ناوەندی هەواڵەکان
ژنانی کورد لەژێر دەسەڵاتی ڕژێمی ئێران زیندانی دەکرێن و دەچەوسێندرێنەوە و لەو چوارچێوەیەشدا، ژنێکی ڕۆژنامەنووس هەشت مانگە لە زیندانی سنەدایە و لە دۆخێکی سەختدایە و لە مافە سەرەتاییەکان بێبەش کراوە.
ماڵپەری دەنگی دەستگیرکراوەکانی کورد و ئێران لەبارەی بارودۆخی ژنێکی زیندانیی سیاسیی کورد بەمجۆرە زانیارییان خستووەتەڕوو.
لە هەواڵەکەدا هاتووە، ژنێکی زیندانیی سیاسیی کورد بە ناوی ژینا مودەڕیس گورجی ماوەی هەشت مانگە لە بەشی ژنانی چاکسای زیندانی سنە بە قەدەغەکردنی توند ڕاگیراوە و ئێستا لە دۆخێکی سەختدایە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە زیندانەکەدا مافی سەرەتایی بۆ زیندانیانی سیاسیی دابین نەکراوە، پەیوەندی تەلەفۆنی و کاتی دەرەوە سنووردار کراوە و زیندانیانی سیاسی ڕووبەڕووی چاودێری توندتر دەبنەوە، لەوانە گوێگرتن لە گفتوگۆکان و قەدەغەکردنی چوونە ژوورەوەی کتێبە سیاسییەکان، تەنها یەک جار مۆڵەتی پەیوەندیکردن بە ژینا مودەڕیس گورجی دراوە.
هاوکات، ژینا مودەرێس گۆرجی ژنە ڕۆژنامەنووسی کورد و چالاکوانی مافەکانی ژنان لە سەردەمی خۆپیشاندانەکانی شۆڕشی “ژن ژیان ئازادیی” دەستگیر کرا، دواتر لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٤دا، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە تۆمەتی “بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست” سزای ٢١ ساڵ زیندانیی کردنی بەسەردا سەپێندرا و دواتر سزاکەی لە لایەن لقی ٤ـی دادگای سنە بەپێی مادەی ١٣٤، سزاکەی بۆ ١٦ مانگ زیندانی کەمتر کرایەوە.
جێگای ئاماژەیە، ژینا مودەڕس گورجی خەڵکی شاری سنە لە لایەن میدیای جیهانی “بی بی سی” وەک یەکێک لە ١٠٠ ژنە ئیلهامبەخش و کاریگەرەکانی جیهان بۆ ساڵی ٢٠٢٤ ناسێندرا.
سـ.خـ
Comments are closed.