درۆنەکان خەریکە هەرێم دەکەنە مەیدانى جەنگێکی ڕانەگەیەندراو

ناوەندی هەواڵەکان

هێشتا ئاگری جەنگی ئیسرائیل و ئێران لەسەر ناوچەکە نەکوژاوەتەوە، خەریکە جەنگی درۆنەکان لەناو ماڵی عێراقەوە دەستپێدەکات، بەڵام ئەمجارەیان جەنگەکە برووسکەکەی لەناو خۆی عێراقەوە بەرزبووەتەوە و دووکەڵەکەشی لە هەرێمی کوردستانە.

کاتژمێر ۱۰و ۳۰ خولەکی شەوی ٣ـی ئەم مانگە دوو درۆنی خۆکوژی ئاڕاستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و بنکەی سەربازی هاوپەیمانان لە فڕۆکەخانەی کۆنی هەولێر کران، بەڵام لەلایەن سیستەمی بەرگری هاوپەیمانان خرانە خوارەوە و تێکشکێندران.

هەر شەوی ٣ـی ئەم مانگە درۆنێکی دیكە ئاڕاستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کەرکووک کرا و لە دەرەوەی فڕۆکەخانە لە نێوان گەڕەکەکانی بەدر و حەمزەلی شاری کەرکووک و گوندی بڵاوە خرایە خوارەوە و دەرکەوت درۆنەکە بۆمبڕێژکراوە.

ڕۆژی ٢ـی ئەم مانگە کاتژمێر ١:٣٠ خولەک درۆنێک لە نزیک گوندی سەیدەی ماڵەڵا لە نێوان شارەدێی سەرقەڵا و کۆکسی شارۆچكەی کفری لە سنووری ئیدارەی گەرمیان کەوتەخوارەوە درۆنێکی گەورەی پێشکەوتوو بووە و دوو مووشەکی بۆردوومان کردنی پێبووە، لە کاتی کەوتنە خوارەوەیدا نەتەقیوەتەوە، درۆنەکە درێژی دوو مەتر و نیو تا سێ مەتر و پانییەکەی دوو مەتر بووە.

پێدەچێت توشی کێشە بووبێت و کەوتبێتە خوارەوە، شوێنەواری پێکان و تەقەکردن لێی پێوە نەبووە، درۆنەکە لەلایەن تیمێکی تایبەتەوە هەڵگیراوەتەوە و بۆ سلێمانی گواستراوەتەوە و لەسەر ئاستی باڵا و هاوپەیمانان بەدواداچوونی بۆ دەکرێت.

رۆژی ١ـی ئەم مانگە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە کامپی دەرکارێ لە سنووری شارەدیی دەرکارێی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کەوتە خوارەوە، جگە لە زیانی ماددی، هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە، بۆ شەوەکەشی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە سلێمانی کەوتنە خوارەوە، کە یەکێکیان لە تاسڵوجە و ئەوەی دیکە لە فەرماندەیی هێزەکانی ٧٠ بوو، هەردوو درۆنەکە خرانە خوارەوە.

کەرکووک و پاڵاوگەی بێجیش بەشێک بوون لە ئامانجی هێرشەکان و ٣٠ـی مانگی ڕابردووش چەند درۆنێکی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر کەرکووک و پاڵاوگەی بێجی و ئەوانیش خرانە خوارەوە و هیچ زیانێک بەر پاڵاوگەکە نەکەوت، تاوەکو ئێستا دیارنییە بکەری ئەو هێرشە کێ بووە و ئەمە یەکەمجاریش نییە هێرش دەکرێتە سەر ئەو پاڵاوگەیە، بەڵام هەندێک گرووپی چەکدار هەن لەو ناوچەیەدا باڵادەستن،کە پاڵاوگەکەی تێدایە.

لە رۆژی ٢٢ـی  مانگی ڕابردووش لە نزیک گوندی دارەبەنی سەر بە پارێزگای هەولێر، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو تێکشکێندران و خرانە خوارەوە؛ هیچ زیانێکی ماددی و گیانییان لێ نەکەوتەوە، لە ماوەی ١٢ ڕۆژی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێرانیش درۆنەکان وەک ڕیشۆڵە لە ئاسمانى هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەوتنە خوارەوە، بەڵام بێ زیانی گیانى بوون.

هەموو ئەو درۆنانەى، کە لە دوای ئاگربەستى شەڕی ئیسرائیل و ئێران ئاڕاستەى هەرێم دەکرێن، کەس نازانێت ئەم درۆنانە هێ کێن و لە کوێوە دێن، بەڵام هەمووان پەنجە بۆ گرووپە ملیشیا شیعەکان درێژ دەکەن و  پێیانوایە ئەوانن لە پشت ئەو هێرشانەوەن، بەڵام هێشتا ئەمە هەر بۆچوونە و هیچ بەڵگەیەک دەست نەکەوتووە، کە ئەو گرووپانە بن.

لەسەر هەموو ئەو هێرشانەى بە درۆن دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان لیژنەى لێکۆڵینەوە پێکهێندراوە، بەڵام تا ئێستا ئەو لیژنانە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیان ئاشکرا نەکردووە، کە ئەو درۆنانە لە کوێوە ئاڕاستە کراون و لەلایەن کێوە ئەنجام دراوە، بەڵام زۆرینەى پێشبینی و بۆچوونەکان تا ئەم ساتە لەسەر گرووپە ملیشیا عێراقیەکان کۆبوونەتەوە، دواتریش ئێران.

هەندێک پێیانوایە ئەم هێرشە درۆنییانە بۆ فشار خستنە سەر هەرێمی کوردستانە، تاکو مل بۆ داخوازییەکانى عێراق بدات، هەندێکی دیکەش پێیانوایە پەیوەندی بە هەلبژاردنى عێراقەوە هەیە و پەیوەستە بە ناکۆکی ناو ماڵی شیعە و گرووپە چەکدارە شیعەکانەوە، بەشێکی دیکەش پێیانوایە ئەمە هەڕەشەی گروپەکانی شیعەیە بە فەرمانی ئێران تاکو پەیام بۆ ئەمریکا بنێرێت، بەڵام بابەتەکە هەرچی بێت ئەم هێرشانە بۆنی جەنگێکی لێوە دێت، کە لەناوخۆی عێراق هەڵدەگیرسێت.

بەشێک لە بەرپرسانى عێراق پەنجە بۆ چەتەكانی داعش ڕادەکێشن و پێیانوایە، کە هەڕەشەی چەتەكانی داعش هێشتا ماوە، یەکێک لە ئەگەرە بەهێزەکان ئەوەیە پێدەچێت بکەرانی ئەو هێرشانە چەتەكانی داعش بن، چونکە ئەوان هێشتا جموجۆڵی سەربازییان ماوە.

چەند گرووپێکی ناو حەشدی شەعبی لە ياگەیەندراوی جیاجیادا بێبەریبوونى خۆیان لەو هێرشانە ڕاگەیاندووە و دەڵێن: هێزە چەکدارەکانى ئێمە هەوڵ بۆ ئەنجامدانی هێرشی لەو شێوەیە نادەن، بەتایبەتی لەم ساتە هەستیارەدا، خۆمان بە خاوەن ماڵ دەزانین و خاوەن ماڵیش زیان لە ماڵی خۆی نادات.

بەپێی ئامارێکی نا فەرمی، کە رۆژنیوز دەستیکەوتووە، لەماوەی ١٢ ڕۆژی شەڕی نێوان ئیسرائیل ئێران، نزیکەى ٢٠ درۆن لە هەرێمی کوردستان کەوتوونەتە خوارەوە و لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستى شەڕەکەش تا ئێستا نزیکەى ١٥ درۆن لە هەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕیندراوەكان خراونەتە خوارەوە و تێکشکێندراون.

بەپێی زانیارییەکان، کە چەند ڕۆژیکە میدیا عێراقییەکان بڵاوی دەکەنەوە، لە چەند رۆژی ڕابردوودا ئەمریکا نامەیەکی هەڕەشە ئامێز بۆ حکومەتى عێراق و گرووپە چەکدارەکان ناردووە و تێیدا هۆشداری ئەوە دراوە ئەگەر هەر جووڵەیەکی نائاسایی بکەن، ئەوا بە توندترین شێوە وەڵام دەدرێنەوە و لەناو دەبرێن.

سەرچاوە سەربازییەکانى وەزارەتى بەرگری عێراق بۆ میدیا عێراقییەکان قسەیانکردوە و دەڵێن: عێراق لە ئێستادا خاوەنى سیستەمێکی بەرگری لاوازە و لە کۆی سێ رادار، دووانیان لەکارخراون، ئەوەش لەکاتی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل، یەکێکیان لە بەغداد و ئەوی دیکە لە ناسرییە بووە، ئێستا تەنها راداری بەشی رۆژئاوا کار دەکات و ئەوەش بە تەنها ناتوانێت ڕووبەرووی مەترسی هێرشە ئاسمانییەکان ببێتەوە.

هـ.حـ

Comments are closed.