وسام زەهرونی – بەغداد
شارەزایانی بواری ژینگە دەڵێن: تورکیا پیلانی هەیە سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق وشک بکات، دەشڵێن: کێشەی ئاو نەک بە تەنها ئاسایشی خۆراک دەخاتە مەترسی، بەڵکو کاریگەری نەرێنی لەسەر پێکهاتەی کۆمەڵگەی عێراقیش دەکات.
شارەزایانی بواری جیۆلۆژی و جوگرافیا لەبارەی پیلانەكانی دەوڵەتی تورك بە مەبەستی وشكردنی سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق بەمجۆرە بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز دەدوێن.

ئەحمەد سەرداح، شارەزا لە بواری جیۆلۆجی وتی: کێشەی ئاو بە دیاریکراوی لەمساڵدا پێی ناوەتە قۆناغێکی مەترسیدار و ئاستی ئەو ئاوەی لەلایەن تورکیاوە بەردەدرێتەوە، زۆرکەمترە لە ڕێژەی سرووشتی خۆی.
وتیشی: تورکیا بە تێکڕا ٦٠ مەتر سێجا ئاو لە چرکەیەکدا بەردەداتەوە، ئەو بڕەش زۆر کەمە بۆ وڵاتێکی وەک عێراق، کە پشت بە کشتوکاڵ دەبەستێت و چڕی دانیشتووانی بەرزە ئەوە سەرباری ئەوەی بەگوێرەی ڕێکەوتنی هەردوو وڵات، دەبێت ٣٢٠ مەتر سێجا لە ئاوی دیجلە و ٣٥٠ مەتری دیكە لە ئاوی فورات بەربداتەوە، بەڵام ڕۆژی ڕابردوو ئەو بڕە تەنها ١٢٠ مەتر بوو، بۆیە چاوەڕێ دەکەین لە دوو ڕۆژی داهاتوودا ئەو بڕە زیاتری بکات.
ئەو پسپۆڕە هۆشداریشیدا و دەشڵێت: تورکیا دەیەوێت لە ڕێگەی زیادکردنی ژمارەی بەنداوەوەکانەوە دەست بەسەر سەرچاوەی ڕووبارەکاندا بگرێت، گەورەترینیان بەنداوی ئیلوسوە، کە ئاوی ڕوباری دیجلەی بە تەواوی کەمکردووەتەوە، بەڵام بەنداوی ‘جیزرە، کە بڕیارە دوو ساڵی دیكە تەواو بکرێت، بەڕەهایی ئاوی هەردوو ڕووبارەکە وشک دەکات.
دەشڵێت: کێشەکە تەنها لەسنووری تورکیا نییە، بەڵکو کێشەی ناوخۆیی و نەبوونی پلانی ستراتیژی بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان و بەهەدەردان و زیادەڕۆیی لەسەر ڕووبارەکانی دیجلە و فورات لەناوخۆی عێراقیش ئاستەنگی گەورەن لەبەردەم سەقامگیری لە بەدەستخستنی بڕە ئاوی پێویست بە مەبەستی بوژاندنەوەی پڕۆژەكان.
ڕاشیگەیاند: قەیرانە دەرەکییەکان لەسەر سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق درێژکراوەی قەیرانە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتەن، لاوازی حکومەت و نەبوونی یاسایەکی توندوتۆڵ و پابەندنەبوونی هەندێ لایەن کاریگەری نەرێنیان هەبووە لەسەر ڕەوشەکە و ڕێگە بۆ وڵاتانی دراوسێ خۆش دەکەن، کە سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق قۆرخ بکەن.

هەروەها زەینەب ئەمین، شارەزا لە بواری جوگرافیایی دانیشتووان بە ڕۆژنیوزی وت: کاتێک باس لە گەورەترین کێشەکان دەکەین، هەمیشە کێشەی ئاو یەکەم لە ڕیزبەندی یەكەمدایە.
وتیشی: کێشەی کەمی ئاو کاریگەری نەرێنی هەبووە لەسەر ئاسایشی خۆراک و بووەتە هۆی کۆچی ناوخۆیی لە گوندەکانەوە بۆ شارەکان، کە ئەوەش دواجار دەبێتە هۆی درووستبوونی هەڵاوسان لە شارەکان و کەمی خزمەتگوزاری و کەڵەکەبوونی کێشەکانی کۆمەڵگەی عێراقی.
ئاماژەی بەوەشكرد: پێشێلکارییەكانی دەوڵەتی تورک لە بواری ئاو و تاکڕەوی لە بوونیادنانی پرۆژە ئاوییەکان لەسەر ڕوبارەکان، بەتایبەتی بەنداوی ‘ئیلوسو’ تەنها کاریگەری لەسەر عێراق هەبووە و دەبێت بە جدی هەڵوێست لە دژی نیشان بدرێت، لەبەر ئەوەی بە پێچەوانەی کەشوهەوای تورکیا، عێراق تەنها پشت بە ئاوی ڕوبارەکان دەبەستێت.
نـ.مـ
Comments are closed.