ڕاپەڕین
فرمێسک ڕزگار چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان دەڵێت: توندوتیژی دژی ژنان کێشەیەکی کۆمەڵایەتیی جدییە و دەڤەری ڕاپەڕینیشی گرتووەتەوە، کارەکانی ڕێکخراوەکانی ژنان لە ناوچەکەدا لە ئاست پێویست نییە، داوا لە ژنانیش دەکات لە ڕێگەی پەروەردەیەکی درووستەوە دەستکەوتی باش بەدەستبهێنن.
بەپێی نوێترین ڕاپۆرتی رێکخراوی هاریکاریی یاسایی ژنان، لە ساڵی ٢٠٢٤ـدا لە هەرێمی کوردستان ١٣ هەزار و ١٧ سکاڵای توندوتیژی دژی ژنان و خێزان تۆمارکراوە، کە تەنها لە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین ٨٥٠ سکاڵا تۆمار کراوە و بە بەراورد بە ئیدارە سەربەخۆکانی دیکەی هەرێم لە پلەی دووەمی توندوتیژییەکاندایە، لەو بارەیەوە فرمێسک ڕزگار چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.
فرمیسک ڕزگار لە سەرەتای قسەکانیدا تیشک دەخاتە سەر هۆکارەکانی توندوتیژی دژی ژنان و ئاماژە بەوە دەکات، ئەوە کێشەیەکی کۆمەڵایەتیی جدی و بەردەوامە و دەڤەری ڕاپەڕینیشی گرتووەتەوە، هۆکارەکانیش بریتین لە، قەیرانی ئابووری، بیکاری، هەژاری، باری دەروونیی، ڕۆشنبیری و ژینگەی کۆمەڵایەتیی پاڵنەری سەرەکین و کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر بەرزبوونەوەی ئاستی توندوتیژییەکان هەیە.
سەبارەت بە ڕۆڵی مامۆستایانی ئاینی، فرمێسک ڕزگار نیگەرانیی خۆی نیشاندا بەرانبەر بە هەندێک وتار کە هانی پیاوان دەدەن بۆ توندوتیژی، داوا لە حکومەت و وەزارەتی ئەوقاف دەکات ڕێگری لەو جۆرە وتارانە بکەن و نەهێڵن مینبەرەکان بۆ بڵاوکردنەوەی هزری توندوتیژانە دژی ژنان بەکاربهێندرێن، دەشڵێت: کۆمەڵێک ڕێکخراوی ژنان کار بۆ دۆزی ژن دەکەن، بەڵام بەهۆی بەرفراوانبوونی ناوچەکە، کارەکانیان لە ئاستی پێویستدا نییە.
فرمیسک ڕزگار چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان پێی وایە، پێویستە ڕێکخراوەکان هەماهەنگییەکی بەهێزتریان لەگەڵ حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان هەبێت بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوەیەکی کاریگەرتر خزمەتی ژنان بکەن و بەرنامەکانیان جێبەجێ بکەن، جەخت لەوە دەکاتەوە ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی تەنها ئەرکی حکومەت نییە، بەڵکو پێویستە تاکەکانی کۆمەڵگەش هەوڵی گۆڕینی دابونەریتە کۆنەکان و نەهێشتنی سیستەمی پیاوسالاری بدەن.
لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ ڕۆژنیوز داوا لە ژنان دەکات هۆشیار بن و لە ڕێگەی پەروەردەیەکی درووستەوە دەستکەوتی باش بەدەستبهێنن و لە خۆکوشتن و خۆسووتاندن دووربکەونەوە، کە چارەسەر نین، لەبری ئەوە سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بکەن بۆ وەرگرتنی پشتیوانیی یاسایی و کۆمەڵایەتی، هەروەها کوشتنی ژن بە بیانووی “شەرەف” بە تاوانێکی قێزەون وەسف کرد و وتی: شەرەفی ژن و پیاو یەکسانە، ئەگەر هەڵەیەک ڕووبدات هەردوولا تێیدا بەشدارن و چارەسەر ڕێنمایی و لێک تێگەیشتنە، نەک کوشتن.
س.خ
Comments are closed.