مەڕاسیمی ناساندن و بڵاوکردنەوەی دوو پەرتووک لە ڕانیە بەڕێوەچوو

ڕانیە

لە ڕانیە مەڕاسیمی ناساندن و بڵاوکردنەوەی پەرتووکی “باشوری کوردستان، کوردەکان بۆچی تورکەکانیان هێنایەوە نیشتیمانی خۆیان؟” و پەرتووکی شیعریی “هەڵە ژیاین” بەڕێوەچوو.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە ناوەندی کلتووری و هونەریی ڕاپەڕین، لە شارۆچکەی ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕۆشنبیران، نووسەران و هاوڵاتییانی دەڤەرەکە، ڕێوڕەسمێک بۆ ناساندنی دوو پەرتووکی نوێ بەڕێوەچوو.

لە ڕێوڕەسمەکەدا، سەرەتا تیشک خرایە سەر پەرتووکی “باشووری کوردستان، کوردەکان بۆچی تورکەکانیان هێنایەوە نیشتیمانی خۆیان؟” لە نووسینی نووسەر و ڕۆژنامەنووس، ڕەسوڵ بۆسکێنی و نووسەر لە پەرتووکەکەیدا بە شێوەیەکی شیکاری و مێژوویی، باس لە هۆکار و دەرەنجامەکانی هێنانی سوپای تورکیا بۆ ناو خاکی باشووری کوردستان دەکات و ڕۆڵی هێزە سیاسییە کوردییەکان لەو لەشکرکێشییە دەخاتەڕوو.

هەر لەو ڕێوڕەسمەدا، پەرتووکی شیعریی “هەڵە ژیاین”ـی شاعیر جەبار عەزیز ناسێندرا. ئەم کۆمەڵە شیعرە گوزارشتە لە ئازار و دڵەڕاوکێکانی مرۆڤی کورد لە سەردەمی ئێستادا و ڕەخنە لە دیاردە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان دەگرێت کە بوونەتە هۆی ئەوەی تاک هەست بکات بەوەی “هەڵە” ژیاوە.

دواتر، نووسەران کورتەیەکیان لەبارەی بەرهەمەکانیانەوە پێشکەش کرد و ئاماژەیان بەوەدا کە ئامانج لەم دوو بەرهەمە، وروژاندنی پرسیاری جدییە لەسەر مێژوو و ئێستای کۆمەڵگەی کوردی.

ڕێوڕەسمەکە بە گفتوگۆ و پرسیاری ئامادەبووان کۆتایی هات و ئەم دوو پەرتووکە وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ دەوڵەمەندکردنی پەرتووکخانەی کوردی و جوڵەی فیکریی لە دەڤەرەکەدا وەسف کرا.

ب.گ

Comments are closed.