“دەمانەوێت سەرنج و دیدی کۆمەڵگە بەرانبەر ئیرادەی خاوەنپێداویستی تایبەت بگۆڕین”

سلێمانی

لێپرسراوی ڕاگەیاندن و پەیوەندی کۆمەڵەی ڕۆژ ڕایگەیاند، دەمانەوێت سەرنج و دیدی کۆمەڵگە بەرانبەر ئیرادەی خاوەنپێداویستی تایبەت بگۆڕین، لێپرسراوی بەشی هونەری ڕێکخراوەکەش دەڵێت: بەبۆنەی یادی دامەزراندنی ڕێکخراوەکەمانەوە پەردەمان لەسەر یەکێک لە کارە هونەرییەکان لابرد، کە گوزارشت لە ژنێکی خاوەنپێداویستی تایبەت دەکات.

لە یادی دامەزراندنی ٣٣ ساڵەی کۆمەڵەی ڕۆژ لە شاری سلێمانی، بە دەستپێشخەری کۆمەڵەی ڕۆژ و سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان چەند چالاکییەکی هونەریی و میوزیک و شانۆیی ئەنجامدرا.

دلێر جەباری
دلێر جەباری

دلێر جەباری، لێپرسراوی ڕاگەیاندن و پەیوەندی کۆمەڵەی ڕۆژ ڕایگەیاند، وەک کۆمەڵەی ڕۆژ دەمانەوێت سەرنج و دیدی کۆمەڵگە بەرانبەر ئیرادەی خاوەنپێداویستی تایبەت بگۆڕین، چونکە هەندێک جار کەسێکی خاوەنپێداویستی تایبەت لە مرۆڤێکی تەندرووست بە تواناترە.

وتیشی: لەو چوارچێوەیەشدا ئەمڕۆ پەردە لەسەر یەکێک لە پەیکەرەکانی ئەڤین سابیر، کە خۆی ژنێکی خاوە پێداویستی تایبەتە لادرا، پەیکەرەکە گوزارشت لە ژنێکی خاوەنپێداویستی تایبەت دەکات.

ئەڤین سابیر
ئەڤین سابیر

ئەڤین سابیر، لێپرسراوی بەشی هونەریی ڕێکخراوەکە دەڵێت: ئەمڕۆ وەک سیمایەک بە بۆنەی یادی دامەزراندنی ڕێکخراوەکەمانەوە پەردەم لەسەر یەکێک لە کارە هونەرییەکانم لابرد، کە گوزارشت لە ژنێکی خاوەنپێداویستی تایبەت دەکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەمووان پێکەوە لەم ڕێکخراوەدا هاوکاردەبین تاوەکوو ئەو کەسانەی تا ئێستاش لەماڵ نەهاتونەتە دەرەوە بیاندۆزینەوە بەیەکەوە هاوکاری یەکبین.

هاوکات، لەلایەن ئەندامانی ڕێکخراوەکەوە شانۆگەرییەک نمایشکرا، کە دەرهێنەرەکەی ئاسۆ نورییە، لەگەڵ ئەوەی خاوەنپێداویستی تایبەتە، هاوکات خاوەنی ٢٣ کاری شانۆییە و لە چەندین فێستیڤاڵدا بەشداریی کردووە.

ئـ.پـ

Comments are closed.