە.

محەمەد حەمەد ئەمین
محەمەد حەمەد ئەمین

هەروەها محەمەد حەمەد ئەمین ساڵانێکی زۆرە لە هاوینەهەواری سەرچنار لە یەکێک لە کۆشکە بچووکەکاندا کاری چایچێتی دەکات، ئەو لە ساڵی ١٩٧٨ـەوە تاوەکوو ئێستا بەبێ دابڕان لە هاوینەهەواری سەرچنارە و هاوڵاتییان دێنە لای و کاتێکی خۆش بەسەر دەبەن، ئەو دەڵێت: لە کاتی حکومەتی بەعس کارکردن سەختبووە ئێستا کەشێکی ئازادمان هەیە کارکردن خۆشترە.

ئەوەی جێگەی نیگەرانییە لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە وەک پێویست خزمەت نەکراوە.

ئامانج ئیسماعیل
ئامانج ئیسماعیل

ئامانج ئیسماعیل بە خێزانی لە ڕەواندزەوە سەردانی هاوینەهەواری سەرچناریان کردووە و دەڵێت: سەرچنار لایەنێکی گرنگی ڕۆحییە بۆ خەڵکی سلێمانی، بۆ ئێمەش وەک گەشتیارێک شوێنێکی دڵگیرە، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە وەک پێویست خزمەت نەکراوە.

ئ پ

Comments are closed.