هەڵەبجە
شەرمین نەوشیروان ژنێكى دانیشتووى شارۆچكهى خورماڵه و لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی بەرهەمە خۆماڵییەکان بووەتە خاوەن ئابوورییەکی سەربەخۆ، وەك خۆشی دەڵێت: ژنان دەستێکی باڵایان هەیە لە کارکردندا.
هەورامان و هەڵەبجە یەکێکن لەو ناوچانەی هەرێمی کوردستان، کە زۆرترین دەستی کاری ژنانی تێدایە و سەرەڕای ئاستەنگییەکانی بەردەمیان بە توانا و هەوڵەکانی خۆیان توانیوویانە ئابووری سەربەخۆ بۆ خۆیان دابین بکەن و لە هەمانکاتدا هەوڵیانداوە دەرفەتی کارکردن بۆ ژنانی دیکەش بڕەخسێنن.
یەکێک لەوانەش ژنێكی دانیشتووی شارۆچکەی خورماڵه له سنوورى پارێزگاى ههڵهبجه بە ناوی “شەرمین نەوشیروان” کە ماوەی سێ ساڵە دەستی کردووە بە درووستکردنی شهكرى كڵۆكراو بە ١٣ تامی تایبەت وهك كاكاو، نیسكافه و گوێز دارچینى، بهرههمه خۆماڵییەکانی وهك ڕوبه ههنار، دۆشاوى توى تهڕ و وشك، دۆشاوى ترێ، زهیتى بادهم و زهیتون، بنێشتى كوردیی و ترشى سماق.
ئەو ژنە فرۆشیارە لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت: کارگەیەکی بچووکم داناوە بەو ئامانجەی، کە بتوانم زۆرێک لە بەرهەمە خۆماڵییەکان درووست بکەم و پاڵپشتی کەسانی دیکەش بکەم وەک ڕەخساندنی دەرفەتی کارکردن.

شەرمین نەوشیروان لە ماوەی کارکردنەکەیدا متمانهیەكی باشى لاى كڕیارهكانى درووست كردووه و لەسەر خواستی کڕیارەکانی بەرهەمەکانی بەرهەم دەهێنێت و هەر وەک خۆی ئاماژە بەوە دەکات، بەرهەمهێنانی بەردەوامی بەرهەمە خۆماڵییەکان پەیوەستە بە متمانەی کڕیارەوە، بەڵام هەندێک جار بەرهەمەکان لە بازاڕەکاندا بەشێوەیەک دەفرۆشرێت متمانە لای کڕیار کەمدەکاتەوە، بەرهەمەکانیشم بۆ وەرگرتنی چارەسەریش بەکارهێندراوە، تەواوی بەرهەمەکانم ڕێگە پێدراوی تەندرووستیی هەیە.
ئەو ژنە فرۆشیارە سەبارەت بە کارکردنی ژنان وتی، ژنان لە سنووری هەورامان جیاواز لە شوێنەکانی دیکە دەستێکی باڵایان هەیە لە کارکردن و خاوهن پرۆژهى تایبهت بهخۆیانن، هەروەها لەلایەن خێزانەکانیانەوە پاڵپشتی دەکرێن، بەربەستەکانیان شکاندووە.
سـ.خـ
Comments are closed.